به‌په‌له

لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب شەڕ بەردەوامە؛ هاوەنبارانە

لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید شەڕێکی سەخت روویدا و هێشتا دۆخەکە ناجێگیرە و هاوەنبارانە. کوژراو و برینداریش هەن.

شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئەو دوو گەڕەکەی شاری حەلەبن کە هێزە کوردییەکان خۆیان ئەمنیەتی دەپارێزن. بەپێی راگەیێندراوی ئاسایشی ئەو گەڕەکانە، لە تشرینی یەکەمی 2025ـەوە ئەو ناوچانە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە رووبەڕووی هێرش دەبنەوە. لە دوایین هێرشدا کە دوێنێ سێشەممە کرا، 4 کەس گیانیان لەدەستدا و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاخین نوجان، بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، ئەوە 6 مانگە ئەو هێزانە دەیانەوێت ئێمە پەلکێش بکەنە نێو شەڕەوە، رۆژانە پێشێلکاری دەکەن و هۆکارێک دەدۆزنەوە بۆئەوەی شەڕمان لەگەڵ بکەن، بە چەکەکانیان تەقە لە هێزەکانی ناوخۆ دەکەن.

“چوار جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەرمان”
بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب دەڵێت، “گرووپە چەکدارەکان لە 24 کاژێردا چوار جار بە درۆنی خۆکوژ (بۆمبڕێژکراو) هێرشیان کردە سەرمان.”
دەشڵێت، “شەڕەکە پێش نیوەڕۆی دوێنێ دەستیپێکردووە، ئەوان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئێمە و دوو هەڤاڵمان شەهید بوون، ئێمەش هێرشمان کردووەتە سەر دوو بارەگای ئەوان. دواتر شەڕەکە تەشەنەی کردووە، ئەوان بۆدوومانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبیان کردووە بەبێ ئەوەی جیاوازی لەنیوان کەسانی سڤیل و سەربازی بکەن.”
ئاخین نوجان ئاماژەی بەوەش کرد، “دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا کوێرانە بۆردوومانی خەڵکی سڤیل و هێزەکانی ئێمەیان کردووە، فەرمانمان بە هێزەکانمان کردووە بە تووندی رووبەڕوویان ببنەوە.”

“سڤیل و ئاسایش بەبێ جیاوازی کراونەتە ئامانج”
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب رایگەیاند، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە رووبەڕووی تۆپبارانێکی سەخت بوونەتەوە لەلایەن ئەو گرووپانەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریان.
دەشڵێت، هێرشەکان بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کراون و بەبێ جیاوازیی سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کردووەتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم تۆپبارانە بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل و ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆ، کە زۆربەی بریندارەکان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودن. بەهۆی سەختیی تۆپبارانەکەوە، “تائێستا چەندین بریندار هەن، کە نەتوانراوە بگەینە لایان.”

قوربانییانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بەگشتی:
4 کەس گیانیان لەدەستداوە
2 ژن، 1 پیاو، 1 منداڵ
38 کەس بریندار بوون
29 پیاو، 3 ژن، 6 منداڵ

ئەو گرووپانە کامانەن کە گەڕەکە کوردییەکان بۆردوومان دەکەن؟
میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، “لەم کاتەدا، چەکدارە بەکرێگیراوەکانی حکومەتی کاتی لە سووریا (حەمزات، عەمشات، سوڵتان موراد و نوورەدین زەنگی)، کە پاڵپشتیی راستەوخۆ لە دەوڵەتی تورکیاوە وەردەگرن، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید لە شاری حەلەب هاوەن و تۆپباران دەکەن.”
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم گەڕەکانە لە دوێنێ سێشەممەوە رووبەڕووی ئەو بۆردوومانانە دەبنەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری: کوردستان لە بەرانبەر تاوانەکانی ڕێژیمدا بێدەنگ نابێ

(بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *