شێروان شێروانی پێنج ڕۆژە لە زیندان مانی لە خواردن گرتووە

ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی پێنج ڕۆژە لە زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر مانی لە خواردن گرتووە و تا ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیداریش بەدەم داواکارییەکانییەوە نەچوون.

سزادانی بەردەوامی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە ناو زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێر بەردەوامە و ئەویش لەبەرامبەر ئەو سزایانە مانی لە خواردن گرتووە.

ئەمڕۆ پێنج ڕۆژە ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی لە زیندانی چاکسازی گەورانى هەولێر مانگرتنی لە خواردن دەستپێکردوە، مانگرتنەکەی بەهۆی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانییەوەتى کە لەلایەن ئیدارەی زیندانەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لەبەرچاوناگیرێت.

شێروانی لە ٢٢ـی ئەم مانگە دەستی بە مانگرتن کردووە، ئەوەش دوای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی بوو کە بە نووسراوی فەرمی داوای کردبوو ئازادکردنی بە مەرجی بۆ جێبەجێ بکرێت و ڕێگەی پێ بدرێت هەفتانە لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بگەڕێتەوە ماڵەوە و کۆتایی هەفتە بچێتەوە زیندان، بەڵام ئەو داواکارییەی ڕەتکرایەوە.

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی شێروانی ئەوە بووە کە وەک مافی ئازادبوونی مەرجداری پێنادرێت با بیگوازنەوە بۆ زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی و لەوێ ماوەی سزاکەی تەواو بکات، بەڵام ئەو داواکارییەشی ڕەتکراوەتەوە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە لەبەرامبەر ڕەتکردنەوەی ئەو داواکارییانەی دەستی بە مانگرتن کردووە و ئەمڕۆ پێنج ڕۆژە بەردەوامە، هەرچەندە چەند بەڵێنێکی زارەکی پێدراوە لەبەرامبەر شکاندنی مانگرتنەکەی، بەڵام ئەو جەختیکردووەتەوە، ئەو بەفەرمی و بە نووسراوی فەرمی دەیەوێت ئەو مافانەی بۆ جێبەجێ بکرێت ئینجا مانگرتنەکەی دەشکێنێت.

بەرزان شێروانى، برای شێروان شێروانی  ڕاگەیاند، براکەی مافێکی یاسایی خۆیەتى کە داوای مۆڵەتى ئازادبوونى مەرجدار بکات، بەڵام بەدەم داواکارییەکانییەوە نەهاتن، بۆیە ئەویش بڕیاریدا لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا دەست بە مانگرتن بکات.

بە وتەی بەرزان شێروانی، بەهۆی مانگرتنەوە براکەی لە زیندان ماندووە و جەستەی لاواز بووە، بەڵام ئیرادەی زۆر لەو کاتەدا بەهێز ترە کە دەستگیر نەکرابوو.

شێروان شێروانی لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٠ لەگەڵ ژمارەیەك ڕۆژنامەوان و چالاكوانێكی بادینان دەستگیركرا، پاش چەند مانگێك لە دەستگیركردنیان، دادگای تاوانی هەولێر ڕۆژی ١٦ی شوباتی ٢٠٢١ بە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی”، هەریەك لە شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گوهدار محەمەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بەشەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكەیان سزادا، سەرجەمیان ئازادکراون جگە لە شێروان شێروانی و قارەمان شوکری.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکوک بڕیارێک دژی جێگرە کوردەکەی دەردەکات

قەندیل پرێس – کەرکوک بەپێی نۆسراوێک کە بەدەست قەندیل پرێس کەوتووە، پارێزگارە تازەکەی کەرکوک کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *