گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، ئامانج لە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق وەستانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانە. گوتیشی، رێککەوتنەکە بە نێوەندگیری ئەمریکا کراوە و گۆڕانکاری لە هێزەکانی رۆژئاوای کوردستان دروست نابێت.
رۆژی 10ـی ئاداری 2025 رێککەوتنێکی هەشت خاڵی لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ، واژۆ کرا.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە رایگەیاند: “رێککەوتنەکە مەبدەئییە، بە نێوندگیریی ئەمریکییەکان پێکهاتووە؛ ئەمریکا لایەنێکی چالاکە لە رێککەوتنەکەدا”.
لەبارەی گۆڕانکاری هێز بە تایبەت لە رۆژئاوای کوردستان، فەرهاد شامی گوتی: “وەکو بڵێن هێز بنێردرێتە حەسەکە، شتی بەو جۆرە نییە و هیچ گۆڕانێک روونادات. پێدەچێت لە هێڵی سنووری ئێمە و تورکیادا ئەوان لە تەنەف خۆیان جێگیر بکەن، ئەویش ئەگەرێکە”.
گوتەبێژی هەدەسە گوتیشی: “بابەتی زیندانییەکان لیژنەکان گفتوگۆی لەسەر دەکەن و هێشتا ناڕوونە حەوت یان هەشت لیژنە دەبن. بۆ نموونە لیژنەیەک کە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە هەیە، دۆسیەکانی لادەبێت، بابڵێین دۆسیەی پەروەردەیە، ئەو قوتابیانەی کوردی دەخوێنن ئەو بابەتانە. یان بڵێین دۆسیەی نەوت یانیش دۆسیەی هەسەدە؛ بابەتەکە درێژە و تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ درێژتر دەبێتەوە”.
لەبارەی دۆسیەی زیندانییەکان کە ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش دەستگیرکراون لە رۆژئاوای کوردستان، فەرهاد شامی دەڵێت: “بابەتی داعش هیچ گۆڕانێکی تێدا نابێت و هەر هەسەدە بەرپرسیاری دۆسیەی داعش دەبێت. وەکو رێککەوتنێکی مەبدەئییە و لیژنە دروست دەبێت؛ [کارەکانیان] چەند درێژ دەبنەوە ئێستا ناڕوونە”.
گوتەبێژی هەسەدە ئامانجی کورد لە رێککەوتنەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت: “ئێستا تورکەکان چەند رۆژێکە هێزی گەورەیان هێناوەتە دەوروبەی قەرەقۆزاق، چەند رۆژێکیشە لە شێخ مەقسود [ناوچەی کوردنشینی حەلەب] کێشەی زۆر دروست بوون، ئامانجی سەرەکیمان وەستانی ئەو شەڕانەیە و گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بۆ شوێنی خۆیان”.
لەسەر گەڕانەوەی هاونیشتمانیانی ئاوارەبووی عەفرین و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، فەرهاد شامی گوتیشی: “بۆ گەڕانەوەی خەڵک هەندێک مەرج هەیە و گفتوگۆ دەکرێت، بەڵام ئەرێنییە و هەموو کەس دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان”.
قەندیل پرێس