به‌په‌له

فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەکات و جەخت لە پەیوەندییە سەربازییەکان دەکاتەوە

براد کووپەر، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەردانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانی کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی کرد، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.

سێنتکۆم لەبارەی کۆبوونەوەی کووپەر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی رایگەیاند، “کووپەر تیشکی خستە سەر رۆڵی هەرێمی کوردستان و گوتی، ئەوان هاوپەیمان و هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکان لەم ناوچەیە و ئێمەش لێرە پابەندین بە پشتیوانیکردن لە ئاسایش و ئارامیی هاوپەیمانەکانمان.”

سەردانەکەی براد کووپەر بۆ هەولێر، بە گوتەی سێنتکۆم، لە چواچێوەی بەسەرکردنەوەی تەواوی ناوچەی کاری سێنتکۆم بوو، کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشێکی نێوەڕاستی ئاسیا دەگرێتەوە.

بەپێی راگەیێندراوی رۆژی سێشەممەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و براد کووپەر “په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكايان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئه‌منى و سه‌ربازيدا تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش و هه‌ڕه‌شه‌كانى له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيرى له‌ عێراق و سووريا و هاوكارى و يارمه‌تييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌هێزكردنى توانا سه‌ربازى و ئه‌منييه‌كان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه.”‌

لە کۆبوونەوەی نێوان ئەدمیراڵ کووپەر و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستاندا “وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە، دوایین پەرەسەندنەکانی بارۆدۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا،” ئەوە بە گوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

فەرماندەکە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و سەردانیکردنی کەمپی هۆل سەردانی رۆژئاوای کوردستانیشی کرد.

سێنتکۆم دەڵێت، کووپەر رایگەیاند، “بە سوپاسەوە بۆ ئەو پێشکەوتنە گەورانەی هاوبەشەکانمان بەدەستیان هێناوە، کۆی ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکانی هۆل و رۆژ بۆ یەکەمجار بۆ خوار 30,000 کەس دابەزیوە.” گوتیشی، “گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، کاریگەریی تووندڕۆیان کەمدەکاتەوە، بە تایبەتی لە نێو ژنان و منداڵان.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

بۆردوومانی باکووری شێخ مەقسوود کرا و دوو کەس برینداربوون

گرووپە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی کاتی سووریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچەی شەقیق لە باکووری شێخ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *