پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە ئامەد رەخنەی تووند لەو “دەقە پووختکراوە” دەگرێت کە لەبارەی دیدارەکەی ئیمراڵی بەسەر ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دابەشکراوە و دەڵێت: “هیچ بەهایەکی نییە.”
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو پوختەی کۆنووسە کرد کە رۆژی پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا بڵاوکرایەوە.
چاندار سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو نووسراوە گوتی: “پێویستە ئەو پوختەی کۆنووسەی لە کۆمیسیۆنەکەدا دابەشکراوە فڕێبدرێتە زبڵدانەوە؛ هیچ بەهایەکی نییە.”
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی پشتیوانیی لە لێدوانەکەی گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی کۆمیسیۆنەکە کرد، کە رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو: “ئەمە پوختەی کۆنووسێک نییە کە رەنگدانەوەی ئەو دیدارە بێت کە لە ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کراوە.”
سەرباری رەخنەکان، جەنگیز چاندار دۆخەکە بە “رووداوێکی سەر رێگە” ناودەبات و پێیوایە نابێتە هۆی وەستانی پرۆسەکە.
چاندار گوتی: “لەم رۆژانەی دواییدا لە رەوتی کارەکانی کۆمیسیۆنەکەدا حاڵەتێکی پەککەوتن بەدی دەکرێت. نوعمان کورتوڵموش کە سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنەکە دەکات، دەڵێت کارەکان چوونەتە نێو مەترسیدارترین و هەستیارترین قۆناخەوە، بۆیە دەبێت لە پێشەوە ئەوە قبووڵ بکەین کە رووداوی لەم شێوەیە روودەدەن. با ئەمەش بە رووداوێکی سەر رێگە دابنێین.”
رۆژی پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەم، لە 19یەمین کۆبوونەوەی “کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی”ـی پەرلەمانی تورکیا، بەشێک لە وردەکاریی ئەو دیدارە خوێندرایەوە کە رۆژی 24-11-2025 شاندێکی سێ کەسیی کۆمیسیۆنەکە لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کردبوویان.
لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە خستنەڕووی پێشنیازەکان بۆ رێکخستنە یاساییەکان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەبارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەی ئیمراڵی کرد.
قەندیل پرێس