هەزاران ئاوارەی عەفرینی کە لە ساڵی 2018ـەوە لە ناوچەی شەهبا نیشتەجێ بوون، لەو ناوچەیەدا گیریان خواردووە و رێگەیان گیراوە.
ئاوارەکانی ناوچەکە ڕایانگەیاند، لە پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەوە بە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەوە لە چۆڵەوانیدا گیریان خواردووە؛ “زۆربەمان لە نزیک کارگەی چیمەنتۆ و ناوچەی ئەحداس گیرمان خواردووە.”
بەپێی دیمەنەکان بەهۆی سەرماوە ئاوارەکان تووشی گرفتی زۆر بوون و لە دۆخێکی خراپدا دەژین.
ئاوارەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیاوە گەمارۆ دراون و هیچ رێگەیەک لەبەردەمیاندا نییە، بۆیە ترسێکی گەورە لەنێو کۆچبەراندا بڵاوبووەتەوە.
ئاوارەکان داوا لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەن کە توانای هاوکارییان هەیە، ژیانیان رزگار بکەن و بیانبەنە شوێنی ئارام.
گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا، لە شەهبا کەوتوونەتە نێو ئەو خەڵکەی بەرەو ناوچەکانی دیکە دەڕۆن و پیاوەکان دەستگیر دەکەن.
بەگوتەی عەلی عیسۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی کوردانی ئێزدی (ئیزدینا) لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەی شەهبا، نزیکەی نیو ملیۆن کورد هەن، بە تایبەتیش ئاوارەکانی هەرێمی عەفرین کە دوای شەڕی عەفرین لە شەهبا جێگیربوونەتەوە و ئێستا نازانرێت چارەنووسیان چی لێدێت.
بەپێی هەندێک زانیاری، بە سەرپەرشتیی ئەمریکا، هەسەدە لە گفتوگۆدایە بۆ کشانەوە لەو گەڕەکە کوردییانەی حەلەب.
قەندیل پرێس







