به‌په‌له

باکرهان بۆ سەرۆکی جەهەپە: ئەگەر دەفتەری ‘جەللاد’ـەکان هەڵبدەینەوە، قەرزدار دەبنەوە

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رەخنەی تووند لە لێدوانەکەی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دەگرێت لەبارەی “سیندرۆمی ستۆکهۆڵم” و دەڵێت، “ئەگەر بڕیار بێت دەفتەری ‘جەللاد’ـەکان هەڵبدەینەوە و باسی رابردوو بکەین، هەمووتان قەرزدار دەبن”.

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی سێشەممە (2-12-2025) لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و کاردانەوەی تووندی بەرامبەر لێدوانەکەی ئۆزگور ئۆزەل نیشان دا.

باکرهان پرسی: “بەرێز ئۆزەل، لە کاتێکدا ئێمە لە پەرلەمان باسی یاسا دەکەین و لە شەقامەکان هەوڵدەدەین ئاشتی بکەینە کولتوور، بۆچی ئێوە لەسەر مینبەرەوە قسەی سووکایەتیکردن بە گەلێک دەکەن؟”

هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: “با هەمووان باش بزانن ئەگەر دەفتەری ‘جەللاد’ـەکان هەڵبدەینەوە، ئەگەر باسی رابردوو بکەین، هەمووتان قەرزدار دەردەچن. بانگەوازی هەمووان دەکەم واز لە زمانی ململانێ بهێنن”.

چی روویدابوو؟
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، لە 39ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا گوتی: “بانگەوازتان دەکەم تووشی سیندرۆمی ستۆکهۆڵم نەبن، بانگەوازتان دەکەم عاشقی ئەو جەللادەمان نەبن کە دوێنێ بەزۆر لە دەستی رزگارمان بوو”.

ئەم لێدوانە نیگەرانیی دەم پارتی لێکەوتەوە، هەرچەندە دواتر ئۆزەل لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وشەی “جەللاد” ئاراستەی دەم پارتی نەکراوە. هەروەها کاردانەوەکەی تولای هاتیمئۆغوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی بە “دڵپیسی” وەسف کرد و رایگەیاند درێژە بەو مشتومڕە نادات.

سیندرۆمی ستۆکهۆڵم چییە؟
ئەم زاراوەیە لە رووداوێکی ساڵی 1973 لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێدەوە سەرچاوەی گرتووە. لەو ساڵەدا دوو چەکدار هەڵیانکوتایە سەر بانکێک و چوار فەرمانبەریان بۆ ماوەی شەش رۆژ بە بارمەتە گرت. دوای ئەوەی پۆلیس بارمەتەکانی رزگار کرد، دەرکەوت بارمتەکان سۆزیان بۆ دزەکان هەیە و بەرگرییان لێ دەکردن، تەنانەت ئامادە نەبوون لە دادگە شایەتییان لەسەر بدەن و پارەشیان بۆ پارێزەرەکانیان کۆدەکردەوە.

“پێویستە وەڵامێکی ئەرێنیی ئیلهام ئەحمەد بدەنەوە”
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، باکرهان باسی لەوە کرد کە پێویستە تورکیا وەڵامێکی ئەرێنیی داواکارییەکەی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بداتەوە بۆ سەردانکردنی تورکیا.

باکرهان گوتی: “لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریاوە دەستی دۆستایەتی بۆ تورکیا درێژ کراوە و پێویستە ئیدی دەست بخەنە نێو ئەم دەستە. ئیلهام ئەحمەد بۆ کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکەی پارتەکەمان، کە بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە لە ئیستەنبووڵ بکرێت، بانگهێشت کرابوو. خۆیشی گوتبووی کە بەشداری دەکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا لەمبارەیەوە هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە.”

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *