ههردوو باڵى بزوتنهوهى گۆڕان بهجیا كۆنفرانس دهكهن، باڵی گردی زەرگەتە (كوڕانى نهوشیروان مستهفا) دەستی بەکارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی بزوتنەوەکە کردوهو باڵی کوردساتی بزوتنەوەکەش (دانا ئهحمهد مهجید) کۆتایی ئەم هەفتەیە كۆنفرانس سازدهكات.
ئەمڕۆ شەممە باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان (كوڕانى نهوشیروان مستهفا) لەژێر دروشمی (هاونیشمانی، دەستورو دیموکراسی) دەستی بەکارەکانی سێیەمین کۆنفرانسی بزوتنەوەکە کرد.
یاسین حەمەعەلی وتەبێژی کۆنفرانسی باڵی گردی زەرگەتە لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتى:” ئامانج لەکۆنفرانسەکە، دوبارە هەستاندنەوەی بزوتنەوەکەیەو بڕیارە هەر ئەمڕۆ کۆتایی بەهەموو کارەکانی بهێنرێت. ئەگەر زۆر پێویست بکات، لەوانەیە کاتەکەی زیاتر درێژبکرێتەوە”.
وتیشى:”ئەم کۆنفرانسە یاساییەو لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێتو نوێنەری ئهوانیش بەشدارە، کۆنفرانسەکە بۆ هەموو گۆڕانخوازانەو دڵو دەرگاشمان کراوەیە بۆ هەرکەسێک بیەوێت بەشداریی بکات”.
بهگوێرهى زانیارییهكان، کۆنفرانسەکەی باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان بەبەشداریی زیاتر لەهەزارو 200 ئەندام بەڕێوەدەچێتو 53 ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێنو چاوەڕواندەکرێت لەکۆنفرانسەکە پەیڕەوی ناوخۆ هەمواربکرێتەوەو بڕیار لەسەر لادانی لۆگۆی کۆنفرانسی دوەمی بزوتنەوەکە بدرێتو لۆگۆ کۆنەکەی یەکەمجار بەکاربهێنرێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، باڵی کوردساتی بزوتەوەی گۆڕان (دانا ئهحمهد مهجید) ڕایگەیاندوە، لەسەر ڕاسپاردەی بڕیاری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقو پاڵپشت بەنوسراوی فەرمانگەی پارتو رێکخراوە سیاسییەکان ژمارە (875)، لەڕۆژى 27ى 3ى 2025، بەفەرمی ئاگادارکراونەتەوە بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەکە لەڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 10ى 4ى 2025.
ڕۆڤان سەروەت ڕێپێدراوی باڵی کوردساتی بزوتنەوەی گۆڕان لەلقی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتویهتى، “ئامادەكارییانكردوە بۆ ئەوەی كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستنو پەیڕەو نوسراوەتەوەو نوێنەری فەرمیی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقیش ئامادە دەبێت.
ههروهك ڕۆڤان سەروەت، كۆنفرانسی باڵی گۆڕانی گردی زەرگەتەى بەنایاسایی ناوبردوهو دەڵێت:”نوێنەری كۆمسیۆن ئامادە نابێت، بۆ کۆنفرانسەکەى خۆمان هەموو ئامادەکارییەکمان لەژێر ڕاسپاردەو ڕێنماییەکانی فەرمانگەی پارتو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانو ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی کۆمیسیۆن کردوە”.
قەندیل پرێس