به‌په‌له

ئاکپارتی بۆ هەسەدە: رێککەوتنی ئادار جێبەجێ بکەن و پارتی سیاسی دابمەزرێنن

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی بە پێویستی زانی رێککەوتنی مانگی ئاداری نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر جێبەجێ بکرێ. ئاماژەی بەوەشکرد، هەسەدە دەتوانێ پارتی سیاسی لە سووریا دابمەزرێنێ و چالاکی سیاسی بکات.

ئەو قسانەی عومەر چەلیک، رۆژی سێشەممە 25-11-2025 بوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا. گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، لە هەموو جیهاندا وڵاتان چۆن هێزی رەق بەکاردێنن، هێزی نەرمیش بەکاردەهێنن. گوتیشی: “لەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، بەگوێرەی دەرفەت و توانای دەوڵەتی یاسایی هەنگاو دەنرێ. تەوەری سەرەکی بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستی و چەکدانان. خاڵی سەرەکی ئەوەیە پەکەکە بە هەموو باڵ و پاشکۆکانییەوە خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەک دابنێت”.

“مامەڵەکردن لەئارادا نییە”

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی: “تورکیای بێ تیرۆر سیاسەتی دەوڵەتە. ئەگەر کەسێک رەخنەی هەبێت، بێگومان گوێی لێ دەگرین، بەڵام رێگە بەوانە نادەین کە دەچنە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە و بەبێ هەبوونی هیچ پێشنیازێک بۆ چارەسەر، بە هەڵوێستی نکۆڵیکردن و بەشێوەیەکی ناڕەوا هەوڵی ژەهراویکردنی پڕۆسەکە دەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئیمە تێدەکۆشین”.

لەکاتێکدا لەنێو تورکیادا رەخنەی لەو جۆرە لە دەسەڵات دەگیرێ گوایە دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ پەکەکە دەکات، گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی: “با گەلی ئێمە دڵنیا بێت کە پشتئەستوور بە ستانداردی دەوڵەتەکەمان، هیچ مامەڵەیەک لەئارادا نییە. نابێت کەس ئەوە لەبیر بکات کە ئەو پشتیوانییەی لە شوێنی خۆیەوە بەم پرسەی دەدات، پشتیوانییە بۆ یەکێتی و ئارامیی وڵاتەکەمان. کۆماری تورکیا کۆنترۆڵی ئەجێندای خۆی دەکات. تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت ستراتیجییەکی یەکگرتوو و نەخشەڕێگەیەکی بەرهەمداریان خستووەتەڕوو. پشتیوان بە خودا، هەوڵدەدەین تیرۆر لە ئەجێندای وڵاتەکەمان و ناوچەکەشمان نەهێڵێن”.

“نابێت هەسەدە ببێتە هەڕەشە بۆسەر تورکیا”

پرسیاری چارەنووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا و هەڵوێستی ئەنقەرە ئاراستەی عومەر چەلیک کرا، بەتایبەتی کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ ئەنقەرە نیشانداوە.

چەلیک گوتی: “قسەی ئێمە روونە. ئێمە گرنگی بە گوتار نادەین، واتە لەسەر لێدوانی ئەم و ئەو قسە ناکەم. ئەوەی گرنگە لێرەدا قسەی کەسەکان نییە، بەڵکو ئەوەیە رووداوەکان بەرەو کوێ دەچن؛ میکانیزمی کارەکە بەرەو کوێ دەچێ. ئەگەر کەسێک بڵێ؛ من نەیاری کۆماری تورکیا نیم و نابمە هەڕەشە بۆ سەر کۆماری تورکیا، دەبێت ئێمە ئەمە بە کردەیی ئەوە ببینین. ئەگەر ئێمە بە کردار ببینین کە خەریکی پیلانن دژی کۆماری تورکیا و لە ئامادەکاریی سەربازیدان بۆ ئەوەی رۆژێک هێرش بکەن، ئەوا گوتنی ‘نابينە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا’ لای ئێمە هیچ واتایەکی نییە”.

ئاکپارتی لەبارەی هەسەدە: با پارتی سیاسی دابمەزرێنن

گوتەبێژی ئاکپارتی گوتی: “ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەمەیە: رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدە، باڵی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکەیە و لە چوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆردا دەبێ لەوە دەربچێت کە هەڕەشە بێ بۆسەر تورکیا. رێگەی ئەوان روونە و تورکیاش ئەمە پەسند دەکات. کاتێک رێککەوتننامەی 10ی ئادار جێبەجێ دەکەن، ئەو هێزانە خۆیان لەوە دەردەهێنن کە ببنە هەڕەشە بۆسەر تورکیا، دواتر ئەوانەی لە تیرۆر تێوەنەگلاون لە سووریادا پارتی سیاسی دادەمەزرێنن و هەوڵدەدەن لە نێو سیاسەتی سووریادا رۆڵی چالاک بگێڕن”.

گوتەبیژەکەی ئاکپارتی زیاتر لەبارەی هەسەدە قسەی کرد و گوتی: “لە چوارچێوەی تورکیای بێ تیرۆردا، نابێت چیدیکە ببێتە هەڕەشە بۆسەر تورکیا. هەستیارییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری تورکیا دواخستن قبووڵ ناکات و دەبێ ئەوە جێبەجێ بکرێ. با تەوەرەکەمان لێ ون نەبێ. ئێمە هەنگاوەکانی ئەو پێکهاتانەی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و هەنگاوەکانیان بۆ نەهێشتنی ئەم هەڕەشەیە دەبینین و تۆماری دەکەین، هەنگاوە نەرێنییەکانیش دەبینین.”

چەلیک باسی هەڵوێستی ئاکپارتی و مەهەپەی کرد و گوتی: “هاوپەیمانیی جمهوور ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت هەسەدەش چەک دابنێت و پابەندی رێککەوتنی 10ـی ئادار بێت. بۆیە ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دەکەین ئەمەیە: پرسەکە کەسەکان نین. پرسەکە ئاسایشی ناوچەکەیە و هاوکات ئاسایشی کۆماری تورکیایە”.

مەزڵووم عەبدی ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا نیشانداوە و بەرپرسانی دەم پارتیش پشتگیریی ئەو هەنگاوەی دەکەن و پێشنیاز دەکەن ئەنقەرە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆببێتەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

باخچەلی حەوت خاڵ دژی ئیسرائیل پێشنیاز دەکات

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) رەخنەی تووند لە ئیسرائیل دەگرێت لەبەرامبەر هێرشەکەی سەر بنکەی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *