ئەندامێکی ئەو شاندە پەرلەمانییەی 24ـی ئەم مانگە، سەردانی ئۆجەلانی کرد و دەڵێت، ئۆجەلان بۆ تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سووریا، مەرجی دیموکراتیزەبوونی ئەو وڵاتەی داناوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت، کودەتا ڕوودەدات.
چیرۆکی دیدارەکە
گوڵستان کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسییە، بەشێک لە وردەکاریی کۆبوونەوەی شاندەکەیانی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە لە دوورگەی ئیمراڵی ئاشکراکرد و لەبارەی چوونیان بۆ ئیمراڵی بە ئاژانسی میزۆپۆتامیای گوتووە، “بە ڕێگەی ئاسمانی چووینە دوورگەی ئیمراڵی، لەلایەن بەرپرسانی دوورگەکەوە پێشوازیمان لێکرا و بە خێرایی چووینە ناو زیندانەکە، پاشان دەستبەجێ چووینە ژووری دیدارەکە لەگەڵ ئۆجەلان. پاش چەند خولەکێک ئۆجەلان هاتە ژوورەوە، تەوقەی لەگەڵ کردین و دەستمان بە گفتوگۆ کرد.”
بەرامبەر بە یەک دانیشتین
کۆچیغیت باسی دەستپێکردنی گفتوگۆکان دەکات و دەڵێت، “ئۆجەلان لە لایەکی مێزەکەوە و ئێمەش کە سێ کەس بووین بەرامبەری دانیشتین. بەخێرهاتنی کردین و گوتی دەتانناسم. ئێمەش ئامانجی سەردانەکەمان بۆ خستەڕوو.”
دیدارەکە بە دەنگ تۆمارکراوە
کۆچیغیت ڕەتیدەکاتەوە دیمەنی دیدارەکەیان تۆمارکرابێت و گوتی، “تەنیا بۆ ئەوەی دواتر هەموو گفتوگۆکەمان بنووسرێتەوە، دیدارەکە بە دەنگ تۆمارکرا. ئەو ناوی خۆمانی دەبرد و ئێمەش ئەومان بە ئێوە ناودەبرد.” و لەبارەی ڕەوشی ئۆجەلانەوە، کۆچیغیت دەڵێت، “زۆر باش و بەهێز بوو، ورەی بەرز بوو، بە دەم پێکەنینەوە و بە وزەوە خۆی کرد بە ژووری دیدارەکەدا. تەندروست و زۆر باش دەردەکەوت.”
باس لە هاوپەیمانییەکانی کورد و تورک کراوە
بە گوتەی کۆچیغیت، ئۆجەلان لە سەرەتای دیدارەکەدا باسی لە پەیوەندیی و هاوپەیمانییەتییەکانی کورد و تورک، وەرچەرخانە مێژووییەکانی هەردوو نەتەوەکە و مێژووی پەکەکە کردووە. هەڵسەنگاندنی گشتیی بۆ هەوڵی گفتوگۆکانی نێوان حکومەت-دەوڵەت و پەکەکە و شکستی گفتوگۆکان کرد. دواتر باسی لە ڕۆڵ و پێگەی ژنان و کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان کرد.
“خۆزگە جەهەپەش بهاتایە”
جەهەپە دژایەتیی چوونی لیژنە پەرلەمانییەکەی بۆ ئیمراڵی کرد. کۆچیغیت دەڵێت، ئۆجەلان لە دیدارەکەدا گوتی، “خۆزگە جەهەپەش بهاتنایەتە ئیمراڵی.”
شێخ سەعید بۆ شۆڕشەکەی دواخست؟
ئۆجەلان لەبارەی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران گوتوویەتی، شێخ سەعید بۆیە لە 1921 شۆڕشی نەکرد و دوایخست بۆ 1925، چونکە کورد بەشداربوو لە جەنگی “ڕزگاری” و وەک یەک نەتەوە شەڕیان کرد، بەڵام دواتر دوورکەوتنەوە لەو بنەمایە ڕوویدا و ڕوو لە دەوڵەتی نەتەوەیی کرا، ئەوەش وای لە شێخ سەعید کرد، پەنا بۆ شۆڕش ببات.
گۆڕینی ئایدۆلۆجیای پەکەکە
هاوکات باس لە گۆڕینی ئایدۆلۆجیای پارتەکەی دەکات، کە لە ساڵی 1995ـەوە، دەستبەرداری سۆسیالیزمی پیادەکراو بوون.
“هێزە نێودەوڵەتییەکان هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە دەدەن”
ئۆجەلان لە درێژەی باسکردنی پرۆسەکانی ئاشتی ئاماژەی بەوەکردووە، هێزە نێودەوڵەییەکان هەوڵی شکستپێهێنانی پرۆسەکانی ئاشتییان داوە و بە هیچ شێوەیەکیش مردنی تورگوت ئۆزاڵ کە لە نیسانی 1993 گیانیلەدەستدا، بە مردنێکی ئاسایی نابینێت.
