مامۆستایەکی خۆبەخشی زمانی کوردی و ئەندامی رێکخراوی کولتووری–کۆمەڵایەتیی نۆژین لە شاری دێولان بە یەک ساڵ بەندکردن سزا درا.
رۆژی چوارشەممە 5-11-2025، دادگای شۆڕشی شاری دێولان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکومەت، سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەر محەممەد رەزاییدا سەپاند.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تۆمەتی سەپێنراو بەسەر محەممەد رەزایی پەیوەندی بە چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی هەیە، کە لە چوارچێوەی رێکخراوی کولتووری–کۆمەڵایەتیی نۆژین ئەنجامی دەدا.
محەممەد رەزایی رۆژی 21-7-2025 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای 55 رۆژ، بە دانانی بارمتەی 800 ملیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
رۆژی سێشەممە 04-11-2025، رێکخراوی نۆژین ڕایگەیاند کە دادگای سنە، ئیدریس منبەری، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەم رێکخراوەی ئاگادار کردووەتەوە، کە رۆژی شەممەی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی خۆی بچێتە دادگای سنە.
تا ئێستا چەندین مامۆستای خۆبەخش و ئەندامی رێکخراوی نۆژین دەستبەسەر و بەند کراون، لەوانە: زارا محەممەدی، سۆما پوورمحەممەدی و سەیوان ئیبراهیمی.
رێکخراوی کولتووری–کۆمەڵایەتیی نۆژین لە ساڵی 2010 دامەزراوە و لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنە کۆرسی فێرکردنی زمانی کوردی بەڕێوە دەبات.
قەندیل پرێس