پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان کە پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)یە، بە تووندی بەرپەرچی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتیی دایەوە کە وشەی نەشیاوی بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەکارهێنا.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 14-10-2025 پەرلەمانی تورکیا لە چوارەم ساڵی یاسادانانی خولی 28ــەمیندا کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان بەرێوەچوو کە یەکێک لە چوار بریکارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ئیی پارتی بە تووندی رەخنەیان لە یەکدی گرت و یەکدییان تۆمەتبار کرد.
چۆمەز بۆ پەروین بوڵدان: ئێستا لەسەر کورسییەکەی ئەتاتورک دانیشتووی
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی بە تووندی هێرشی کردە سەر پەروین بوڵدان و گوتی، “بەڕێز بوڵدان، دەمانزانی ئێوە دوو پێگەتان ھەیە. یەکێکیان بریکاری سەرۆکی پەرلەمانە و ئەوی دیکەشیان ئەوەیە کە پەرلەمانتارن. ئینجا ئێستا لەسەر کورسییەکەی ئەتاتورک دانیشتوون؛ لە پەرلەمانێک کە لە کاتی شەڕدا دامەزرا و سەرکردایەتی خەباتی رزگاریخوازی ئەم وڵاتەی کردووە. ئەرکێکی زۆر گرنگتان ھەیە.”
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی بە توانجەوە ئاماژەی بەوە دا کە پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالییە و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات و گوتی، “ھەفتەی رابردوو زانیمان کە ئێوە لە ھەمان کاتدا نامەبەرن. ئێوە سەردانی ئیمرالیتان کرد و لەوێ پەیامێکتان بە کۆمەڵگە گەیاند. سەیری بکەن، نابێت ئێوە بەرپرسیارێتی گواستنەوەی پەیامەکانی تیرۆریستێکی چەپەڵتان بۆ تورکیا هەبێت کە بکوژی 50 ھەزار کەسە و پۆلیس، سەرباز، مامۆستا و پاسەوانەکانی ئێمەی شەھید کردووە و خەڵکی ئێمەی سەربڕیوە؛ ناتوانن ئەمە بکەن، ئەمە زۆر ھەڵەیە.”
لەوکاتەدا مەحموود دیندار، پەرلەمانتاری بازنەی وانی دەم پارتی هاتە دەنگ و گوتی، “با ئاگای لە گوتەکانی بێ و بزانێت چی دەڵێت. ناتوانیت بە سەرکردەیەکی گەل بڵێیت ‘چەپەڵ’، بێڕێزی مەکە.”
دوای ئەو، پەروین بوڵدان قسەی بە چۆمەز بڕی و گوتی، “من ئەم گوتانەی ئێوە رەتدەکەمەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو مافەتان پێ بدات. سنووری خۆتان بزانن. ئەمە سنووری ئێوە نییە.”
مەحموود دیندار جارێکی دیکە رووی دەمی کردە چۆمەز و پێی گوت، “بێڕێزی مەکە، بە رێک و پێکی قسە بکە! بێڕێزی مەکە، وەک پیاو قسە بکە.”
تورھان چۆمەز گوتی، “دەتوانن رەتی بکەنەوە، بەڵام قسەکانم مەبڕن! قسەکانم مەبڕن! سنوور دانانێم، ئەوە ئێوەن سنوور دادەنێن؛ ناتوانن قسەکانم ببڕن.”
پەروین بوڵدان گوتی، “من ھەرگیز بێڕێزی بەم سەکۆیە، بێڕێزی بە مرۆڤێک (ئۆجەلان) قبووڵ ناکەم، رێگەش نادەم قبووڵ بکرێت.”
لە بەرامبەردا تورھان چۆمەز گوتی، “ناتوانن قسەکانم ببڕن. من قسەکانم تەواو دەکەم.”
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتی، “لە سەر کورسییەکەت دانیشە!”
تورهان چۆمەز گوتی، “گەل ئەرکی قسەکردنی بە من سپاردووە.”
سەزای تەمەللی گوتی، “بە ھەڕەشە قسە مەکە، دانیشە لەسەر کورسییەکەت!”
مەحموود دینداریش گوتی، “ئێوە بۆ شەڕ دێنە ئێرە یان بۆ سیاسەتکردن؟ ئەمە چ جۆرە ھەڵسوکەوتێکە؟!”
پەروین بوڵدان بە بریکاری فراکسیۆنی ئیی پارتیی گوت کە مافی نییە بەو جۆرە قسەبکەن، ئینجا رووی دەمی لە پەرلەمانتارانی ئیی پارتی کرد و گوتی، “من ئەگەر کارێک بکەم، ئەرکێکم هەیە، نامەبەر نیم. ئەگەر کارێک بکەم، بۆ داھاتووی تورکیا دەیکەم. بۆ داھاتووی تورکیا دەیکەم، بۆ ئاشتی ئەم وڵاتە دەیکەم، بۆ داھاتووی ئەم وڵاتە دەیکەم.”
