هه‌رچه‌نده میدیای ره‌سمی سوریا بڵاویكردۆته‌وه كه كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان حكومه‌تی دیمه‌شق و هه‌سه‌ده، “ئه‌نجامێكی كۆنكرێتی” لێنه‌كه‌وتۆته‌وه، به‌ڵام فه‌رهاد شامی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات-هه‌سه‌ده ده‌ڵێت، ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كه به‌ڕه‌سمی راده‌گه‌یه‌ندرێت و ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا بڵاوده‌كرێته‌وه، ره‌نگدانه‌وه‌ی ره‌وتی كۆبونه‌وه‌كه نییه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، وه‌فدی هه‌سه‌ده، كه پێكهاتبون له مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی و سۆزدار دێرك و سیپان حه‌مۆ، ئه‌ندامانی فه‌رمانده‌یی گشتی هه‌سه‌ده له دیمه‌شق له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی كاتیی سوریا كۆبونه‌وه.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌دوای كۆتاییهاتنی كۆبونه‌وه‌كه، میدیای ره‌سمی سوریا له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی حكومه‌ته‌وه بڵاویكرده‌وه، كۆبونه‌وه‌كه “هیچ ئه‌نجامێكی كۆنكرێتی” لێنه‌كه‌وتۆته‌وه كه ببێته مایه‌ی خێراكردنی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی 10ی ئازار، به‌ڵام هه‌ردولا رێككه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی دیكه به‌بێ ئه‌وه‌ی واده‌یه‌كی بۆ دیاری بكه‌ن.
پاش ئه‌وه فه‌رهاد شامی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات-هه‌سه‌ده، له پۆستێكدا له هه‌ژماری خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس رایگه‌یاند، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه كه ورده‌كاری و ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌كه پاش ته‌واوكردنی راوێژه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی راده‌گه‌یه‌ندرێت و ئه‌وه‌شی كه له ئێستادا بڵاده‌كرێته‌وه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یه، گوزارشت له ره‌وتی كۆبونه‌وه‌كه ناكات.
فه‌رهاد شامی وتوشیه‌تی، گفتوگۆكان له‌سه‌ر بنه‌مای پیشه‌یی و به‌رپرسیارێتی به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌شێوه‌یه‌ك كه گه‌ره‌نتی ئه‌نجامی دیراسه‌كراو بكه‌ن و ئاشتی و سه‌قامگیریی بخه‌نه پێش هه‌ر شتێكه‌وه.
قەندیل پرێس