هاوسەرۆکی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هێڤین سلێمان ڕوونی کردەوە کە ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرش دەکەنە سەر هەردوو گەڕەکەکە، ئامانجیان تێکدانی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە لە نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و حکومەتی کاتیی سووریادا ئەنجام دراون.
هێڤین سلێمان دۆخی ئێستای گەڕەکەکانی ئاشکرا کرد و وتی: “نزیکەی چوار مانگە جووڵەی بەردەوامی گرووپە چەتەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتی هەیە، کە ئامانجیان دروستکردنی پشێوی، ترس و ناسەقامگیرییە.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دوای هێرشەکانی شەشی تشرینی یەکەمەوە، ئەو چەتانە لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە بە چەکی قورسەوە جێگیر بوون؛ ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەوان نایانەوێت ئارامی و سەقامگیری لە سووریادا بەرقەرار بێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی ئەم چەتانە لەباربردنی ڕێککەوتنامەی ١٠ی ئازارە. ئەوان گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە وەک ئەڵقەیەکی لاواز دەبینن، بۆیە هێرشیان دەکەنە سەر و جەنگی تایبەتیان بەرامبەر پەیڕەو دەکەن، بەڵام وەڵامی گەل و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ئەو هێرشانە گونجاو بوو.
ڕوونی کردەوە کە هێرشەکانی ٢٢ی کانوونی یەکەم لەم چوارچێوەیەدا بوون و وتی: “ئەم هێرشانە نایاسایی و ناشەرعین، هیچ یاسایەکیش نییە هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی شەرعییەت پێ بدات.”
هاوسەرۆکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئەو بانگەشانەی بەدرۆ خستەوە کە حکومەتی کاتی و گرووپەکانی بڵاوی دەکەنەوە و وتی: “ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزەکانی قەسەدە هێرش دەکەن، ئێمەش دەڵێین حکومەتی کاتی باش دەزانێت کە بەپێی خاڵی شەشەمی ڕێککەوتنامەی یەکی نیسان، هێزەکانی قەسەدە بە تەواوی کەرەستە سەربازییەکانیانەوە لەم دوو گەڕەکەوە بەرەو هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاونەتەوە.”
جەختی کردەوە کە ئەوەی پارێزگاری لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دەکات، تەنها هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و خەڵکی گەڕەکەکەن.
باسی لەو ڕێککەوتنانە کرد کە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و هێورکردنەوەی دۆخەکە کرابوون و وتی: “لە ٢٢ی کانوونی یەکەمدا ڕێککەوتنەکان پێشێل کران؛ بەردەوام بە فیشەک هاووڵاتیان دەکرێنە ئامانج و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەردەوام بەسەر ئاسمانی گەڕەکەکەدا دەسووڕێنەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مەبەستی ئەوان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی و سەقامگیری ناوچەکە نییە.”
هێڤین سلێمان وتیشی: “دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم هێرشانە ناشەرعین و ئەم گروپانە فەرمان لە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا وەردەگرن، چونکە تورکیا نایەوێت ئارامی لە ناوچەکەدا هەبێت.”
دەستخۆشی لە خۆڕاگریی گەل و هێزەکانی ئاسایش کرد و وتی: “چواردە ساڵە تێکۆشانی دانیشتووان لەناو ئەم گەڕەکەدا بەردەوامە. خەڵکی گەڕەکەکە لە سەختترین بارودۆخدا بەرگرییان لە بوونی خۆیان کردووە. ئێستاش ڕێگری لە هاتنی پێداویستییەکان دەکرێت بۆ ناو گەڕەکەکە، داوا لە گەلەکەمان دەکەین بەردەوام بن لە تێکۆشان لە دژی سیاسەتی شەڕی تایبەت.”
وتیشی: “بەرگری بەردەوامە، ئەو ڕێککەوتنانەشی ئێستا لە دیمەشق لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ئەنجام دەدرێن، بوونەتە هۆی بێزارکردنی ئەم چەتانە.”
قەندیل پرێس