قهندیل پرێس
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی بەرفراواندا ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل لە قووڵایی بیابانی ڕۆژاوای عێراقدا دووەم بنکەی سەربازیی نهێنی بەڕێوەدەبات، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر وۆڵ ستریت جۆرناڵ بوونی بنکەیەکی تری لە ناوچەی نەخێب بڵاوکردبووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، دۆزینەوەی یەکێک لە بنکەکان بەڕێکەوت بووە لەلایەن شوانێکی عێراقییەوە بە ناوی عەوەز ئەلشەمەری، کە دواتر لە هێرشێکی تەمومژاویدا کوژرا. بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل ئەم شوێنانەی بۆ پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەکارهێناوە، بە تایبەت لە جەنگی حوزەیرانی 2025دا، هاوکات ڕەخنە لە بێدەنگی و پشتگوێخستنی ئەمریکا دەگرن بەرامبەر ئەم جووڵانە.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە کە هێزێکی استطلاع-ی عێراقی دوای زانیارییەکانی شوانەکە چوونەتە ناوچەکە، بەڵام ڕووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە و بەهۆیەوە سەربازێک کوژراوە و دووانی تر بریندار بوون. لایەنی ئەمریکی بە سوپای عێراقی ڕاگەیاندووە کە هێزەکە ئەمریکی نییە، ئەمەش بەغدادی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە هێزەکە ئیسرائیلی بووە. پەرلەمانتارانی عێراقیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە لانی کەم دوو پێگەی سەربازیی ئیسرائیلی لە بیابانەکانی ڕۆژاوادا هەبوون، هەرچەندە بنکەکەی نەخێب ئێستا لەکارکەوتووە، بەڵام ئەم ڕووداوە نیگەرانی و تووڕەیی زۆری لەسەر ئاستی سەروەریی عێراق دروستکردووە.
لەلایەکی ترەوە، گێڕانەوە فەرمییەکانی ناوخۆی عێراق جیاوازن؛ یاسر ئیسکەندەر وەتوەت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ڕایگەیاند کە هێزێکی ئیسرائیلی بۆ ماوەیەکی کاتی لەسەر مەیدانێکی کۆنی فڕۆکەی سەردەمی سەدام حوسێن نیشتوونەتەوە بۆ چاودێریکردنی درۆنەکان و دواتر ناوچەکەیان جێهێشتووە، نەک بنکەی هەمیشەیی بێت. هاوكات حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێكەر ڕوونی کردەوە کە ڕووداوەکە تەنها دابەزینێکی ئاسمانی کاتی بووە بۆ هەڵگرتنەوەی شتێک کە لە ئاسمانەوە کەوتبووە خوارەوە، و میدیا بیانییەکان بە مەبەستی دروستکردنی کەلێن لە نێوان سوپا و هاووڵاتیاندا بابەتەکە گەورە دەکەن. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلاش جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا بیابانی نەجەف و کەربەلا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە عێراقییەکاندان و هیچ جۆرە چالاکی یان بنکەیەکی سەربازیی بیانی لێ نییە.
قەندیل پرێس