به‌په‌له

قەندیل پرێس هۆکاری هێرش سەر گەڕەکە کوردیەکانی حەلەب ئاشکەرا دەکات

قەندیل پرێس

سەرچاوەیەکی باڵای هەسەدە بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ هێرشی سەر گەڕەکە کوردیەکانی حەلەب لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدرا لە پێناو تێکدانی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق.

سەرچاوەیەکی باڵای نێو هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک (هەسەدە) بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند؛ دوای فشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر حکومەتی دیمەشق تا هێزەکانی هەسەدە وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆ لەنێو سوپای سوریادا قبوڵ بکات و رێککەوتنامەی 10ـی ئازاری 2025  جێبەجێ بکەن، تورکیا نارازی بوو هەسەدە ببێتە بەشێک لە سوپای سوریا و داوای چەکدانان دەکات و بە تاک تاک بچنە ناو سوپا، ئەمەش بە واتای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە نەک بەشداربوون.

سەرچاوەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئەم پەرەسەندنانە و هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردیەکانی حەلەب پیلانێکی تورکیا بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان دیمەشق و هەسەدە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەند کاتژمێرێک بوو وەفدی تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری تورکیا (میت) گەیشتەنە دیمەشق و لە گەل ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری کاتی سوریا و شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبوونەوە و لەسەر چارەنوسی رێککەوتنامەی 10ـی ئازاری 2025 ی نێوان هەسەدە و دیمەشق گفتۆگۆ کرا، ئەو هەڕەشەیەی پێش دوو رۆژی تورکیا لە دژی هەسەدە لە دیمەشق جێبەجێکرا.

هاوکات ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک (پەیەدە) بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ “ئەو گروپە چەکدارانەی هێرشی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب دەکەن، لە ژێر کۆنترۆڵ و فەرمانی حکومەتی کاتی سوریادا نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ سەر بە تورکیان”.

گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا، ئەمشەو هێرشیان بۆ گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستپێکردەوە و شەڕ کەوتە نێوان هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی سوریا و هەردوو لا یەکتریان تۆمەتبار کرد.

هەسەدە لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێرشی بەردەوام بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەڵەب، بە بەکارهێنانی هاوەن و چەکی قورس لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە بووەهۆی برینداربوونی 17 هاووڵاتیی مەدەنی لەنێویاندا منداڵ هەیە و کوژرانی هاوڵاتیەکی تەمەن 57 ساڵ.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب شەڕ بەردەوامە؛ هاوەنبارانە

لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید شەڕێکی سەخت روویدا و هێشتا دۆخەکە ناجێگیرە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *