موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی هەپەکەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تەنها بە ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک تەواو دەبێت، بەبێ ئەوە پڕۆسەکە ناتەواوە.
موراد قەرەیلان، لەوتارێکدا لەمەڕاسیمی 41ـەمین ساڵیادی 15ـی ئاب (جەژنی ژیانەوە) ئاماژەی بەوەکرد،” پڕۆسەی ئاشتیی بە هەوڵدان و هەنگاونانی تاکلایەنە سەرناکەوێت، گەریلاکانی ئازادیی تەنها بۆ خۆیان نەهاتونەتە چیا ئازادەکانی کوردستان، هەتاکو بناغەی ئاشتیی و خوشک-برایەتیی گەلان دانەنرێت و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، پڕۆسەکە ناتەواوە “.
ئەوەشیخستەڕوو،” هەرکات ئاپۆ ئازاد بکرێت، گەریلا دەست لە چەک هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە، بەڵام هەتا ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بێت، ئەمە هەرگیز ڕوونادات و قەبووڵی ناکەین “.
موراد قەرەیلان وتیشی،” ئەو کۆمسیۆنەی لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە بۆ پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، هەنگاوێکی گرنگەو ئەگەر یاسای باوەڕپێکراو دەربکرێت، ئەوا پەکەکە لە پڕۆسەی بونیادنانی کۆماری تورکیای دیموکراتیکدا ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی بەباشی جێبەجێ دەکات “.
قەندیل پرێس