قەندیل پرێس – دوسیەی پێکهێنانی حکومەت
بەپێی بەدواداچوونی قەندیل پرێس ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی جدیتر و قوڵتر دەبن و ناکۆکیەکانیان لە هەولێرەوە بەرەو بەغداد دەبەن و دووبارە پارتی و یەکێتی بەجیا کاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێراقدا دروست دەکرێن.
ئەمرۆ 18ـی تشرینی دووەمی 2025 مەسعود بارزانی لە کۆڕبەندی مێپس رووی دەمی کردە لایەنە کوردییەکان و وتی: باش گوێم لێ بگرن، هەلومەرجی دوای هەڵبژاردن زۆر جیاوازە لەگەڵ پێش هەڵبژاردن و باس لە ئەگەری دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد، لەبارەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن یەکێتی وەڵامێکی توندی پارتی دەداتەوە.
دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان رووی دەمی کردە لایەنە کوردییەکان و وتی: باش گوێم لێ بگرن، هەلومەرجی دوای هەڵبژاردن زۆر جیاوازە لەگەڵ پێش هەڵبژاردن، لەبەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانى كوردستان وەڵامی پارتی دهداتهوهو سهبارهت بهدوبارهكردنهوهى ههڵبژاردنیش دهڵێت، “ئەگەر پارە ئەوەندە زۆرە، بۆ قەرزی خەڵک نادەنەوە، بۆچی لەهەڵبژاردن خەرجی دەکەنەوە؟”.
سەعدی ئهحمهد پیرە ئهندامى مهكتهبى سیاسیى یهكێتیى ڕایدهگهیهنێت، “دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هەڕەشەیەکی بێ ناوەڕۆکە”.
دهشڵێت، “ئەگەر پارە ئەوەندە زۆرە بۆ قەرزی خەڵک نادەنەوە بۆچی لەهەڵبژاردن خەرجی دەکەنەوە؟”.
ئەندامەکەی مهكتهب سیاسیی یهكێتیى ئاماژەبەوەشدەکات، “هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێتو کورسیەکانیش هەروەکو خۆیاننو هەروەکو خۆشیان دەبن”.
سهبارهت بهكورسی سێیهمى یهكێتیش لهههولێر، سهعدى ئهحمهد پیره ڕایدهگهیهنێت، “کورسیەکەی هەولێر، بوهتە کەسەرێکی گەورە لەسەر دڵی پارتی”.
لەبەرامبەر هێرشەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ سەر پارتی دیمۆکراتی کوردستان بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق گۆمەکەی شڵقاندن و بە پەیامێک یەکێتی تۆڕە کردووە و ڕایگەیاند؛ پارتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدا یەکێتی وەکو عورفێکی سیاسی لە ئێراق دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن “مام جەلال”ـەوە لەبەرامبەر پێدانی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە پارتی پۆستی سەرۆک کۆماری ئێراق بە مافی خۆی دەزانێت، بەمەش بەربەستی گەورە لەبەردەم پێکهێنانی دەیەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.
ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن گەشەیان کرد
سەرەتای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان یەکێتی و پارتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقدا بوو کە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: جەنابی كاک مەسعود داوای بانگەشەیەكی ئارامی كرد، بە قسەیان نەكرد، بۆیە من ئەمڕۆ دێمە جواب.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هێرشی کردە سەر سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بە خەیانەتکار و فۆستی سەدام حسێن و خاکفرۆشی بە تورکیا تۆمەتباری کرد، کە بەشێک لە هێرشەکانی بۆ سەر پارتی بریتیبوون لە:
ئەوانەی دوای ئەنفالی بارزانییەكان، سواری دەبابەی سەدام بوون بۆ خوێنی كورد، ئەوان ئێوە رزگار دەكەن
دوای 31ـی ئاب وتیان ئێمەو سەددام دوژمنی یەك نین، ئەوە ئیشارەتی خیانەتە، هاوکات لەم كاتەدا خاكی ئێمە ئەفرۆشن بە توركیا..
31ـی ئاب رۆژێك نییە لە بیر بچێ، دنیا لەبیری ناچێتەوە ئەوانەی ئەو جەریمەیان كرد، ئەوانەی تیجارەتی نەوتیان ئەكرد لەگەڵ داعش، ئەوانەی چاویان داخست كە خوشك و برا ئێزیدییەكانمان جینۆساید كرا، ئەوانەی ئەو هەموو رەئیس عەشیرەتەیان كوشت، ئەوانەی ئەو هەموو عەشیرەتەیان مەجبور كرد ببن بە جاش، ئەوانەی كە دەوڵەمەندبوون و بە خوێن و نەوتی ئێوە دەوڵەمەند بوون و غەبغەبەیان بۆ دروست بوو، ئەوانە باسی كوردایەتی بۆ ئێمە ئەكەن؟!
بافڵ تاڵەبانی رووی کردە بنەماڵەی بارزانی و رایگەیاند؛ كە لە ئێران هاتنەوە كێچەكانیان كێچیان هەبوو، ئێستا سەیری بكە 50 قەسریان هەیە، 50 تەیارەیان هەیە، 50 فۆتۆ مۆدێلیان هەیە، داوەشێی بۆ خۆت و كوردایەتییەكەتان.
لە بەرامبەر هێرشەکانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە بانگەشە بۆ حیزبەکەی ڕایگەیاند، حکومڕانی تەنها بەپارتی دەکرێت و ئازادی ئەوە نییە، بە تۆپ و تانک بچیتە سەر هۆتێل و حزبی ئۆپۆزسیۆن.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاندبوو، “حکومەت بۆ ئیمتیاز و دەستکەوتی کەسی پێکنایەت و پارتی خۆی بەخاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت، لەشوێنێکیش خزمەت نەکات ئەوە ڕێگری لێ دەکرێت“.
ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی لە هەولێرەوە بۆ بەغداد
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، کە تێیدا نزیکەی 56%ی هاوڵاتیان بەشداریان کرد و بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆرترین کوررسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، بەڵام هیچ گروپێک نەیتوانیوە زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پەرلەمان دەستەبەر بکات و پێدەچێت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت پرۆسەیکی ئاڵۆز بێت.
بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئێراق بێ جگە لە ناکۆکیەکانی نێوخۆی ماڵی شیعە، ناکۆکیەکانی یەکێتی و پارتی کێشەیەکی دیکە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەتە چونکە لە هەموو کابینەکانی رابردوودا دوای 2003 و کەوتنی رژێمی بەعسی ئێراق، یەکێتی و پارتی بە هەمانگی وەک پێکهاتەی کورد بەشداری پێکهێنانی هەموو حکومەتەکانی ئێراقیان کردووە، بەڵام لە دوو خوڵی رابردوو دا بە جیا بەشداربوونە و بە تایبەتیش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکۆک بوون و دوو بەربژێری جیایان هەبوو و سەرئەنجام یەکێتی سەرکەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.
بەپێی بەدواداچوونی قەندیل پرێس ئەمجارە ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی جدیتر و قوڵترن و پێدەچێت دووبارە پارتی و یەکێتی بەجیا کاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و بە دوو هاوپەیمانی جیا لەگەڵ لایەنەکانی شیعە و سوننە رێککەون، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمرۆ پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەسەر زاری وەزیرەکەی بەنگین رێکانی پەیامی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری دا بە گوێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا، و یەکێتیش لە دوو خوڵی رابردووی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئێراقدا پۆستی سەرۆک کۆماری پەیوەست کردووە بە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەچارچێوەی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی بە سەرپەرشتیاری مام جەلال و مەسعود بارزانی، کە ئیستا ئەو رێککەوتنە تێکچووە.
قەندیل پرێس