لە یاریی نێوان ئامەدسپۆر و کۆجاعەلیسپۆر لە هەفتەی 2ی خولی نایابی تورکیا لە شاری کۆجاعەلی، هاندەرانی یانە تورکییەکە سوکایەتییان بە کورد کرد، یارییەکەش بە دۆڕانی ئامەدسپۆر بە 2 گۆڵی بێوەڵام کۆتاییهات.
کیسەی نایلۆنی زەرد لە کولتووری کوردیدا هیچ مانایەکی نییە، بەڵام ئێستا لە تورکیا وەک سیمبولی دژ بە کورد و بزوتنەوەی سیاسی و چەکداریی کورد بەکاردەهێنرێت و ئاماژەشە بۆ چاوسورکردنەوە لە سیاسییە کوردەکان و فشارخستنە سەر حیزبە کوردییەکانی باکووری کوردستان. زۆرترین جاریش وشەی کیسەی زەرد لەلایەن سولەیمان سۆیلو، وەزیری پێشووتری ناوخۆی تورکیا دژی ئەندامانی پە,کەکە بەکاردەهێنرا.
ئامانجی نەتەوەپەرستەکان بیرهێنانەوەی ئەو ئەندامانەی پە,کەکە بوو کە ڕووفاتەکانیان دەکرانە ئەو نایلۆنە زەردانەوە.
لە وەڵامی سوکایەتییەکاندا، هاندەرانی ئامەدسپۆر بە دروشمەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” و “کینە ئەم، کوردین ئەم” وەڵامیان دایەوە.
سەرەڕای پرۆسەی ئاشتی، سوکایەتی و کارە نەتەوەپەرستییەکان دژی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا زیاتر بووە. لە درێژەی ئەو کارە نەتەوەپەرستییانەدا، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا لە پارێزگای زۆنگوڵداک، هێرش کرایە سەر 70 ئەندامی چەند خێزانێکی باکووری کوردستان.
قەندیل پرێس