به‌په‌له

هەسەدە تێکشکاندنی هێرشێکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە رەققە رادەگەیێنێت

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، رۆژی شەممە هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشقیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەققە تێکشکاندووە و هۆشداریی ئەوەشیان دا کە لەبەرامبەر دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە “دەستدرێژییانە دەستەوەستان نابن.”

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “ئەمڕۆ هێزەکانمان لە بەرەی گوندی غانم عەلی لە گوندەواری رۆژهەڵاتی رەققە رووبەڕووی هێرشێکی لەناکاو بوونەتەوە” و ئاماژەی بەوەشکرد، گرووپە هێرشبەرەکان “درۆنی بۆمبڕێژکراو و چەکی قورسیان” بەکارهێناوە.

هەسەدە جەختی کردەوە کە “ئەو هێرشە بێهوودەیەیان تێکشکاندووە” و ئاماژەی بەوەش کرد، پێکدادانەکان بوونەتە هۆی برینداربوونی سێ لە شەڕڤانەکانیان بە “سووکی”، هەروەها “برینداری پشتڕاستکراوە لە ریزەکانی گرووپە دەستدرێژیکارەکاندا” تۆمارکراوە.

راگەیێندراوەکە سرووشت و ناسنامەی گرووپە هێرشبەرەکانی بە وردی رووننەکردووەتەوە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە “گرووپی سەر بە حکومەتی دیمەشقن.”

هەسەدە دەڵێت، ئەم جۆرە هێرشانە “سووربوونی ئەو لایەنانە لەسەر بردنەپێشەوەی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی و پووچەڵکردنەوەی هەموو هەوڵەکانی پاراستنی سەقامگیری” دەسەلمێنێت.

راگەیێندراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەڵامی هێزەکانیان “گونجاو بووە لەگەڵ سرووشتی دەستدرێژییەکەدا، لەگەڵ پابەندبوونی تەواو بە دانبەخۆداگرتن و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکان.”

هەسەدە هۆشدارییەکی روونیشی دا و رایگەیاند: “لەبەرامبەر دووبارەبوونەوەی ئەم هێرش و وروژاندنانە دەستەوەستان نابین و رێوشوێنی گونجاو دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ناوچەکانمان، هێزەکانمان و گەلەکەمان لە هەر هەڕەشەیەک.”

لەبارەی ئەو لایەنانەی پشتیوانیی لەو گرووپانە دەکەن، هەسەدە داوای کرد “کۆنترۆڵیان بکەن و کۆتایی بە کردەوە نابەرپرسیارانەکانیان بهێنن، چونکە مەترسیی راستەوخۆ لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دروست دەکەن.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب شەڕ بەردەوامە؛ هاوەنبارانە

لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید شەڕێکی سەخت روویدا و هێشتا دۆخەکە ناجێگیرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *