سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێداگرن لەسەر بنیاتنانی “داهاتوویەکی بێ تیرۆر” و ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی چەکدانان دەستیپێکردووە و بەمزووانە لە پەرلەمان پێشکەوتنی بەرچاو روودەدات. جەختی لەوەش کردەوە، ئیمراڵی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی بۆ پرۆسەکە پێشکێش کردووە و دەیکات.
میدیای فەرمیی تورکیا، ناوەڕۆکی گفتوگۆی رۆژنامەڤانیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. گفتوگۆ رۆژنامەڤانییەکە لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەکاتی گەڕانەوەی ئەردۆغان بۆ تورکیا دوای گەشتەکەی رۆژی 20ی مانگ بۆ قوبرسی تورکیا، کردبووی.
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئەردۆغان رایگەیاند، “بەردەوامین لە هەنگاونان بۆ گەیشتن بە ئامانجی(تورکیای بێ تیرۆر). لەم رێگەیەدا پێشکەوتن بەردەوامە. زۆر بە وریاییەوە کار دەکەین بۆئەوەی پرۆسەکە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ پڕوپاگەندە و ئاژاوەیەکەوە. لە ئامادەباشیداین دژی هەموو ئەو هەوڵە تێکدەرانەی کە ئامانجمان دەخەنە مەترسییەوە.”
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، “پرۆسەی چەکدانان دەستیپێکردووە، هاوکارە پەیوەندیدارەکانمان بەدواداچوونی پێویست دەکەن و پەیوەندییەکان رێکدەخەن. بەپێی زانیارییەکانم، گفتوگۆکان لەبارەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. لە داهاتوویەکی نزیکدا شایەتی بەرەوپێشچوون لە پەرلەماندا دەبن. سوورین لە بنیاتنانی داهاتوویەکی بێ تیرۆر. بە روونی دەزانین چی دەکەین، چۆنی دەکەین و لە کۆتاییدا دەگەینە کوێ.”
“ئیمراڵی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پێشکێش کردووە و دەکات”
ئەردۆغان باسی لە هەسەدە، ئیمراڵی و کاریگەرییەکانی پرۆسەی چارەسەر بۆ سەر رۆژئاڤا کرد و گوتی، “رووداوەکانی ناوچەکەمان، جارێکی دیکە راستیی ئەم هەنگاوەی ئێمەیان سەلماندەوە. ئێستا ئیمراڵی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی بۆ ئەم پرسە پێشکێش کردووە و دەکات، ئەم لایەنەی بابەتەکە زۆر گرنگە. هەڵوێستی یەپەگە هەر ساتێک بێت دەکرێت بگۆڕێت. گرنگە بزانین ئەم نزیکبوونەوەیە چۆن کاریگەریی لەسەر هەسەدە دەبێت کە درێژکراوەی ئەوانە.”
پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەربڕی و گوتی، “سوورین لە هەڵوێستمان، ئەحمەد شەرع لە سووریا بەتەنیا جێناهێڵین. نامانەوێت سووریا پارچە پارچە ببێت، بەڵکو رێکخستنەوەی سووریا بە ئەرێنی بۆ وڵاتی خۆشمان دەبینین، چونکە ئەمە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێمەشدا دەبێت.”
قەندیل پرێس