به‌په‌له

شاندی ئیمراڵی و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە

شاندی ئیمراڵی و سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە و لە رۆژانی داهاتووشدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکی جەهەپە و مەهەپە و ئۆجەلاندا کۆدەبنەوە و باس لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پرۆسەکە دەکرێت.

پاش کۆبوونەوەکە پەروین بوڵدان، ئەندامى شاندى ئیمراڵى لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ میتحات سانجار گوتی، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەماندا ئەنجامداوە و پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ.

پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە کۆدەبنەوە و دواتریش سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە زیندانی ئیمراڵی دەکەن.

بوڵدان داواشی کرد، کۆتایی بە دۆسییەی کۆبانێ بهێنرێت کە بە “نایاسایی” ناویبرد و گوتی، پێویستە دەستبەجێ سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرجەم سزادراوەکانی دیکە ئازاد بکرین.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی  گوتیشی، “لە کۆبوونەوەکەماندا لەگەڵ بەڕێز کورتوڵموش باسمان لە پرۆسەی ئاشتی و ئەو هەنگاوانە کرد لەبارەی پرۆسەکە نراون، ئایا پرۆسەکە گەیشتووە بە چ قۆناغێک. کۆبوونەوەکەمان زۆر ئەرێنی و باش بوو، کە ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند. ئێمە پشتیوانیی و ئیرادەی بەڕێزیان لەبارەی پرۆسەکە بەرز دەنرخێنین. لە رۆژانی داهاتوودا چەند جارێکی دیکە لەگەڵ بەڕێز کورتوڵموش کۆدەبینەوە. بۆچوونمان وایە پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ. ئێمە بۆچوونمان وایە پێویستە پرۆسەکە لە ئاستی پەرلەماندا بەڕێوەبچێت.”

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، ئەوەشی گوت “لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ بەڕێزان دەوڵەت باخچەلی، ئۆزگور ئۆزەل و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماردا کۆدەبینەوە. پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانیش سەردانی ئیمراڵی دەکەین و لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆدەبینەوە. بۆ ئەوەی قۆناغەکانی پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش و ئەرێنیی بەڕێوەبچن، کۆبوونەوە و راوێژکردنمان لەگەڵ لایەنەکاندا بەردەوامدەبێت.”

هاوکات میتحات سانجار، ئەندامى شاندى ئیمراڵى گوتی، بەمەبەستی پێکهێنانی لیژنەیەک لە پەرلەمان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت.

میتحات سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوەکرد، “یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و بەهێزکردنی بریتییە لە دروستکردنی لیژنەیەکی پەرلەمانیی. ئێمە و هەموو لایەنەکان کۆکین لەسەر گرنگیی و پێویستیی دروستکردنی لیژنەکە. بەڕێز کورتوڵموش داوای بۆچوونی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کردووە لەبارەی لیژنەکە و ئەرک و دەسەڵاتەکانی، ئێمە بۆچوونی خۆما خستووەتەڕوو، جەخت لەوە دەکەینەوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە رەوایەتیی پەیدا بکات، پێویستە پەرلەمان رۆڵ ببینێت. وەک پارتی دەم هەوڵەکانی سەرۆکی پەرلەمان و سەرجەم پارتە سیاسییەکان بەرز دەنرخێنین.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سوپای تورکیا بە تۆپخانە گوندەکانی دهۆکی کردە ئامانج

شەوی ڕابردوو سوپای تورکیا ناوچەکانی ناو قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکیان لە باشووری کوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *