ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، دوایین پێشنیازی ئێران هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستەوە نەداوە و ترەمپیش مۆڵەتی چەند ڕۆژێکی دیکەی بە تاران داوە بۆ پێشکەوتنی دیپلۆماسی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، شەوی دووشەممە ترەمپ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی باڵای تیمی ئاسایشی نەتەوەی بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان ئەنجام داوە. ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە هات ترەمپ ڕایگەیاندبوو هێرشە بڕیارلێدراوەکانی ڕۆژی سێشەممەی ڕاگرتووە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، مۆڵەتەکە تەنیا “دوو بۆ سێ رۆژە، ڕەنگە تا هەینی یان شەممە، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بێت.”
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن پێداچوونەوەی ترەمپ بە پلانە سەربازییەکان نیشانەی ئەوەیە بە جددی بیر لە دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکاتەوە.
کۆبوونەوەکەی شەوی دووشەممە بە ئامادەبوونی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هیگسێت وەزیری جەنگ، دان کین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و جۆن راتکلیف بەڕێوەبەری CIA و چەند بەرپرسی دیکە بەڕێوەچوو.
قەندیل پرێس