هێزەکانی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی” بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوامن لەبەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆیان لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕێگەی ئاسمانییو وشکانییەوە، جگە لەئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی “هەسەدە”، لەچوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئامادەیی بەرگرییو ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییە ئەمنییە گریمانکراوەکان.
بەگوێرەی بەدواداچونەکانی “ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ” بۆ چالاکییەکانی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” لەناوچەکە، سەرەتای ئەم مانگەو لەماوەی دوو ڕۆژدا، دوو فڕۆکەی پڕ لەچەکی پێشکەوتوو و تەقەمەنییو کەرەستەی سەربازیی بۆ بنکەی خەراب جیر لەگوندەواری ڕمێلان لەباکوری حەسەکە گوازراوەتەوە، ئەوەش لەژێر پاراستنی ئاسمانیی چڕ لەفڕۆکەی جەنگییو هەلیکۆپتەر.
هەروەک لە 1و 2ی شوبات لەبنکەی “هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی”و هێزەکانی “هەسەدە” لەبنکەی ئەلوەزیر لەباکوری حەسەکە، مانۆڕی سەربازیی هاوبەش ئەنجامدرا، لەو ماوەیەدا تەقەمەنی زیندوو و چەکی پێشکەوتوو بەکارهێنرا، جگە لەوەش لەبنکەی وێستگەی غازی کۆنۆکۆ لەڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر، هاوکات لەگەڵ گەڕانی چڕی هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا بەرزکردنەوەی هەماهەنگیی سەربازییو ئامادەیی شەڕکردن، مەشقی هاوشێوە ئەنجامدرا.
ئەم هەنگاوانە لەچوارچێوەی بەردەوامیی پشتیوانیکردنی هاوپەیمان نێودەوڵەتیی لەهێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”دا دێن، بەتایبەتی لەڕوبەڕوبونەوەی گروپى تیرۆریستیی داعش.
لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکانی “هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی” لەبەرەبەیانی 3ی شوبات بەهاوکاریی لەگەڵ “هەسەدە” لەگوندی ئەلناملییە لەگوندەواری باکوری دێرەزور کە وەبەرهێنەرێکی نەوتی گومانی ئەوەی لێدەکرا سەر بەگروپى داعش بێت دەستگیرکرا، ئەوە جگە لەدەستبەسەرداگرتنی چەکی جۆراوجۆر، ئۆپەراسیۆنەکە بەبەشداریی هێلیکۆپتەرە جەنگییەکان ئەنجامدرا.
ڕوانگەکە باسی لەوەشکردوە، سەرەڕای کەمبونەوەی بونی ئێران لەسوریا کە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو موشەکەوە مەترسی بۆ سەر هێزەکانی “هاوپەیمانی” دروستدەکرد، بەڵام “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی” بەردەوامە لەبەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی لەگوندەواری حەسەکەو دێرەزور.
قەندیل پرێس