به‌په‌له

ئارێز مۆحه‌مه‌دی: شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بووە هۆی ئەوەی کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر هەست بە بەهێزبوون و متمانە بەخۆبوون بکەن

ئارێز مۆحه‌مه‌دی ده‌ڵێت: “ئەوەی ئێستا جێی مشتوومڕی زیاتر و ڕەخنەی جدی و ئاشکرایە، زەروورەتی خۆ داڕشتنەوەی حزبەکانە بە گوفتومانی نوێ و قووڵتر تا بتوانن لەم ڕێگەیەوە دەستپێڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ و باشتریان هەبێت بە بزووتنەوەی ژنی کورد. لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە پرسەکان بەپێی پێشکەوتوویی و لە دایک بوونی نەوەیەکی دیکە کە هەڵگری خواستی نوێ و جیاوازن و گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لازم و زەروور و ئەرکە کە حزبەکان مەیدانیان بەرینتر بکەن تا هەم ژنان لە دەسەڵات و پێگەی بەرزی تەشکیلاتی و ناوەندی بڕیاردان دا بێبەش نەبن و هەمیش بە کەڵک ورگرتن لە هزری ژنان و نەوەی نوێ، یارمەتیدەری باشتر بوونی دۆخی ژنان و دۆخی سیاسی و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و بزووتنەوەی ژنانی کورد بدەن.”

قه‌ندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن ڕۆژی 25ی نۆڤەمبەر وەکوو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان ناسێندراوە، تکایە بە کورتی لەسەر مێژووی ئەم ڕۆژە بۆ بەردەنگەکانمان باس بفەرموون؟

ئارێز مۆحه‌مه‌دی: 25ی نوامبر وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆنەیەکی جیهانییە و ڕیشەی لە مێژووی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان و یەکسانیخوازان دایە بۆ ڕێگری کردن لە توندوتیژی و زیادکردنی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان. هەروەتر ئەم بەروارە بۆ یادی سێ خوشکی میرابال، وەک چالاکانی سیاسی کۆماری دۆمینیکان دەستنیشان کرا کە ساڵی ١٩٦٠ لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری ڕافایل تروخیلۆ بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران.
ئامانجەکانی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بریتییە لە زیادکردنی هۆشیاری گشتی لەسەر جۆرەکانی توندوتیژی وەک توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، سێکسی، ئابووری و سیاسی بەرامبەر بە ژنان. هاوکات هاندان، پشتیوانی و پشتگیریی کردنی ژنانە کە تووشی تووندوتیژی بوون. لەلایەکی دیکەشەوە نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵمەتێکی بە ناوی “مانگی نارنجی” دەستپێکردووە کە لە ٢٥ی نوامبری هەموو ساڵێک تا ١٠ی دێسەمبر کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، بەردەوام دەبێت لە باسکردن و جەختکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان. لەم هەڵمەتەدا ڕەنگی نارنجی وەک هێمای هیوا و داهاتوویەکی گەش و دوور لە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دیاری کراوە.

قه‌ندیل پرێس: هێشتا لە هەموو وڵاتان دەبینین کە بزووتنەوەی ژنان کەم تا زۆر بوونیان هەیەو خەریکی چالاکی و خەباتن، بە ڕای بەڕێزتان بۆ هەتا ئێستا ئەم بزووتنەوانە بە تایبەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بەردەوامن؟

ئارێز مۆحه‌مه‌دی: ئەم بەردەوامیە لە خەبات بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی ژنان نیشاندەری ئەوەیەکە هێشتا کێشە پێکهاتەیی و قووڵەکانی پەیوەست بە نایەکسانی جێندەری چارەسەر نەکراون. بۆیە پێکهاتەکانی دەسەڵات لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا هێشتا سێبەری پیاوسالاریی بەسەریەوە زاڵە کە هەڵاواردن و جیاکاریی لە بوارە جیاواز و گرنگەکانی وەک سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دا بەرهەم دەهێننەوە. ئەمڕۆکە پرسی ژنان و پرسی یەکسانی گەشەی کردووە، بە جۆرێک یەکتربڕینی پرسەکانی ژنان لەگەڵ فاکتەرەکانی وەک ڕەگەز، چینایەتی، ئایین و نەتەوەدا تێکەڵ بووە کە هەر ئەم فرە چەشنییە پێویستی بە ململانێی فرە چینیش هەیە. بۆیە تا ئەو کاتەی دادپەروەری لە دەستڕاگەیشتن بە هەل و دەرفەتەکان و مافە سەرەتاییەکان بەدی دێت، بزووتنەوەکانی ژنان بەردەوام دەبن لە خەبات.

قه‌ندیل پرێس: لە ئێستادا بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئارێز مۆحه‌مه‌دی: ساڵهایە کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەستێنە جیاوازەکانی بەشداری دا هەوڵ دەدەن و خەبات دەکەن. گەرچی گۆڕانکاری باش لە ئاستی وشیاری و تێگەیشتوویی لە مەڕ مافەکانی خۆیان و پرسەکانی یەکسانیدا هاتووەتەگۆڕ، بەڵام مەشەوە تا ئێستاش ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە ململانێ دان و لە ژێر کاریگەری هۆکارە سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئابووریەکاندا ماونەتەوە. لەلایەک ئاماری خۆکوشتنەکان و کوژرانەکان بە دەست کەسانی نزیک، هاوکات دەستبەسەر کردن و لێدان و سەپاندنی حوکمی قورس لەلایەن ڕژیم بۆسەر ژنانی چالاکوان، نیگەرانیەکانی زیاتر کردووە. گەرچی ئەم باروودۆخانە زاڵن بەڵام هێشتاکەش ژنانی کورد چالاکانە بەشدارن لە مەیدانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دا، تا بتوانن ڕەوەندی پرسی ژنی کورد و پرسی مافی مرۆڤ لە کوردستان ببەنە قۆناغێکی باشتر.

قه‌ندیل پرێس: کاریگەریی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەسەر پرسی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن؟

ئارێز مۆحه‌مه‌دی: شۆڕشی ژینا/ژن-ژیان-ئازادی کاریگەریی بەرفراوانی لەسەر کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە. ئەم شۆڕشە کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، بووە هۆی ئەوەیکە هەردوو کۆمەڵگەی ئێران و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی ڕەهەندە جیاوازەکانەوە ئاڵووگۆڕی بەسەردا بێت تایبەتی پرسی ژنان. هەرچەند ساڵهایە لێرە خەبات و ململانێی ژنان و تاک بە گشتی بۆ ئازادییەکانیان بەردەوامە بەڵام بەهەموو ئەمانەشەوە دەتوانم ئاماژە بە بەهێزتربوون و هۆشیاری زیاتری کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و سیاسی دوای هەڵگیرسانی شۆڕشەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەم تایبەت لەلایەن ژنان و گەنجانەوە. شۆڕشی ژن-ژیان-ئازادی بووە هۆی ئەوەی کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر هەست بە بەهێزبوون و متمانە بەخۆبوون بکەن. چونکە جەرەقەی ناڕەزایەتییەکان لە قووڵایی هەڵاواردنی ڕەگەزی و نایەکسانیەوە دەستی پێکردبوو و هەر بۆیە ژنان قاییم تر هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان دەدا و لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا چالاکانە بەشدار دەبوون.
لەلایەکی دیکەشەوە زیادکردنی هۆشیاری بەکۆمەڵ سەبارەت بە مافە تاکەکەسییەکانی ژنان و مافە نەتەوەییەکانیان یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە کە هانی ژنانی دا ڕۆڵی خۆیان لە ڕووی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کلتووریەکان زیاتر بکەن و توانیاییەکانیان بخەنە ڕوو. وەک بەشداری زیاتر لە چالاکییەکان و بەهەڵوێست بوون، کە بەمەش ناسنامەیەکی سەربەخۆ و بەهێزتریان بۆ خۆیان دروست کرد.

