سەرکردەیەکی سەربازیی گرووپی دەستەی تەحریری شام بە میدیای بەریتانیای راگەیاندووە، گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن ساڵێک لەمەوبەر پلانی لەسەر کارلابردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریایان داڕشتووە.
ئەبو حەسەن حەمەوی، سەرکردە لە دەستەی تەحریری شام و فەرماندەی پێشووی باڵی سەربازیی گرووپەکە، بە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، دوای لاوازیبوونی دەستەکە لە ئۆپراسیۆنێکی هێزەکانی حکومەت لە ساڵی 2019، ئەو گرووپە چەکدارە، تێگەیشت کێشەی سەرەکی نەبوونی سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو بە هەژموونە لە جەنگەکەدا.
ئەو سەرکردە سەربازییە ئاشکرایکردووە، بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە، دەستەی تەحریری شام، ساڵی رابردوو دەستیکرد بە ئامادەکاریی بۆ ئۆپراسیۆنێکی تۆڵەکردنەوە و ناوی نا (بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی) بۆ لەسەر کارلابردنی ئەسەد.
بە گوێرەی رۆژنامەی گاردیان، گرووپی دەستەی تەحریری شام، هەوڵی یەکخستنی جەنگاوەرە ئۆپۆزسیۆنەکانیدا لە باشووری سووریا، کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا لەژێر دەستی ئەسەددا بووە، بۆ ئەو مەبەستەش ژوورێکی ئۆپراسیۆنی یەکگرتووی پێکهێنا.
ئەو سەرکردەیەی دەستەی تەحریری شام ئاشکرایکردووە، ژووری ئۆپراسیۆنەکان سەرکردەی 25 لایەن و هێزی جیاجیا لە خۆی دەگرت، کە لە توانایاندا بووە لە باشوورەوە هێرش بکەن، لە بەرەی باکووریشەوە دەستەی تەحریری شام پێشڕەوی کرد و رێککەوتن لە دیمەشق یەکبگرنەوە بۆ لەسەر کارلابردنی ئەسەد.
بە گوتەی ئەو سەرکردە سەربازییەی دەستەی تەحریری شام، ئۆپراسیۆنەکە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە دەستپێکرد، لە کاتێکدا بە گوتەی ئەو هێزەکانی ئێران و روسیای هاوپەیمانی سووریا، بەهۆی ململانێی دیکەوە پەرتوبڵاوببوونەوە.
لە کۆتاییدا حەمەوی رایگەیاندووە، جەختدەکەنەوە کەمینەکان بەشێکن لە سووریا و نیشتمانەکەی، مافی خۆیانە رێورەسم و مافەکانی خۆیان پەیڕەو بکەن، وەک هەر هاوڵاتییەکی دیکەی سووریا.
روونیشیکردەوە “رژێم سەرقاڵی نانەوەی دووبەرەکی بووە، بەڵام ئەوان بەپێی توانا هەوڵی نەهێشتی دابەشبوونەکان دەدەن”.
رۆژی 27ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، هێرشی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لە دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەباکوور و باشوورەوە دەستیپێکرد، دوای 12رۆژ لە دەستپێکردنی کۆتاییهێنا بە دەسەڵاتدارێتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا و ناچار بە هەڵاتن هات بۆ دەرەوەی وڵات.
قەندیل پرێس