به‌په‌له

ورمێ لەنێوان ئازەری بە پشتیوانی باکۆ و ئەنقەرە، کورد بە خۆ ئامادەکردنی پژاک

قەندیل پرێس – راپۆرتی شیکاری

دوای دەیان ساڵ لە ئیدارەدانی ناکۆکیەکان ناوچەی باکووری ڕۆژئاوای ئێران (ئازەربایجان) لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەو ناوچەیە بە دیاریکراوی ورمێ وەک بەشێک لە رۆژهەلاتی کوردستان دەبێتە چەقی گۆڕانکاریەکان و هاوکێشە هەرێمایەتیەکان، کە مەترسی گەورە بۆ سەر کورد دروست دەبێت. بە جۆرێک کۆماری ئازەربایجان و تورکیا بە بەڕنامەی جیا و بە گوتاری پان-تورکیزم لە هەوڵی پێکەوەبەستنی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دان بۆ بە یەکگەیشتنی هێڵی باکۆ و ئەنقەرە، لە بەرامبەردا پەکەکە بە گواستنەوەی گەریلاکانی لە باکور و باشوری کوردستان بەرەو ڕۆژهەڵات لەنێو ریزەکانی “پژاک“ دا رووبەری ئەم پیلانەی باکۆ و ئەنقەرە دەبێتەوە.

لە دەیان ساڵی ڕابردوودا ناوچەی باکووری ڕۆژئاوای ئێران بووەتە یەکێک لە گرێ جیۆپۆلەتیکییە هەستیارەکان و یارییەکانی دەسەڵاتی ناوچەیی؛ کە شۆناسی ئازەرییەکانی ئێران نەک هەر وەک پرسێکی کولتووری یان زمانەوانی، بەڵکو وەک مەیدانی ململانێی سیاسی و کەرەستەی دەستێوەردانی دەرەکی بەکاردێت.
کۆماری ئازەربایجان بە پەیوەندییە ئەمنییە قووڵەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و تورکیا، بە سیاسەتە فرە‌‌چین و بە ئامرازکردنی گروپە ئیسلامییەکان، هەردووکیان بە هاندانی گوتاری پان‌تورکی و فراوانکردنی کاریگەریی ئایدیۆلۆژی هەوڵدەدەن نفوزی خۆیان لەم بوارەدا قووڵتر بکەنەوە.
هاوکات حکومەتی ئێران بە دژایەتییە درێژخایەنەکانی لە سیاسەتی نەتەوەیی و ناوەندگەراییدا زەمینەی بۆ نفوزی دەرەکی لە لایەک و سەرکوتکردنی داواکارییە ناوخۆییەکان لە لایەکی دیکەوە ئامادە کردووە.
قەندیل پرێس لەم ڕاپۆرتە بنکۆڵکاریەدا لەسەر تێزی زانیاری و شیکاری هەوڵ دەدات نیشان بدات کە چۆن سیاسەتی دووانە و دژبەیەک لە ئاستی ناوچەیی و ناوخۆدا ناسنامەی ئازەرییەکانی ئێرانی کردووە بە ئامرازێک بۆ پڕۆژەی توندڕەوی ناسیۆنالیستی، ئەمنی و جیۆپۆلەتیکی، کە دەرئەنجامەکانی دەتوانێت پێکەوەژیانی نێو نەتەوەیی بخاتە مەترسییەوە.

ئازەربایجانەکان، مەیدانێکی گرژی و ئاڵۆزی نێوان تورک و کورد
کێبڕکێی سیاسی کورد و ئازەری لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ) و ڕۆژهەڵات(تەوریز) تەنیا گرژییەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەندازیاری ناسنامەی دەوڵەت سەنتەرە لە ئێراندا. لەم پێکهاتەدا دەوڵەت بە یەکەمایەتیدان بە ناسیۆنالیزمی تورک مەرکەزی لە تەورێز و ڕوانگەیەکی ئەمنی بەرامبەر بە کورد لە ورمێ، دوو جەمسەری سیاسی دژ بەیەک دروست دەکات.
لە لایەک ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات وەک ناوەندی کێشکردنی تورکەکانی ئێران بەهێزتر دەبێت؛ لە لایەکی ترەوە کوردەکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووچاری دوو گوشاری ئەمنی و سیاسی دەبنەوە. ئەم سیاسەتەی “دابەشکردن و کۆنترۆڵکردن”، کێبڕکێی سیاسیی کردووە بە دابەشبوونێکی قووڵتری نەتەوەیی- جوگرافی نەک یەکگرتن، کە هەم بەشداری سیاسی سنووردار دەکات و هەم دادپەروەری فەزایی و ناسنامەیی دەشێوێنێت.

دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە کورد و ئازەرییەکان
سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە کورد و ئازەری دووانە، پلەبەندی و ئامرازییە لە کاتێکدا کورد جوڵەی سیاسی بەهێز بێت رێگە بۆ ئازەریەکان کراوەتر دەبێت، هەر کاتێک دەوڵەت هەست بە بەهێزی و کاتگەری ئازەریەکان بکات بەربەستیان بۆ دروست دەکات، لە نمونەی سەرکەوتنی دوو نوێنەری کورد لە کۆی سێ ئەندام لە پەرلەماندا لە هەڵبژاردنی رابردوودا. ئازەرییەکان وەک دانیشتوویەکی زۆرینەی شیعە، تێکەڵ بە پێکهاتەی دەسەڵات بوون، بەڵام زیاتر وەک ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە ڕژێم بەکاردەهێنرێن نەک وەک پشکێکی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا. لەبەرامبەردا کورد کە بەشێکی زۆریان سوننەن، نەک هەر لە دەسەڵات دوورخراونەتەوە بەڵکوو وەک “هەڕەشەی ئەمنی” هەمیشەیی ڕووبەڕووی سیاسەتی سەرکوتکردن و میلیتاریزەکردن و پەراوێزخستن دەبێتەوە. ئەم دووانەیە بە ناسنامەی ئایینی سووتەمەنی نییە، بەڵکو بە لۆژیکی هەژموونی سیاسی، واتە ڕاکێشانی ئازەرییەکان بۆ بەهێزکردنی جەستەی ڕژێم و ڕاکێشانی کورد بۆ کۆنترۆڵکردنی پەراوێز و سنووردارکردنی داواکارییە دیموکراسیەکان.

جۆلانی پان‌تورکیزمی ناوخۆیی و دەرەکی لە ورمێ
ئەمڕۆ تەورێز تەنیا ناوەندێکی شارستانی نییە، بەڵکو هەژموونی ناسیۆنالیزمی تورکیە، یان بە واتایەکی دیکە پەناگەی پان تورکیزم لە ئێراندایە؛ خاڵێک کە دەسەڵاتی گوتاری و ڕێکخراوەیی و تەنانەت دەروونیش لێیەوە هەناردەی شارەکانی دیکەی ئێران دەکرێت، لەوانەش ورمێ.

لە لایەکی دیکەوە تورکە ئازەرییەکان بە دوو سەرچاوەی دەسەڵات لە یەک کاتدا خۆراکیان پێدەدرێت، ئەوانیش لە لایەک پشتیوانی تەواوی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ئەمنی و ئابووری و سیاسی و لە لایەکی دیکەوە پشتیوانی ئایدیۆلۆژی و جیۆپۆلەتیکی پان تورکیزم لە تورکیا و کۆماری ئازەربایجان.
ئەم دۆخە جۆرێک لە “پان تورکیزمی دەوڵەتی”ی خوڵقاندووە کە لەگەڵ پارتە تورکییەکان کە بنکەکانیان لە ئەنقەرە و باکۆ هاوئاهەنگە و لە کوردفۆبیای خۆیان و نەهێشتنی کولتووری کورددا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ناو ئێراندا سەریەک دەخەن. ئەم پێکهاتە دوو قاتە دەسەڵاتییە فەزای پێکەوە ژیانی لە ورمێ و شوێنەکانی دیکەی کردووە بە کێبڕکێیەکی توندوتیژ و نایەکسانی شوناس.

جۆلانی گەریلاکانی پژاک و نایەکسانی گوتاری لە ورمێ
لە ورمێ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی فەرمی، لە نێو توێژێکی کورددا، مەرج نییە وەک ڕێکخراوی سەربازی، بەڵکو وەک هەڵگری بیرۆکەی دادپەروەری، ئاشتی و خۆبەڕێوەبەری، کاریگەریی گوتارییان هەیە.
ئەم ڕژانە چارەسەرە ناتوندوتیژ و دیالۆگەکان دەناسن و بە دژایەتی ناسیۆنالیزمی تایبەت مامەڵە دەکەن.
هاوکات دوای پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، خۆ هەلوەشاندنەوەی پارتی کرێکاری کەردستان (پەکەکە) و دانوستاندنی هێزەکانی سوریا دیۆکراتیک (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، لە کوتا هەنگاودا پەکەکە بڕیاری کشانەوەی گەریلاکانی دا لە باکوری کوردستان و هەرێمی زاپ لە بادینانی باشوری کوردستان، ئیستا ئەو گەریلایانە روویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بە تایبەتی لە ماکۆ، سەلماس و خوێ و ورمێ و ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ هەر مەترسیەک لە لایەن گرووپە ئازەریە راسیزمەکان کە لەلایەن تورکیا و کۆماری ئازەربایجانەوە پاڵپشتیان لێدەکرێت.
جموجوڵی گەریلاکانی یەرەکە – پژاک بێ جگە لە رێگری لەبەردەم پیلانەکانی باکۆ و ئەنقەرە، ئەو هێڵەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماکۆ، سەلماس، خوێ و ورمێ بەرەو رووی قەرس، وان و ئاگری لە باکوری کوردستان – تورکیا بۆ پەکەکە لە ئەگەری بە هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی ئاشتیدا کۆریدۆرێکی سەربازی گرنگە بۆ هاتوچووکردن و چالاکی سەربازی دوای ئەوەی هەرێمەکانی زاپ لە سنوری باشور و باکوری کوردستان کەوتنە بەردەم هێرشی بەهێز و گەورە.

لەبەرامبەردا تورکیا پەروەردەی سەربازی بە نێزیکەی نۆ هەزار چەکداری ئازەری و بیانی داوە لە تورکیا کە بەبیانوی گەشتیاری و خوێندن روویان لەو وڵاتە کردبوو و لە کاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا زیاتر لە چوار هەزار چەکدار لە شاری وان و قەرسی سنوری باکوری کوردستان – تورکیا بە رووی ورمێ رۆژهەڵاتی کوردستان – ئێران لە ئامادە باشیدا بوون.
هاوکات لە کۆمەڵگەی هەمەچەشنی ورمێدا، ڕەوتی هاوتا بۆ ئەو جۆرە هەڵوێستە سازشکارانە نییە؛ زۆربەی هێزە کاریگەرەکان خۆراکیان لە گوتاری پان تورکیزمی شەڕانگێزانە، هاوتەریب لەگەڵ پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) و سەرکردە توندڕەوەکانی وەک باخچەلی.
ئەم نایەکسانییە گوتارییە ئەوە دەردەخات کە لە پێکهاتەی کێبڕکێی ناسنامەی ورمێدا کورد هەڵگری پۆتانسێلی وتووێژی سیاسییە و تورکەکان بە هۆی پێکهاتە و ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی باڵادەستەوە هێشتا لە دوژمنایەتیدا چەسپاوە.

لە لایەکی دیکەوە، حیزبەکانی دیکەی کورد لە ڕۆژهەڵات، لە مامەڵەکردن لەگەڵ ناوچەی ورمێ، سیاسەتی ناڕوون پەیڕەو دەکەن، دانیشتوانی کوردی ورمێ لە ئەجێندای سیاسیاندا پێگەیەکی ناڕوونیان هەیه. وەها ڕێبازێک شەرعیەتی ئەو حیزبانە لە نێو کوردانی ورمێدا لاواز دەکات و پانتایی بۆ کاریگەریی جەریانی دیکە و زلهێزە ناوچەییەکان دەڕەخسێنێت.
لە لایەکی دیکەوە گرووپە جۆربەجۆرەکان بە تایبەت حکوومەتی ناوەندیی ئێران یان ئۆپۆزیسیۆنی شاهانەی ڕاستڕەو، تەنانەت دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، جۆرێک لە سیاسەتی تۆقاندن لە دڵی دوو نەتەوەی کورد و ئازەریدا پەیڕەو دەکەن.

یاریکردن بە ناسنامەی ئازەرییەکانی ئێران لە زەوییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەدا
سیاسەتی ئازەربایجان و تورکیا بەرامبەر بە ئازەرییەکانی ئێران، سیاسەتی “ئیستغلالکردنی کەرەستەیی”یە، نەک هاودەنگیی ڕاستەقینە. ئازەربایجان بە نزیکیی ستراتژیکی لە ئیسرائیل، شۆناسی ئازەری کردووە بە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نفوزی ئێران و لە هەوڵی فراوانکردنی قووڵایی ستراتیجی خۆیدایە لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران.
هەروەها تورکیا بە تێڕوانینێکی هەلپەرستانە، بە گواستنەوەی هێزە ئیسلامییەکانی بە ڕەچەڵەک تورکیا بۆ ناوچەکانی وەک سوریا، ئەندازیاری دیمەنی دەسەڵاتی ناوچەکە دەکات. لە لایەکی دیکەوە ناسنامەی ئازەرییەکان لە ناوخۆی ئێران بۆتە کارتێکی جیۆپۆلەتیکی کە خزمەت بە قازانجی ئەوان ناکات، بەڵکو خزمەت بە پڕۆژە فرانتەیشناڵ و دژە ئێرانییەکانی ئەو دوو حکومەتە دەکات.

ئەم دەستێوەردانانە هەڕەشە لە پێکەوە ژیانی نەتەوەیی کورد/ ئازەری لە ئێران دەکەن و بۆشاییە ئەمنیەتی و شۆناسییەکانی ناو ئێران بەهێزتر دەکەن.

لە کۆتاییدا ئەوەی لەم شیکارییەوە دێتە ئاراوە، وێنەیەکی ئاڵۆزی ڕکابەرییە نەتەوەییەکان و یارییە جیۆپۆلەتیکیەکان و سیاسەتی ئایدیۆلۆژییە لەسەر سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران؛ کە حکومەتی ناوەندی، بە بێ کردار یان هەڵاواردنی پێکهاتەیی بەرامبەر بە داواکارییەکانی کورد، بە شێوەیەکی کاریگەر فەزای بۆ فراوانبوونی کاریگەریی تورکیا و ئازەربایجان دابین کردووە. بوون و کاریگەریی پەکەکە و پژاک لە نێو کورددا، بە جەختکردنەوە لەسەر چارەسەرە سیاسییەکان و گوتاری ئاشتی، بە پێچەوانەی گوتاری باڵادەستی ناسیۆنالیزمی تورکیا لە ناوچەکەدایە، کە بە هاوکاری ئاشکرا لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و ئازەربایجان و هەندێکجاریش بە سەریەککەوتن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، بە شێوەیەکی کاریگەر پڕۆژەیەکی هەژموونی ناوچەیی و ئینکاریکردنی هەمەجۆریی نەتەوەیی.
سیاسەتی جیاکاریی ناوەند، لە بێدەنگی یان پشتیوانی لە پان تورکیزم لە هەمان کاتدا سەرکوتکردنی کورد، نەک هەر نایەکسانی بەرهەم دەهێنێتەوە، بەڵکو هەڕەشە لە ئاسایشی بەردەوام دەکات. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دووانەی سەرکوت/سازش لەدژی نەتەوەکان و لەبری دروستکردنی میکانیزم بۆ بەشداریکردنی یەکسان، ڕێگە بدات نەتەوەگەرایی ببێتە ئامرازێک بۆ دەستێوەردانی دەرەکی، تێڕوانینی ئێران بەرەو ناسەقامگیری زیاتر و قووڵتری شوناس و دابەشکاری سیاسی دەڕوات. ئایندەیەکی دادپەروەر تەنیا کاتێک مومکین دەبێت کە سیاسەتی فەرمی واز لە پەراوێزخستن بهێنێت و دانپێدانانی دیموکراسیانەی هەموو دەنگەکان لە باوەش بگرێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب شەڕ بەردەوامە؛ هاوەنبارانە

لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید شەڕێکی سەخت روویدا و هێشتا دۆخەکە ناجێگیرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *