به‌په‌له

پێنتاگۆن: گەمارۆی دەریایی ئەمریکا ئێرانی لە ٤.٨ ملیار دۆلار داهاتی نەوت بێبەش کردووە

قەندیل پرێس – ڕاپۆرتی هەواڵی

هورمز… لە نێوان گەمارۆی ئەمریکا و سووربوونی ئێران لەسەر دۆسیە ئەتۆمییەکەی.
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە هەڵگیرسانی جەنگ لە ٢٨ی شوبات، و گۆڕانی بۆ شێوازێک لە جەنگی خنکاندنی دوولایەنە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٧ی نیسان، ئێستا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، دەتوانێت ئەنجامێکی سیاسی وەها بەدەستبهێنێت کە هێرشە سەربازییەکان بە تەنیا نەیانتوانی گرەنتی بکەن؟ مەبەست لێی کردنەوەی گەرووی هورمز و شکاندنی پێداگریی ئێرانە لە دۆسیەی ئەتۆمیدا، بەبێ ئەوەی جارێکی تر ناوچەکە بخزێتە ناو جەنگێکی فراوان و درێژخایەن.

خەمڵاندنەکانی پێنتاگۆن کە ماڵپەڕی ئەکسیۆس گواستوویەتییەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە گەمارۆکە تا ئێستا ئێرانی لە نزیکەی ٤.٨ ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت بێبەش کردووە؛ ئەمەش لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی ٣١ نەوتکێش کە نزیکەی ٥٣ ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتووە و لە کەنداو گیریان خواردووە، جگە لە گۆڕینی ڕێڕەوی زیاتر لە ٤٠ کەشتی کە هەوڵیانداوە هێڵەکانی گەمارۆکە ببڕن.

بەڵام ئەم ژمارانە، سەرەڕای گەورەییان، بە تەنیا ڕەنگدانەوەی تەنگژە قووڵەکە نین. ئێران تەنیا داهاتی کاتیی لەدەست نادات، بەڵکو لە ساتێک نزیک دەبێتەوە کە ناچار بێت بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە چونکە هیچ ڕێگەیەک بۆ ساغکردنەوەی نییە، ئەمەش مەترسی زیانی درێژخایەنی بۆ سەر کێڵگە نەوتییە کۆنەکانی هەیە.

لە بەرانبەردا، واشنتۆن هێشتا بژاردەکانی تاوتوێ دەکات: ئایا تەنیا فشاری ئابووری بەسە، یان گەمارۆکە تەنیا دەبێتە پردێک بەرەو پەرەسەندنێکی سەربازی نوێ؟

دکتۆر سەعید قاسمی نەژاد، بەڕێوەبەری پڕۆژەی گەشەپەیدانی ئێران و گەورە ڕاوێژکاری ئابووری ڕەزا پەهلەوی، رایگەیاندووە کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا ئامرازێکی وێرانکەر و بە شێوەیەکی ناوازە کاریگەر بووە بۆ سەر ئابووری.
بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەو، بڕینی دەستڕاگەیشتنی دەریایی بە بەندەرەکانی ئێران تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەکراوی ئێرانی لە ڕۆژێکدا خنکاندووە. ئاماژە بەوەش دەکات کە فشارەکان هەناردەی نەوتی ئێران بەرەو سفر دەبەن، هاوکات لەگەڵ خنکاندنی کەرتی پێترۆکیمیاوی و کەرتە نانەوتییەکان کە مێژووییانە دەرفەتی خۆگونجاندنیان بە ڕژێم دەدا لەگەڵ سزاکاندا.

گرنگی ئەم هەڵسەنگاندنە لەوەدایە کە باسەکە لە ئاستی سزای نەریتییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی کۆنترۆڵکردنی مەیدانیی دەروازە ئابوورییەکانی ئێران. سزاکان هەرچەندە توند بوون، هەمیشە بۆشاییان بۆ تاران دەهێشتەوە تا لە ڕێگەی تۆڕەکانی قاچاخی و کەشتییە نەناسراوەکان و کڕیارە سەرکێشەکانەوە (بە تایبەت لە ئاسیا) دەربازیان بێت. بەڵام گەمارۆی ئێستا -وەک قاسمی نەژاد دەڵێت- ڕێگای دەریاییەکە خۆی دادەخات. هەر بۆیە ئێران دەستی کردووە بە بەکارهێنانی نەوتکێشی کۆن وەک کۆگای سەر ئاو، و هەندێک کەشتیش ڕێگای دوورتر و تێچووی زیاتر بەرەو چین دەگرنە بەر بۆ ئەوەی لە ڕێگرییە دەریاییەکان بەدوور بن.

