هەپەگە ڕایگەیاند، لە ١ـی ئادارەوە لە کاتی ڕاگەیاندی ئاگربەست بەدواوە، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەوەستاوە و بەردەوامە و دەشڵێت: هێزەکانی پەدەکەش هەوڵەکانیان بۆ گەمارۆ، بڕینی ڕێگاکان و هەواڵگریی بۆ دەوڵەتی تورک بەردەوامە.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک و پشتیوانییەکانی پەدەکە لە دوای ئاگربەستەوە، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگە بەمشێوەیەیە:
“بە بانگەوازیی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ـی شووبات، پرۆسەیەکی ستراتیژی نوێ لە کوردستان دەستیپێکرد، تەڤگەرمان بۆ ئەوەی ڕێگا لە بەردەم ئەم پرۆسەیەدا بکاتەوە و پێویستییەکانی جێبەجی بکات، لە ١ـی ئاداری ٢٠٢٥ـەوە ئاگربەستی ڕاگەیاند، دوو مانگ تێپەڕیوە، بەڵام هێرشەکانی سوپای تورک بۆ سەر هێزەکانمان نەوەستاون، ئۆپەراسیۆنەکان لە سەرتاسەری کوردستان نەوەستاون بە تایبەت لە ئەیالەتی بۆتان، گارزان، ئامەد لە باکووری کوردستان و هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکان بۆ سەر ناوچەکانی هێزەکانمان لە باشووری کوردستان بەردەوامن.
لە هێڵی گردی جودی-دەهلەشنۆ لە زاپ تا گوندی بازیان لە ڕۆژئاوای مەتینا، ڕۆژانە لە زۆر خاڵدا شەڕ لە نێوان هێزەکانی گەریلا و هێزەکانی سوپای تورکیا ڕوودەدات، لەم ماوەیەدا چەندین هەڤاڵمان بەهۆی هێرشەکانەوە شەهید بوون، کۆتا جار لە ١١ـی نیسانی ٢٠٢٥ لە گردی جودی لە زاپ، بەهۆی هێرش بە چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکەوە هەڤاڵانمان بەسێ تێکۆشین (زەهرا زەلال ئاراز) و میترا کاتۆ (سارا عەسکەری) شەهید بوون. ڕوونە کە لەناو سوپا و دەوڵەتی تورکدا بازنەیەکی شەڕخواز هەیە، کە نایەوێت پرسی کورد بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکرێت، بەڵکو دەیەوێت شەڕەکە بەردەوام بێت، بۆیە هێرشەکان بەردەوامن.
بەم پرۆسە مێژوویی و گرنگەی ڕێبەر ئاپۆ دەستیپێکردووە، هەڵوێستێکی پشتیوان و ئەرێنی لە نێو هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا سەریهەڵداوە و چەندین کەسایەتیی سیاسی بە سەرکردە سیاسییەکانی باشووری کوردستانیشەوە لێدوانی پشتیوانی دەدەن، سەرەڕای ئەم کەشوهەوا ئەرێنییە، هێزەکانی سەر بە پەدەکە هاوشانی سوپای تورک، لە کارەکانیان بۆ گەمارۆ، بڕینی ڕێگاکان و هەواڵگریی بۆ دەوڵەتی تورک بەردەوامن و وەک پێشووتر درێژەیان بەو کارانەیان داوە، بە تایبەتی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بەشێک لە ناو پەدەکە پشتگیری هەوڵەکانی بەردەوامکردنی شەڕی هەندێک سوودوەرگر، جینۆسایدکار و دوژمنانی کوردیان کرد. ئاشکرا بوو کە بە هاوتەریبی لەگەڵ ئەم هەوڵانەدا جووڵاونەتەوە.
لەو ناوچەیەی کە لە مانگی شووباتدا بۆسە بۆ هێزەکانمان دانرا و فیدایانی قارەمانی کوردستانمان هەڤاڵانمان عەگید و گۆران شەهید بوون، هێزەکانی پەدەکە لە ٢٨ـی نیسان لە نێوان گوندەکانی گوهەرزێ و بەلاڤێدا دەستیان کردوە بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی نوێ.
لەبەر پەیامە باشەکانی سەرکردەکانیان بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی نوێ، ئێمەش چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە هەڵوێستێکی ئەرێنی لە پراکتیکدا نیشان بدەن، بەڵام هەڵوێستیان لە بڕینی ڕێگای نێوان زاپ و گارە و هەوڵدان بۆ داخستنی تەواوەتی و پشتیوانیکردن لە پیلانی قڕکردن، نیگەرانی جددی بەدوای خۆیدا هێنا.
گرتنی ئەم خاڵە ستراتیجییە بەشێکە لە پلانێکی لەناوبردن و گەمارۆدان دژی هێزەکانمان ئەنجام دەدرێت کە ماوەی چوار ساڵە بە ئازایەتی لە زاپ بەرخۆدان دەکەن، فەرماندەییمان لەو گۆڕەپانە لە ٢٨ و ٢٩ـی نیسان بە هەستیارییەکی زۆرەوە بۆ ڕوونەدانی هیچ زیانیک، لە ئاستێکی بچووکدا بۆ هۆشیارکردنەوە دەستێوەردانیان کرد.
بەهەمان شێوە لە گوندی بێشیلی سەر بە مەتینا هێزەکانی سەر بە پەدەکە، لە خاڵێکدا کە بۆ هێزەکانمان بەرخۆدان لەوێ ستراتیژییە، دەستیان کردووە بە بنیاتنانی بنکەیەکی سەربازیی، ئاشکرا دەبینرێت کە هێزەکانی پەدەکە لەو ناوچەیە ئاگربەستی گەریلا وەکو فرسەتێک بۆ خۆیان دەبینن، هەوڵ دەدەن هەنگاو بە هەنگاو گەمارۆی بدەن و لە چوارچێوەی پیلانی فەرماندەیی گشتیی تورکیادا بۆ لە ناوبردن هەوڵدەدەن و دەیانەوێت گەریلا بۆ شەڕێکی فراوانتر ڕابکێشن و لە ناویان ببەن.
لەم قۆناغە مێژووییەدا، کە ئێمە لە سەروبەندی بڕیارێکی ستراتیژیداین بۆ ئایندەی گەلەکەمان و بزووتنەوەکەمان، نامانەوێت گرژی و ململانێ لەگەڵ کەس درووست بکەین، بەپێچەوانەوە دەمانەوێت لە چوارچێوەی پرۆژەی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەک کێشەکانمان چارەسەر بکەین، هێزەکانی پەدەکە کە هێزێکی کوردین، نابێت بەشداری ئەو پیلانە خراپانە ببێت کە خزمەت بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلی کورد ناکات و هەوڵی گۆڕین و تێکدانی تەڤگەرمان و پێگەی هێزەکانمان دەدات.
ئەگەر ئەم کارە بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرانی پەدەکە ئەنجامدەدەرێن، دەبێت سەرکردەکانیان دەستوەردان بکەن و ئەم کارە ڕابگرن که خزمەت بە هیڵی نەژادپەرستی و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک دەکات، ئەگەر ئەو پیلانەش بە ئاگاداری بەڕێوەبەران ئەنجام دەدرێت ئەوا ئیێمە داوایان لێدەکەین، کە دەستبەرداری ئەو هەڵوێستانەبن کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان ناکات، داواش لە هێزە وڵاتپارێزەکانی کورد و گەلەکەمان دەکەین کە دەبیت لەو بابەتەدا هۆشیاربن.”
قەندیل پرێس