دوای ئەوەی ئاسایشی سلێمانی 10ی ئەم مانگەی بۆ هەر سێ کۆمەڵەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سلێمانی دیاریکرد کە بارەگاکانیان بگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، ئەمڕۆ گواستنەوەکە دەستیپێکرد.
لە ناوچەکانی زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە لەنزیک سلێمانی، حیزبەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)، کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران چەندین بارەگایان هەیە و نزیکەی دوو ساڵە داوای چۆڵکردنی ئەو بارەگایانەیان لێ دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ کۆمەڵەکان گواستنەوەی ماڵ و بارەگاکانیان لەو ناوچانەی سلێمانی دەستپێکردووە، بڕیارە بچنە کەمپی سوورداش لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی.
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێک لە کۆمەڵەکان، ئەمڕۆ شەممە گوتی، “ئاسایش، هێزی دژەتیرۆر، ناسراو بە هێزە رەشەکەی، لەنزیک بارەگاکانمان جێگیر کردووە. ئێمەش ناچار بووین گواستنەوەی بارەگا و ماڵباتەکانمان دەستپێبکەین.”
ئەو بەرپرسە کە لە زڕگوێزەوە قسەی کرد، گوتیشی، “بەشێکی بارەگا و خانووەکان چۆڵ دەکەین، واتە ئێستا بە تەواوی ئێرە چۆڵ ناکەین، چونکە ئەو شوێنەی دیاری کراوە جێگەی هەموو کۆمەڵەکانی تێدا نابێتەوە.”
گواستنەوەی کۆمەڵەکان لەو ناوچانەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، لەچوارچێوەی رێککەوتنی بەغدا – تارانە کە هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە.
بەگوێرەی رێککەوتنی بەغدا و تاران، دەبێت ئەو بارەگایانە و ماڵباتی پێشمەرگەکان لە سنووری سلێمانییەوە بگوازرێنەوە کەمپی سوورداش لە سنووری قەزای دووکان هەر لە پارێزگای سلێمانی.
پێشتر و لە چوارچێوەی هەمان رێککەوتندا، حیزبەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چۆڵکرد.
پاساوی ئێران بۆ چۆڵکردنی ئەو کەمپ و بارەگایانەی کۆمەڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک سلێمانی ئەوەیە، گوایە سنوورەکە بۆ هێرش دژی ئەو وڵاتە بەکار دەهێنن.
ئەو شوێنانەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر تێیاندا بوون و چۆڵیانکردن لە سنووری قەزای سیدەکان بوون لە پارێزگای هەولێر، بە تایبەتی لە گەرووی زین و بەربزێن. ئێستا هێزی پاسەوانی سنوور تێیدا جێگیر بووە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) سەرەتای ئەم مانگە گوتی: “ئەوەی دەکرێت جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەغدا و تارانە بە ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان و خودی حیزبەکان.”
سەلام عەبدولخالق گوتیشی، “داوای چۆڵکردنی ئەو بارەگایانە لە کاتێکدا کراوە کە 98 خانوو تەواو کراون بۆ ماڵباتی پێشمەرگەکانیان و رادەستیان دەکرێت.”
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
قەندیل پرێس