دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە دیوی سنووری ئێرانەوە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسروور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “کاتژمێر 12:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خۆشبەختانە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.
ھەروەھا جەختیشی کردەوە، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەکەن و ڕایانگەیاند “ئەم دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین و تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە.”
قەندیل پرێس