بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ڕۆژنامەی ئیسرائیل هەییوم لەڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئاشتی گەیشتوەتە بنبەستو ئەگەری شەڕێکی نوێ، بەڵام قورسترو خوێناویتر لەنێوان ئێرانو ئسیرائیلدا لەئارادایە.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژنامەی ئیسرائیل هەییوم لەڕاپۆرتێکدا بەئاماژەکردن بەشەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێرانو ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەردولا باس لەسەرکەوتنی خۆیان دەکەنو لەکاتێکدا کە ئیسرائیل جەخت لەسەر لاوازبونی هێزی ئەتۆمیی ئێران دەکاتەوە، تاران باس لەمانەوەو بەرگرییو هێزی موشەکیی خۆی دەکات.
ئیسرائیل هەییوم باسی لەوەشکردوە، بەشکستی دانوستانە ئەتۆمییەکانو گەڕانەوەی گەمارۆ ئابورییەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران کەمتر لەڕابردوو لەهەڵگیرسانی شەڕ نیگەرانەو خەریکی بەهێزکردنەوەی سیستەمی موشەکییو بەرگریی ئاسمانی خۆیەتیو باس لەئەگەرى هێرشێکی پێشگریکارانە بۆسەر ئیسرائیل دەکات.
لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئیسرائیل لەشەڕی پێشودا پشتی بەهێرشی لەناکاوو پشتیوانیی ئەمریکاو سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو بەستبوو، بەڵام دیارنییە بۆ شەڕی داهاتوو ئەم پشتگیرییانەی دەستبکەوێتو ئامادەیی تاران بۆ شەڕو دڵنیانەبونی ئیسرائیل لەبەردەوامبونی پشتیوانییەکانی ئەمریکا، حکومەتی ئیسرائیل توشی ئاڵنگاریی قورسدەکەن.
هاوکات ماڵپەڕی “وای نێت”ی ئیسرائیل نوسیویهتى، سوپای ئەو وڵاتە بەتەواوی کەوتوەتە دۆخی ئامادەباشییەوە.
ڕاپۆرتێکی ئەو ماڵپەڕە دهڵێت:”دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پێیانوایە گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆسەر ئێران ڕەنگە تاران بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی دیکە هانبدات”.
لەدوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 ڕۆژە لەنێوان ئێرانو ئیسرائیلدا، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات بەبەردەوامی باس لەئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕدەکەنو هەردولا خەریکی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی خۆیانن.