به‌په‌له

هاکان فیدان: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئیسرائیلەوە بوێری وەردەگرن

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ئیسرائیلەوە بوێری وەردەگرن. ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە هەسەدە بە پاساوی هەڕەشەی داعش تێكەڵبوون لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سووریا درێژنەکاتەوە.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی رابردوو لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ پرسە گەرمەکانی سیاسەتی دەرەوە کرد و گوتی، “هەسەدە بە دڵنیاییەوە لە ئیسرائیلەوە بوێری وەردەگرێ. هەسەدە هیچ کاتێک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن دژی ئەسەد نەجووڵاوەتەوە.”

هاکان فیدان گوتی، پێویستە هەسەدە بە پاساوی هەڕەشەی داعش پرۆسەی تێکەڵبوون لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەتی سووریا درێژنەکاتەوە.

فیدان سەرنجی بۆ سەر دۆخی باشووری سووریاش راکێشا و ئاماژەی بەوەدا، گەورەترین مەترسی لەوێ، لە دەستوەردانی ئیسرائیل لە پرۆسەکەوە سەرچاوە دەگرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە پرۆسە نوێیەکەدا کە لە دوای هەشتی کانوونی یەکەمی 2024 ـەوە لە سووریا دەستیپێکردووە، هەنگاوی گرنگ نراون، بەڵام بەهۆی گەورەیی کێشەکانەوە، ئەمانە دەستبەجێ نابینرێن.

ئاماژەی بەوەشدا، هەڵگرتنی یاسای قەیسەری ئەمریکا رێگەی بۆ وەبەرهێنانەکان کردووەتەوە و گوتی، تورکیاش لە بوارەکانی وەک فڕۆکەخانە و وزەدا پشتگیریی ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی کردووە و بازرگانانی هانداوە بۆ ئەوەی لە سووریا وەبەرهێنان بکەن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، “کاتێک سەیری نەخشەکە دەکەیت، سووریا لە راستیدا درێژکراوەی تورکیایە، درێژکراوەیەکی جوگرافییە. لێرەدا چ لە رووی بازرگانی، چ لە رووی گواستنەوە و چ لە رووی پەیوەندییەوە، ماتەوزەی زۆر گەورە هەیە. پشتیوان بە خودا، هەموو ئەمانە دێنە دی، بەڵام سەرەتا پێویستە هاوسەنگییەکانی نێو وڵات جێگیر ببنەوە.”

لەبارەى هەوڵەکانی ئاشتی، فیدان هۆشداری دایە پەکەکە و ڕایگەیاند، ئەگەر پەکەکە بە ڕێگەی ناسیاسی و چەک بەردەوام بێت، بە چەک وەڵامی دەدرێتەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە تورکیا دەیەوێت کاریگەریی بڕیاری چەکدانانی پەکەکە لە سووریاش ببینێت و گوتی: “پێویستە ئەو ناڕوونییە کۆتایی بێت”.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕەخنەی توندی لە پەکەکە گرت بەوەی “تەنیا دژی تورکیا شەڕ دەکات” لەکاتێکدا تورکیا بە دیموکراسیترین وڵات بۆ کورد دەزانێت بەراورد بە ئێران و سووریا و عێراق، هۆکارەکەشی بۆ دەستوەردانی دەرەکی گەڕاندەوە. فیدان ئاماژەی بەوەش دا کە ئۆجەلان لە 2013 ڕاستییەکانی بینی، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە چوونە بن کڵێشەی بەرپرسانی شاخ و کۆتاییان بە پرۆسەکە هێنا.

لە 10ی ئاداری ئەم ساڵدا رێککەوتنێک لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرککۆماری سووریا لە دیمەشق واژۆ کرا کە لە 8 خاڵ پێکهاتبوو. یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکە تیکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ سوپای سووریا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *