ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە ڕایگەیاند، ئازادی من لەئازادی گەلی کورد جیاناكرێتەوەو دەڵێت، سەرەڕای هەمو هەوڵەکانمان، هەردەم هیوا لەنیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆحی بەبەردا دێتەوە و دەبوژێتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی كرێكارانی پەكەكە، پەیامێكی ئاراستەی ڕێپێوانی ئازادی بۆ ئۆجەلان، چارەسەر بۆ پرسی کورد لەکۆڵن كرد كە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان:
سڵاو لە هەموو ئەو مرۆڤانەی باوەڕیان بە ئاشتی و ئازادی هەیە، لە دۆستە خۆشەویستەکان، هاوڕێ و هەڤاڵان هەموویان.
ئێوە لە چوارلای ئەورووپاوە کۆبوونەوە و ڕێپێوانە گەورەکەی کۆڵنتان ئەنجامدا. ئەم هەنگاوەی ئێوە زۆر گرنگە.
ئەمە تەنیا بۆ ئازادی من نییە، بەڵکو بۆ چارەسەرێکی دیموکراسییانەی دۆزی کوردە و بۆ تێکۆشانێکی ئاشتییانەی شکۆمەندە.
ئێوە بەم هەنگاوەتانەوە، بڕیارداری، بوێری و ئومێد دەبەخشن بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی کە سەرلەنوێ گەشە دەکاتەوە.
ئازادی من، لە ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلی کورد و گەلانی تورکیا جیا نییە.
کاتێک دەڵێین ئازادی، ئێمە دەڵێین ئازادی بۆ ئاشتی، دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسان.
بەهۆی ئەم ڕێپێوانەوە، ئێوە داواکاریی ئێمە بۆ چارەسەری، دیموکراسی و ئازادی بە جیهان ڕادەگەیەنن.
ئێمە هەوڵ دەدەین ئەمە بە ئیرادەی خۆمان پێشبخەین و بەدی بهێنین.
سەرەڕای ئەوەی پچڕانی تێدەکەوێت و دەبڕێت، ئێمە لە ساڵی ۱۹۹۳ بەملاوە بەردەوامین لەم هەوڵانەی ئاشتی و دیالۆگ.
ئەم هەوڵانەی ئێمە نیشاندەری ئەوەن کە خوشک و برایەتی لەسەر ئەم خاکە دەکرێت.
سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان، هەمیشە هیوا لە نیوەی ڕێگەدا جێهێڵرا، بەڵام ئەمڕۆ بەم هەنگاوەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، سەرلەنوێ بە ڕۆح و جەستە دەبێتەوە.
ڕاستییەکەی، ئەم پرۆسەیە تێپەڕینە لە قۆناغی شۆڕشی نەرێنی بۆ قۆناغی شۆڕشی ئەرێنی. پێویستە ئەم کاراکتەری پرۆسەیە وەک ڕاستییەکی گەردوونی و مێژوویی تێبگەین.
لەبارەی دیاردەی کورد و تێکۆشانەکەیەوە، شێوازێکی نایاسایی سەپێنرا، ئێستا ئێمە تێدەپەڕین بۆ زەمینەی یاسایی و لەسەر ئەم بنەمایە تێدەکۆشین.
بەم ڕێپێوانە بەنرخەتان، تێکۆشانی چارەسەری و ئاشتی پێشدەکەوێت و گوڵ دەکات.
هەڤاڵان و هاوڕێیانی بەڕێز،
بۆ ئەوەی گەلی کورد بە شێوەیەکی دەستووری لەلای کۆماری تورکیا قبوڵ بکرێت و بەردەوامی بە بوونی خۆی وەک هاووڵاتییەکی یەکسان لەسەر زەمینەیەکی دیموکراسی بدات، پێویستی بە دیموکراسیی لە تورکیا هەیە.
هەروەها، هەم بۆ سووریا و هەم بۆ هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی کورد بەبێ سازش کردن لەسەر بوون و ئازادی خۆی، لەگەڵ هەموو باوەڕ و گەلان بە شێوەیەکی یەکسان، ئازاد و ئاشتییانە بژی و دەبێت پێشەنگی ئەمە بکەن.
ئێمە ئەم دەنگەتان کە لە ئەورووپا بەرز دەبێتەوە دەبیستین و دەزانین کە هەموو لایەنێک ئەم دەنگە دەبیستن.
لەبەر ئەوەی بەهۆی کردەوە دژەدیموکراسییەکانەوە ناچار بوون بڕۆنە دەرەوەی وڵات، ئێوە ویژدانی چارەسەری و ئاشتین.
هەر هەوڵێکی ئێوە، هەنگاوێکە بۆ خوشک و برایەتی و ئاشتی و دڵنیام کە بەم ئیرادەی ئێوە، گەلی کورد و هەموو بندەستەکان، دەگەنە داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراسی.
سڵاوی هەمیشەییتان لێدەکەم، بە خۆشەویستی و ڕێزێکی بێ کۆتاییەوە.
عەبدوڵا ئۆجالان
زیندانی ئیمڕاڵی، تشرینی دووەمی ۲۰۲٥
قەندیل پرێس