ئەسغەر جیهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێوین لە تاران گەیشتووەتە 71 کەس.
ئەسغەر جیهانگیر، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی بریندارانی رووداوەکە بکات، گوتیشی، “کوژراو بریندارانی هێرشەکە، لە ستافی ناو زیندان، زیندانی، سەرباز و کەسوکاری زیندانیان بوون، کە رۆیشتبوون بۆ لاى زیندانییەکان”.
23ـی حوزەیرانی 2025 ، لە 11یەمین رۆژی جەنگدا، ئیسرائیل شارەکانی تاران، کەرەج و قومی بۆردوومان کرد، لەو بۆردومانانەدا هەریەکە لە وێستگەى ئەتۆمیى فۆردۆ و دەروازەکانى زیندانى ئێوین بە ئامانجگیران.
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران دەشڵێت، هەر بەهۆی هێرشەکەوە، ژمارەیەک هاوڵاتى لە نزیک زیندانییەکە گیانیان لە دەستداوە و زیانى مادیش بەر باڵەخانەکانى دەوروبەر گەیشتووە.
زیندانەکە دەکەوێتە ناوچەی ئێوین لە تاران و ساڵی 1972 دروستکراوە، لە پاش شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979 تایبەت کراوە بە شوێنی زیندانیانی سیاسی و ئەو چالاکوانانە، کە حکومەتی تاران بە دژبەر ناویاندەبات.
قەندیل پرێس