باسی لە مافی هیوا کراوە
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە سەرەتای پرۆسەی ئاشتیدا گوتی، دەکرێت ئۆجەلان سوود لە مافی هیوا وەربگرێت کە دەرگا بۆ ئازادبوونی دەکاتەوە. وەک کۆچیغیت دەڵێت، ئۆجەلان لە دیدارەکەدا بە گرنگییەوە باسی ئەو ڕستەیەی باخچەلی کردووە.
زیاتر لەبارەی سووریاوە پرسیاریان لە ئۆجەلان کردووە
کۆچیغیت دەشڵێت، پرسی تێکەڵبوونەوە و ڕەوشی سووریا بابەتی سەرەکی گفتوگۆکەیان بووە و ئەندامانی شاندەکەش زیاتر لەبارەی سووریاوە پرسیاریان لە ئۆجەلان کردووە.
“دەسەڵاتی شەرع دیموکراسی نەبێت وەک ئەسەد دەڕوخێت”
وەک کۆچیغیت باسی دەکات ئۆجەلان لەبارەی سووریاوە بە ڕوون و ڕاشکاویی گوتوویەتی، “لە سووریا ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتی ئەسەد هەبوو کە دواتر بوو بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری. ئەمڕۆ دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع هەیە و ئەگەر بەڕاستی ئەو دەسەڵاتە دیموکراتیزە نەبێت، ئەو کاتە دەسەڵاتەکەی شەرعیش بەرەو دیکتاتۆرییەت دەچێت.”
“هیچ کارێک بەبێ دیموکراسیی خۆجێی نابێت”
بە گوتەى کۆچیغیت، ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، هیچ کارێک بەبێ بوونی دیموکراسییەتی خۆجێی نابێت. پێویستە کۆمەڵگە خۆی ڕێکبخات، ئەنجوومەن و کۆمەڵگەی مەدەنیی خۆی دروستبکات. بۆ نموونە؛ تورکمان، کورد و چەرکەز، ئەنجوومەن، کۆمۆن و کۆمەڵگەی مەدەنیی خۆیان دروستبکەن و بە تایبەتمەندی خۆیانەوە تێکەڵ بە سیستمی وڵات ببن، ئەو کارەش پێویستی بە دیموکراسییەتە، ئەگەر دیموکراسییەت نەبێت، سووریا دەبێتەوە بە دیکتاتۆرییەت، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک خۆشگوزەرانی و ئاسایش بۆ گەلانی سووریا ناهێنێت.
پێویستە هەمووان بە تایبەتمەندی خۆیانەوە بچنە سیستمی سووریا
ئۆجەلان جەختی لەوەش کردووەتەوە؛ پێویستە هەمووان تێکەڵ بە سیستمێکی دیموکراتی ببن و ببنە بەشێک لە دیموکراسییەت، ئەو کاتە هەمووان دەتوانن بە تایبەتمەندی خۆیانەوە تێکەڵ بە سیستم ببن، ئەمە بۆ تورکیاش بە هەمان شێوە وایە. واتە پێویستە هەموو ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدایە، پاراستنی مافی هەبوونی کورد بە بنەما بگرن.
پشتیوانی لە ڕێککەوتنی 10ی ئازار دەکات
هەمووان چاویان لەوە بوو، ئۆجەلان لەبارەی پرسی هەسەدە و یەپەگەوە چی دەڵێت. کۆچیغیت دەڵێت، لە کاتێکدا بۆ پرسیاری ئەوەی ئایا پێویستە یەپەگە چەک دابنێت یاخود نا، وەڵامی بەڵێ و نەخێر دەدرێتەوە، بەڵام ئۆجەلان بە دوور و درێژی باسی ئەو بابەتەی کرد و بە باسکردنی ئەوەی ئەگەر دیموکراسییەت نەبێت، ئەحمەد شەرع بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت. گوتی؛ ڕێککەوتنی 10ـی ئازارم لا گرنگە و پێویستە جێبەجێبکرێت.
وەک سوپا بچنە ناو وەزارەتی بەرگریی سووریا
گوتیشى، پێویستە گرووپە چەکدارەکانى باکوورى سووریا، وەک سوپا بچنە ناو وەزارەتی بەرگریی و ئاسایشی ناوخۆش وەک ئاسایشی خۆجێی بچنە ناو وەزارەتی ناوخۆ. پێویستە بە وردی و لە هەموو ڕەهەندییەکانەوە، باسی ئەم بابەتە بکرێت و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن.
