قەندیل پرێس: ڕاپۆرتی تایبەت
لەگەڵ پێشکەوتنی هەنگاوە سیاسی و یاساییەکان بەرەو قۆناغێکی نوێی دیالۆگ و کۆتاییهاتنی تێکۆشانی چەکداری، دیمەنی سیاسی و میدیایی ناوچەکە شاهیدی جووڵەیەکی دوو ئاراستەیە. لە لایەکەوە، دامەزراندنی دەستەی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی چوارچێوە یاساییەکان وەک هەنگاوێکی بەرەوپێشچوون سەیر دەکرێن، و لە لایەکی ترەوە، بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک دەنگۆ و زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆتە مایەی دروستبوونی شەڕێکی دەروونی. ئەم دۆخە مشتوموری بەدوای خۆیدا هێناوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەم ئاراستە نوێیە تا چەند دەتوانێت ئاستەنگەکان تێپەڕێنێت و بنەمای ئاشتیی کۆمەڵایەتی چەسپبکات.
لە میانەی دەستپێکردنی هەنگاوە کردارییەکانی پرۆسەکە و بەستنی یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی بەدواداچوون و دەستنیشانکردن لەسەر بنەمای «یاسای پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی»، عەبدوڵا ئۆ,جەلان: لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەقی پەیامەکەی بەمشێوەیە خستە ڕوو:
بۆ ئاگاداریی ڕای گشتی, بەڕێز سەرۆککۆمار و بەڕێز دەوڵەت باخچەلی ئیرادەی بەهێزی خۆیان نیشان دا. لەسەر بانگەوازییەکەم، تێکۆشانی چەکداری کۆتایی پێهات. پارتە سیاسییەکانیش پشتیوانییەکی مێژووییان دەربڕیی. بەم شێوەیە “یاسای پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی” پەسەند کرا. ئەو دەستەیەی بەپێی ئەم یاسایە دامەزراوە، دوێنێ یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا. ئەمەش نیشانی دەدات کە پرۆسەکە بە هەنگاوی گەورە بەرەو پێش دەچێت.
گەیشتووینەتە قۆناغێکی هەستیار. لەم قۆناغە مێژووییەدا هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن پرۆسەکە تێکبدهن. ئەم هەوڵانەیان پیلانگێڕییە و لە دژی منن. ئەو قسە، ڕوانگە، ناو، بەڵگە و نووسراوانەی لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە و بە منەوە دەبەسترێنەوە، ڕاست نین. ئەم بڵاوکراوانە ڕەفتاری تێکدەرانەی نەیارانی پرۆسەکەن.
من هەوڵەکانی خۆم بۆ بونیادنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یاسای برایەتی بەرەو پێش دەبەم. داوا لە هەموو کەسێک و لایەنێک دەکەم کە بە ڕۆحی برایەتی، بە هۆشیاری و بە هەستیارییەوە نزیک ببنەوە و هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.
سەبارەت بە پەیامەکەی ئۆجەلان و هەنگاوەکانی پرۆسەکە، بەرپرسێکی پێشووی پەکەکە لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس ئاماژەی بەوە دەکات کە: “ئەوەی ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک ناوەندی ڕاگەیاندندا دەبینرێت، درێژەپێدانی پلانڕێژکراوی ئەو شەڕە دەروونییەیە کە لایەنە نەیارەکان و دەزگاکانی هەواڵگری دژی ئیرادەی گەلی کورد و پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەی دەبەن. کاتێک نەخشەڕێگای چارەسەری و برایەتی دەخرێتەڕوو، نەیارانی پێکەوەژیان ناتوانن قەبووڵی بکەن، بۆیە پەنا بۆ تێکدانی ڕای گشتی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو دەبرێن.” ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
لە کۆتاییدا، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە نیشاندەری ئەوەن کە پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکانی ئاشتی جگە لە دەستکەوتە یاساییەکان، ڕووبەڕووی تەحەددیاتی جددی لە ئاستی هۆشیاریی گشتی و بڵاوکردنەوەی زانیاریدا دەبنەوە؛ ئەمەش وا دەکات کە چاودێرانی سیاسی و ڕای گشتی بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکان بکەن و پێویستی بە پاراستنی هاوسەنگی و بەرەنگاربوونەوەی هەواڵە ناڕاستەکان هەیە.
قەندیل پرێس