ساڵح موسلیم، ئەندامی دهستهی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە رایگهیاند، ئەگەر توركیا دەیەوێت گفتوگۆكانی هەسەدەو دیمەشق سەركەوتوبن پێویستە واز لە دەستوەردان بهێنێت. جهختیش دهكاتهوه لهوهی كه پێویستە سیستمی لامهركهزی لە سوریا پیادە بكرێت و دەستورێكی گشتگیر دابڕێژرێتەوە.
ساڵح موسلیم، ئەندامی دهستهی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە، لە چاوپێكەوتنێكدا رایگهیاند، ئەگەر توركیا دەیەوێت هەوڵە نوێكانی ئاشتی لە ناوخۆی سوریا سەرکەوتو بن، پێویستە واز لە دەستوەردان بهێنێت.
وهك ساڵح موسلیم ئاماژهی پێداوه، تورکیا هەوڵدەدات دانوستانەکانی ئاشتی لە تورکیا بە سوریاوە ببەستێتەوە، لەكاتێكدا پێویستە ئەو دو رێڕەوە بە جیا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، دەرئەنجامەکانی دانوستانی تورکیا بەندن بە دۆخی ناوخۆیی تورکیاوە، کوردەکانی سوریاش پشتگیری لە هەوڵەکانی سەرخستنی ئاشتی دەکەن لە تورکیا.
ساڵح موسلیم وتوشیهتی، تورکیا هەوڵیدا رێگری لە رێککەوتنەکەی 10ی ئازار بکات، چونکە بەشێک نەبوە لەو رێککەوتنە، کاتێک رون بوەوە کە هەردولا هەنگاو بەرەوپێشەوە دەنێن، زمانی گۆڕی.
ههروهها لهبارهی شهڕهكهی ئهم دواییهی حهڵهبیشهوه وتی، پێکدادانی گەڕەکەکانی حەڵەب دوای سەردانی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا بۆ سوریا سەریهەڵدا.
جهختیشی كردهوه، ئامادەیی دیمەشق بۆ بەدواداچونی رێککەوتنەکە پەیوەستە بەوەی کە ئایا دەتوانێت خۆی لە کاریگەرییەکانی تورکیا دوربخاتەوە یان نا.
ئهوهشی خستۆتهڕو، پێویستە سوریا سیستەمێکی لامهركهزی پیادە بكات و گفتوگۆکان سەرەتا دەبێت لەسەر داڕشتنی دەستورێکی گشتگیر بێت کە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بپارێزێت.
ههروهها له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا، ساڵح موسلیم وتی، شانە نوستوەکانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا هەڕەشەن و کەسانێک کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئەو گروپە، پەیوەندییان بە هێزە ئەمنییەکانی سوریاوە کردوە.
ئهوهشی وت، کەناڵەکانی پەیوەندی لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنقەرە لە ڕێگەی دیمەشقەوە کراوەن، کردنەوەی دەروازە سنورییەکانيش سودی بۆ هەردولا دەبێت.
قەندیل پرێس