هەسەدە و حکومەتی سووریا دەقى ڕێککەوتنەکەى نێوانیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە، ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست لەنێوان حکومەتى سووریا و هێزەکانى سووریاى دیموکرات کراوە بە گوێرەى ڕێککەوتنێکى گشتگیر، لەگەڵ لێکتێگەیشتن لەسەر پڕۆسەى تێکەڵکردنى ڕیزبەندیى هێزە سەربازییەکان و دامەزراوە ئیدارەکانى نێوان هەردوولا.
هێزەکانی هەسەدە قۆناغ بە قۆناغ تێکەڵدەبن
هەروەها ڕێککەوتنەکە کشانەوەى هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانى ڕووبەڕووبوونەوە لەخۆدەگرێت، بەجۆرێک هێزەکانى ئاسایشى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ دەچنە شارەکانى حەسەکە و قامیشلۆ و دەستدەکرێت بە تێکەڵکردنى هێزە ئەمنییەکانى ناوچەکە، فیرقەیەکى سەربازى پێکدەهێنرێت کە سێ لیواى هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە خۆدەگرێت، هەروەها لیوایەک بۆ کۆبانێ پێکدەهێنرێت لە چوارچێوەى فیرقەى سەر بە حەلەب.
یەکخستنى دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق
لە خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتنەکەشدا هاتووە، دامەزراوە کارگێڕییەکانى خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانى دەوڵەتى سووریا، تێکەڵدەکرێن و فەرمانبەرانى شارستانى جێگیر دەکرێن.
گرەنتى گەڕانەوەى ئاوارەکان
ڕێککەوتن کراوە لەسەر یەکلاکردنەوەى مافە مەدەنى و پەروەردەییەکانى گەلى کورد و گرەنتى گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.
یەکخستنى خاکى سووریا
هەسەدە دەڵێت، ئامانجى ڕێککەوتنەکە یەکخستنى خاکى سووریا و بەدیهێنانى پڕۆسەى تێکەڵکردنى تەواوەتى لە ناوچەکەدا لە ڕێگەى بەهێزکردنى هەماهەنگى نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنى هەوڵەکانى بونیادنانەوەى وڵات.
قەندیل پرێس