قه‌ندیل پرێس: ڕۆڵی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئارێز مۆحه‌مه‌دی: بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر سێبەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێویستی بە سەرنج خستنە سەر چەند خاڵێکی سەرەکی هەیە لەوانە:یاسا و سیاسەتی فەرمی، پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و هەروەها هەلومەرجی نەتەوەیی و چینایەتی ڕووبە ژنانی کورد. ژنان لێرە ڕووبەڕووی یاسا و کلتوری دژە ژنن کە پێوەندی و هەڵسووکەوتی ئەوان هەم سنوردار دەکات هەم کۆنتڕۆڵ. لە ڕێگەی باڵادەستی ڕەگەزییەوە لە بەستێنەکانی وەک یاسا و ناوند و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکاندا هەوڵ دەدات ژنان کەم دەسەڵات و گۆشەگیر بکات کە بێگومان ئامانج لەمەش لاواز هێشتنەوەی ژنانە و لەم ڕێگەشەوە لاواز هێشتنەوەی تەواوی کۆمەڵگەیە. کاتێک باس لە ڕژیمی ئێران دەکەین واتە ڕژیمێکی داگیرکەر بۆیە لە گۆشە نیگای ئەم پرسەشەوە، ژنان وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستانی بندەست، بێبەشن لە دەرەف و مافەکانی دەستپێڕاگەشتن و بەشداری و ژیانێکی یەکسان و دوور لە هەڵاواردن.

قه‌ندیل پرێس: ڕۆڵی حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵات و بەگشتی دۆخی ژنان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئارێز مۆحه‌مه‌دی: کاتێک باس لە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بێگومان بوونی حزبەکان لێی بێبەری نیە کە ساڵها بە خەباتی ئاشکرا و نهێنی خۆیان کاریگەرییان بووە تێیدا. ژنان وەک بەشێک لەم خەباتە هەموو دەم لە قۆناغە جیاوازەکاندا و لە بەشە جۆراوجۆرەکانی چالاکیی حزبیی دا بەشدار بوون. بەشێک لەمە بۆ ئاگایی خودی ژنان دەگەڕێتەوە کە وشیار بوون لە بوونی ماف و خواستەکانیان، بەشێکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیکە بوونی حزبەکان وەک مەیدانێکی جێی متمانە بۆ هێنانەدی مافەکانیان تێدا بەدی کردووە. پرسی ژنان و پرسی یەکسانی لە ئەساسنامەو ئەجێندای حزبەکاندا هەمیشە بووە و ژنانی ئەندامی حزبەکانیش لە مێژووی دامەزراندنی حزبەکاندا بە دامەزراندنی ڕێکخراوەو ناوەندی فەرمی تایبەت بە پرسی ژنان هەوڵیان داوە پەرە بە بزووتنەوەی ژنانی کورد بدەن و دۆخی ژنانی کورد باشتر بکەن. بەڵام ئەوەی ئێستا جێی مشتوومڕی زیاتر و ڕەخنەی جدی و ئاشکرایە، زەروورەتی خۆ داڕشتنەوەی حزبەکانە بە گوفتومانی نوێ و قووڵتر تا بتوانن لەم ڕێگەیەوە دەستپێڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ و باشتریان هەبێت بە بزووتنەوەی ژنی کورد. لە سەردەمی ئەمڕۆدا کە پرسەکان بەپێی پێشکەوتوویی و لە دایک بوونی نەوەیەکی دیکە کە هەڵگری خواستی نوێ و جیاوازن و گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لازم و زەروور و ئەرکە کە حزبەکان مەیدانیان بەرینتر بکەن تا هەم ژنان لە دەسەڵات و پێگەی بەرزی تەشکیلاتی و ناوەندی بڕیاردان دا بێبەش نەبن و هەمیش بە کەڵک ورگرتن لە هزری ژنان و نەوەی نوێ، یارمەتیدەری باشتر بوونی دۆخی ژنان و دۆخی سیاسی و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و بزووتنەوەی ژنانی کورد بدەن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: پەیوەست بوونی بازاڕیان بە ناڕەزایەتیەکان، تەرازووی هێز بە زەرەری کۆماری ئیسلامی دەشکێنێتەوە

د. عادڵ ئه‌لیاسی، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە وتووێژێکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *