ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سووریا لەگەڵ شاندێکی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی سیناتۆر جین شاهین کۆبوونەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە پەراوێزی کارەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوو، هەردوولا باسیان لە دۆخی سووریا و ناوچەکە کرد، جەختیان لە گرنگیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی کردەوە بۆ ئەوەی ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو بێت.
لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر پشتگیریکردنی پڕۆسەی سیاسی کرایەوە، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها بۆ ئەوەی هەوڵەکان بەرەو گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر ئاڕاستە بکرێن کە بتوانێت تەواوی خواستەکانی گەلانی سووریا لە خۆ بگرێت.
قەندیل پرێس