“بارودۆخ بڕەخسێنرێت دەسەڵاتی خۆسەر گوێم لێدەگرێت”
وەک کۆچیغیت دەڵێت، ئۆجەلان گوتوویەتی، لەم بابەتەدا دەتوانێت کاریگەریی زۆری هەبێت، چونکە دەسەڵاتدارانی خۆسەر گوێی لێدەگرن و بەگوێی دەکەن، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە بارودۆخ بڕەخسێندرێت و ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێنرێت، زەمینەی گفتوگۆ فراوان بکرێت و بتوانێت قسە لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی خۆسەر بکات، دەکرێت زۆر کێشە تێپەڕێنرێت و بەتایبەتیش گوتی، دەتوانێت بەشداربێت لە چارەسەرکردنی زۆر کێشەدا.
نەوتەکەی خۆسەر و دانوستان
وەک کۆچیغیت باسی دەکات، پرسیاری زۆریان لە ئۆجەلان کردووە، هەر لە پرسی هەسەدەوە، تاوەکو تەنانەت پرسی ئەوەی چی لە داهاتی ئەو نەوتە بکرێت، کە دەست دەسەڵاتی خۆسەر دەکەوێت.
“چوار دەوڵەتەکە مافی کورد بە بنەما بگرن”
ئۆجەلان لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی ئەوەیکرد، پێویستە چوار دەوڵەتەکە مافی کورد بە بنەما بگرن.
🔹 یەکەم دانوستان لەگەڵ شاندێکی سیاسی
کۆچیغیت گوتیشى، ئۆجەلان پێی گوتین؛ من هەمیشە لەگەڵ دەوڵەتدا گفتوگۆم کردووە، بەڵام ئێوەی سیاسیی ئەمڕۆ لێرەن و من بۆ یەکەم جار لەگەڵ شاندێکی سیاسییدا گفتوگۆ دەکەم، ئەمەش هەوڵی چارەسەر و سازانە لەبارەى کێشەکان.
🔹 “کێشەی کوردمان لە پەتی سێدارەوە بۆ مێزی گفتوگۆ گواستەوە”
ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆ یەکەم جار توانیمان کێشەی کورد لە پەتی سێدارەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ بگوازینەوە و ئەم کارەش بە ئاشتی دەگەیەنینە ئەنجام.”
پێویستی بە ڕێکخستنەوەی یاسایی هەیە
لەبارەی گەڕانەوەی ئەو کەسانەی چەک دادەنێن بۆ تورکیا، ئۆجەلان باسی لەوە کردووە، پێویستە بە ڕێکخستنەوەی یاسایی، هەلومەرج بۆ گەڕانەوەیان ئامادە بکرێت.
پرۆسەکە سەرنەگرێت کودەتا ڕوودەدات
وەک کۆچیغیت دەڵێت، ئۆجەلان پرۆسەکە و هەنگاوەکانی ئەردۆغان و باخچەلی بە فروانبوونی عەقڵی دەوڵەت ناوبردووە و هۆشداریشی داوە؛ ئەگەرئەم پرۆسەیە سەرنەگرێت، میکانیزمی سەرهەڵدانی کودەتا دەکەوێتە کار.
“ئیسرائیل بە پاڵدان بە کوردەوە دەیەوێت درێژە بە بوونی بدات”
لەبارەى پرسی ئیسرائیلیشەوە، وەک کۆچیغیت باسی دەکات، ئۆجەلان گوتوویەتی، ئیسرائیل لە ڕێگەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمییەوە دەیەوێت دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و ببێتە هێزی هەرێمیی لە ناوچەکەدا.
باسی لەوەشکردووە، چۆن ئیسرائیل بە پاڵدان بە هێزێکی کوردییەوە دەیەوێت لەمەودوا درێژە بە بوونی خۆی بدات. هەر بۆیە پێویستە بە باشی هەموو پێشهاتە هەرێمی و ناوچەییەکان بخوێندرێتەوە، چونکە بە درێژایی ڕەوتی مێژوو، زۆر هێز هەبوون حساب و کتابیان لەسەر کورد و بەسەر کوردەوە کردووە.
پێویستە تۆمارە دەنگییەکە بە میدیاش بدرێت
بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، لیژنە پەرلەمانییەکە لەبارەی دیدارەکەوە کۆببێتەوە و کۆچیغیت لەو بارەیەوە دەڵێت، هەر سێ ئەندامی شاندەکە، واژۆمان لەسەر دەنگی دیدارەکە کردووە و بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانمان داوە و بەبۆچوونی پارتی دەم، پێویستە دەنگەکە بخرێتە بەردەم ئەندامانی لیژنە پەرلەمانییەکە کە 50 کەسن و تەنانەت بە میدیاش بدرێت.
قەندیل پرێس