به‌په‌له

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە.

راپۆرتەکەی دەم پارتی کە رۆژی 10-12-2025 پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە کرا، رۆژی 14-12-2025 نێوەڕۆکەکەی لە میدیادا بڵاوکرایەوە.

لە راپۆرتەکەدا باسی هەنگاوی یاسایی، لابردنی قەییووم و گوندپارێزی کراوە، هەروەها داوای نووسینەوەی دەستوورێکی نوێش کراوە.

لەو راپۆرتەدا دەم پارتی تێڕوانینی خۆی بۆ پرسی کورد خستووەتەڕوو و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێ پرسەکە لەوە دەربهێنرێ وەک عەقڵییەتی نەریتیی دەوڵەت وەک “دۆسیەیەکی ئەمنی” سەیر بکرێت.

دەم پارتی پێیوایە، پرسی بوون، یەکسانی و یاسا سێ پرسی گەوهەرین.

هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئامانجی ئەوان هەر تەنیا وەستانی شەڕ نییە، بەڵکو بونیاتنانی سیستمێکی “ئاشتیی ئەرێنی”یە کە نایەکسانییەکان لەنێوببات و لەسەر بنەمای دادپەروەری و هاووڵاتیبوونی یەکسان دامەزرابێت.

لە راپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر وێستگە گرنگەکانی پرۆسەی چارەسەری و ئاماژە بەوە کراوە: “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی”ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆژی 27ی شوباتی 2025، رێگەی لەبەردەم پرۆسەیەکی سیاسی و یاسایی نوێ کردووەتەوە.

هەروەها سەردانی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان لە رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2025 بۆ ئیمراڵی، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی ویستی چارەسەری و زەوینەسازیی لایەنی بەرامبەر دانراوە.

لە راپۆرتەکەی دەم پارتیدا، بە کورتی ئەو هەنگاوە کۆنکریتییانەی پێویستە بۆ چارەسەرێکی دیموکراسیی هەمیشەیی بنرێن، بەم شێوەیە باسکراون:

1- هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سیستمی قەییووم بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرداگرتنی ویستی خەڵک لە شارەوانییەکان.

2- دەستەبەرکردنی مافی زمانی دایک لە هەموو بوارەکان، لەوانە پەروەردە، تەندروستی و سەرجەم خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

3- دامەزراندنی لیژنەی راستەقینە و دادپەروەری بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری.

4- کۆتاییهێنان بە سیستمی گوندپارێزی کە پێکهاتەیەکی ئەمنیی ناوچەییە.

5- ئامادەکردنی دەستوورێکی دیموکراسیی نوێ (پەیمانی کۆمەڵایەتی) کە هەموو ئەو چاکسازییانە دەستەبەربکات و هاووڵاتیبوونی یەکسان بکاتە بنەما.

دەم پارتی لە راپۆرتەکەیدا بانگهێشتی پەرلەمان و دامەزراوەی سیاسەت دەکات کە ئەم دەرفەتە مێژووییە بە گرنگ بزانن و بەشداری بکەن لە پرۆسەی بونیاتنانی کۆمارێکی دیموکراسی کە تێیدا هەموو گەلان بە یەکسانی و شکۆمەندانە بژین.

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرسی چارەسەری لەگەڵ چین و توێژەکان، ئێستا پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان راپۆرتی خۆیان پێشکێشی کۆمیسیۆنەکە دەکەن و دواتریش قۆناخێکی نوێ لە پرۆسەی چارەسەری دەستپێدەکات.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *