قەندیل پرێس
فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات هەسەدە لە نوێترین دەركەوتنیدا جەختی لەسەر گرنگی یەكڕیزی لایەنە كوردییەكان كردەوە و رایگەیاند كە پێویستە كورد بە لیستێكی یەكگرتوو بەشداری لە پەرلەمانی سووریادا بكات چونکە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی كورد لە ناوەندە سەربازی و سیاسییەكانی وڵات و دەنگدانەوەی ئەرێنیشی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت.
مەزڵووم عەبدی لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی ڕۆناهی باسی لە وردەكارییەكانی ڕێككەوتنامەی نێوان هەسەدە و دیمەشق كرد كە لە سەرەتای ئەمساڵدا واژۆ كراوە و ئاماژەی بەوە دا كە پاراستنی دەسكەوتە نەتەوەییەكان تەنها بە پشتیوانی گەل و یەكهەڵوێستی لایەنەكان دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە تیشكی خستە سەر كۆنفڕانسی یەكڕیزی كورد كە بڕیارە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەنجام بدرێت و وتی پێویستە لەو كۆنفڕانسەدا كورد لەسەر پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش رێكبكەون بۆ ئەوەی لە سەرجەم كایەكانی حوكمڕانیدا پۆست و پێگەی شایستەیان هەبێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دیمەشق مەزڵووم عەبدی روونیكردەوە كە هەرچەندە لەسەر هەندێك خاڵ ناكۆكی لە نێوانیاندا هەیە بەڵام رێككەوتنامەكەی نێوانیان چەندین دەسكەوتی گرنگی بۆ نەتەوەی كورد لە سووریا دەستەبەر كردووە و بەردەوامبوونی ئەم پڕۆسەیەش پێویستی بە یەكگرتوویی زیاتر هەیە.
قەندیل پرێس