دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان دانا، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند: ”تورکیا لە رزگاربوون لە بەڵای رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز نزیکە”.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی هەینی، 11ی تەممووزی 2025 لە هەژماری پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی چەکدانانی 30 گەریلای پەکەکە رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری قۆناخێکی ”باش”ی بڕیوە و گوتی: ”تورکیا لە رزگاربوون لە بەڵای رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز نزیکە”.
باخچەلی پێیوایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە سەرەتاوە رۆڵێکی گرنگی لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چارەسەری هەبووە. سەرۆکی مەهەپە هاوکات هەوڵەکانی دەم پارتیشی بۆ پرۆسەکە ”بەرز” نرخاند و ئاماژەی بەوەشکرد، ”لە بەرەی برایەتیی هەزار ساڵەدا شوێنی خۆی گرتووە”.
باخچەلی رۆڵی ئۆجەلانی لە پرۆسەی چارەسەری بە ”گرنگ” وەسف کرد؛ گوتیی: ”سەرکردەی دامەزرێنەری پەکەکە لە پەیامە ڤیدیۆییەکەشیدا دیارە کە بەڵێنەکەی بردەسەر، لە کاتێکی گونجاودا دووربینی بۆ هەڕەشە ناوچەیی و جیهانییەکان هەبوو”.
باخچەلی لەبارەی رێوڕەسمی چەکدانانەکە گوتی: ”لە ئەمڕۆوە پێشهاتی مێژوویی پەیوەست بە رادەستکردنی چەکدانانی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بەشێوەی گرووپ گرووپ دەستیپێکردووە”.
سەرۆکی مەهەپە پێیوایە، بە کۆتاییهاتنی شەڕی پەکەکە و سوپای وڵاتەکەی، ”یادەوەرییە شوومەکانیش کۆتاییان دێت”.
قەندیل پرێس