لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لە شارۆچکەی جەلەولا (گوڵاڵە)، ڕێگەنەدرا ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت و هەر کەسێکیش ئاڵاکەی هەڵبکردایە دەستگیردەکرا.
186 پێشمەرگە لە جەلەولا شەهیدبوون
شارۆچکەی جەلەولا کە گوڵاڵەشی پێدەگوترێت ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 100 هەزار کەسە و ناوچەیەکی کێشە لەسەرە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لە ساڵانی ڕابروودا پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنی لە دەستی داعش و پاراستنی خوێنی زۆری لەپێناودا ڕشت، کە بە گوێرەی ئامارەکان نزیکەی 186 پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش لە جەلەولا شەهیدبوون.
ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نادرێت
ئێستاش لەگەڵ ئەوەی چەندین بارەگای حیزبە کوردستانییەکان لە جەلەولا هەیە بەڵام ڕێگەیان پێنادرێت ئاڵای کوردستانیان لەسەر هەڵبکەن.
لە بۆنەکانیشدا ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نادرێت
ژمارەیەک هاونیشتمانی باسیان لەوەکرد، لەپاش هێرشی داعش بۆ جەلەولا لە 2014 زۆرێک لە کوردەکان جەلەولایان چۆڵکردووە و ئێستاش هێزە سەربازییەکانی وەک حەشدی شەعبی لە شارەکەدا جێگیربوون، بەوهۆیەشەوە پێگەی کورد لاواز بووە، بەجۆرێک ڕێگەنادرێت بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە حکومییەکان و بارەگا حیزبییەکان، هەروەها لە بۆنەکانیشدا ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نادرێت.
هەرکەس ئاڵای کوردستان هەڵبکات دەستگیردەکرێت
ئەو هاونیشتمانییانە دەڵێن، هەرکەس ئاڵای کوردستان هەڵبکات، دەستبەجێ دەستگیردەکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بانگەواز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان
هاونیشتمانیان لە جەلەولا ئاماژەیان بەوەشکرد، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن چاوێک بە بارودۆخی جەلەولادا بخشێنێتەوە، چونکە بە گوتەی خۆیان “جەلەولا شارێکی دابڕاوە”.
داوای ئاسایکردنەوەی دۆخەکە دەکەن
لە جەلەولا چەندین فەرمانگەی وەک تەندروستی و خوێندن و فەرمانگەکانی دیکە کە بەدەست کوردن، ناهێڵدرێت ئاڵا هەڵبکرێت و هاونیشتمانییان لە جەلەولا خوازیارن دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و بە جلی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بچنە دەرەوە و مەترسییان لەسەر نەبێت.
قەندیل پرێس