پەرلەمانتارانی دەم پارتی بە چەپڵە پشتیوانییان لە گوتەکانی پەروین بوڵدان کرد.
تورھان چۆمەز کە بڵندگۆی لەسەر داخرابوو، دەیگوت، “ئێوە ناتوانن بەرگەی قسەکانم بگرن؛ ناتوانن بەرگەی قسەکانم بگرن.”
پەروین بوڵدان 15 خولەک کۆبوونەوەکەی وەستاند و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکانی بانگهێشتی ژووری پشتەوەی کۆبوونەوە کرد.
دوای وچانە 15 خولەکییەکە بڵندگۆ بۆ تورهان چۆمەز، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی کرایەوە.
چۆمەز دووبارە ناڕەزایی بەرامبەر بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی ئۆجەلان نیشاندا و گوتی:”ئێوە دەڵێن، با قسە بکرێ کە ئەوان دەیانەوێ. هەرچییان گوت با چەپڵەی بۆ لێبدرێ. با کەس ناڕەزایی دەرنەبڕێ، با کەس شتی جیاواز نەڵێ. بێگومان، بەم پەیامەی سەرۆکی تیرۆریستەکان، شتێکی دیکەشمان زانی! گوایە ئەوان دیموکرات بوون، هەوڵیان دەدا لە بکوژی 50 هەزار کەس، باڵیۆزێکی ئاشتی دروست بکەن.”
پەروین بوڵدان رووی دەمی لە پەرلەمانتارانی ئیی پارتی کرد و گوتی:”ئێمە زۆر باش ئەو عەقڵە دەناسین. ئەو عەقڵە زۆر باش دەناسین کە بە خوێن، جەنگ و تووندوتیژی بەخێوکراوە. ئێمە زۆر باش دەزانین کە ئێوە بارتەقای یەک گەردیش سوودتان بۆ ئەم وڵاتە نییە. ئێمە لەپێناو داهاتووی ئەم وڵاتە قسە دەکەین نەوەک بۆ ئێوە. ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی لەم وڵاتەدا دایکان نەگرین، گەنجان نەخرێنە ژێر گڵ و هەروەها منداڵان نەگرین. بەردەوام دەبین لە گوتنی ئاشتی، برایەتی و دریژەدان بەم کارە. هەتا بۆتان دەکرێ دژایەتی بکەن، منەتمان نییە. سنووری خۆتان بزانن، سنووری خۆتان بزانن.”
تورھان چۆمەز هەروەها رایگەیاند، ئۆجەلان داوایکردووە تەواوی دەنگە جیاواز و رەخنەگرەکان کپ بکرێن و گوتی، “باشە، کەواتە با حکومەت بەگوێی بکات. حکومەت چۆن دەیکات؟ میدیا و دادگاشی لەدەستن. با ئەوەی پێویستە بیکات. بەڵێ، لەوانەیە ئەمە داواکرابێ. وەک لە دۆسییەکانی پیلانگێڕیدا بوو، پێویستە جارێکی دیکە دووبارە بکرێتەوە، هەر کەسێک ناڕەزایی دەرببڕێ، هەر کەسێک بە پرۆسەی ناپاکی بڵێت نەخێر! لە سەری بدرێ. پیاوێک لە زیندانەوە کە سەرۆکێکی تیرۆریستە، ئەم فەرمانانە دەدات.”
چۆمەز ئەوەشی خستەڕوو، “ئێمە بەمە دەڵێین نەخێر! لە هەموو پلاتفۆرمەکاندا دەڵێین نەخێر! لەم هۆڵەشدا کە شوێنی بەدیهێنانی ویستی گەلە، گوتمان نەخێر! لەمەودواش بەردەوام دەبین لە گوتنی نەخێر”
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی رەتیکردەوە لە هیچ دیدار و کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دەم پارتی بەشداری بکەن و گوتی، “لەگەڵ ئەوانەی گوتاری کۆبوونەوەی فراکسیۆنیان بە ستایشی سەرکردەی تیرۆریستەکان دەستپێدەکەن، لەگەڵ ئەوانەی دروشمیان بۆ دەڵێنەوە، لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن بەخێربێن لە کوردستانەوە، وەک ئەوەی شوێنێکی دەرەوەی تورکیا بێت. لەگەڵ ئەوانە هەرگیز لە یەک پلاتفۆرم نەبووین، لەسەر یەک مێز نەبووین و نابین.”
بەشێک لەو گفتوگۆ و دەمەقاڵییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا بڵاوکراونەتەوە و کاردانەوەی زۆریان بەدوای خۆیاندا هێناوە.
کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دامەزراوە، بەردەوامە لە کۆبوونەوەکانی.
ئەو کۆمیسیۆنە ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025 لە 15یەمین کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژنان و گەنجان کۆدەبێتەوە.
قەندیل پرێس