قەندیل پرێس
کۆشکی سپی وردەکاری کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چینی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە هەردوو وڵات لەسەر چەند پرسێکی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هاوڕان، لە سەروو هەموویانەوە ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی کۆشکی سپی، سەرۆکی هەردوو وڵات جەختیان لە گرنگی کراوەیی تەنگەی هورمز کردووەتەوە بۆ زامنکردنی جوڵەی ئازادی وزە لە جیهاندا. لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی چین ناڕەزایەتی وڵاتەکەی نیشانداوە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ بە سەربازخانەکردنی ئەو تەنگەیە و ڕایگەیاندووە کە پەکین دژی هەر ئاستەنگێکە بکەوێتە بەردەم هاتوچۆی کەشتیوانی نێودەوڵەتی.
لە لایەکی دیکەوە، هەردوو لایەن باسیان لە فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا تێیدا بەشدار بوون، باس لە زیادکردنی وەبەرهێنانی چین لە پیشەسازییەکانی ئەمەریکا و کردنەوەی بازاڕەکانی چین بەڕووی کاڵا ئەمەریکاییەکاندا کراوە.
هەر لەو دیدارەدا، سەرۆک ترامپ داوای لە هاوتا چینییەکەی کردووە هەنگاوی جددی بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەناردەکردنی دەرمانی هۆشبەری فێنتایل بۆ ناو خاکی ئەمەریکا. هاوکات لایەنی چینی ئارەزووی خۆی نیشانداوە بۆ زیادکردنی کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و نەوتی ئەمەریکا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی چین بەو وزەیەی کە لە تەنگەی هورمزەوە دەگوازرێتەوە.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و هەردوو سەرۆک گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی تەواو کە پێویستە ڕێگری بکرێت لەوەی ئێران لە هیچ کاتێکدا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە.
قەندیل پرێس