قاسمی نەژاد هۆشداری دەدات کە قەیرانەکە لە خاڵی وەرچەرخانی مەترسیدار نزیک دەبێتەوە. لە خراپترین سیناریۆدا، ڕەنگە تاران تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران توانای کۆگاکردنی ناوخۆیی نەمێنێت. ئەو کاتە، بەبێ هەبوونی ڕێگەیەک بۆ فرۆشتنی نەوتەکە، ڕژێم ناچار دەبێت بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە یان بەشێکی ڕابگرێت، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر کێڵگە نەوتییە کۆنەکان و کوونە ڕەشە داراییەکە قووڵتر دەکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ فشاری دەریایی، ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی خستە ڕوو کە تێیدا کەمێک لە مەرجەکانی پێشووی شل کردووەتەوە. تاران لە جیاتی ئەوەی داوای هەڵگرتنی گەمارۆکە وەک مەرجی پێشوەختە بکات، ئامادەیی نیشانداوە باس لە مەرجەکانی کردنەوەی گەرووی هورمز بکات هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی گرەنتی لە ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی بەندەرەکان. پاشان پێشنیاز دەکات دواتر بچنە سەر باسی دۆسیەی ئەتۆمی بەرانبەر سووککردنی سزاکان.

بەڵام کەلێنەکە هێشتا زۆر گەورەیە؛ چونکە واشنتۆن دەیەوێت پیتاندنی سووتەمەنی ئەتۆمی ئێران بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ ڕابگیرێت و یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی ٦٠٪ ڕادەست بکرێت. تاران تا ئێستا ڕەتیدەکاتەوە دەستبەرداری کارتی ئەتۆمی ببێت و وەک دوایین کارتی ڕێگری سەیری دەکات.

بۆیە سەیر نەبوو کە ترەمپ وتی ئەمریکا زوو کۆتایی بە ڕووبەڕووبوونەوەکەی لەگەڵ ئێران ناهێنێت، چونکە دواتر دوای سێ ساڵ کێشەکە سەرهەڵدەداتەوە و ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ چارەسەرکردنی.
لەو بارەیەوە قاسمی نەژاد دەڵێت: ئایا ئەم پەکخستنە ستراتیژییە بەسە بۆ ئەوەی تاران لە ماوەی دوو یان سێ هەفتەدا ناچار بکات گەرووی هورمز بکاتەوە و دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت؟ وەڵامەکەی گوماناوی و ڕەشبینانەیە و پێیوایە ڕژێمی ئێران مانەوەی خۆی دەخاتە پێش هەموو سازشێکەوە و کارتی ئەتۆمی بە گەرەنتی مانەوە دەبینێت.

ئەلێکس ڤاتانکا، گەورە توێژەر لە پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاندووە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێستا ناجێگیرە. هەرچەندە جەنگی گشتگیر حەتمی نییە، بەڵام مەترسی پەرەسەندن ڕاستەقینەیە. ئەو گەمارۆی ئەمریکا بە ناوچەی خۆڵەمێشی وەسف دەکات کە ڕەنگە بەهۆی هەڵەی هەژمارکردنەوە جەنگ هەڵگیرسێنێتەوە. ئەم ناوچە خۆڵەمێشییە لە مشتومڕی یاسایی ناوخۆی واشنتۆنیشدا دیارە. ترەمپ بە کۆنگرێسی ڕاگەیاندووە کە کردەوە دوژمنکارییەکان لەگەڵ ئێران لە ٧ی نیسانەوە کۆتایی هاتووە، تاوەکو خۆی لە سنووربەندییەکانی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ بدزێتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا گەمارۆکە بەردەوامە و ترەمپ خۆی وتوویەتی: دەزانن کە ئێمە لە جەنگداین. ئەم دژایەتییە بووەتە هۆی ڕەخنەی دیموکراتەکان و تەنانەت هەندێک لە کۆمارییەکانیش کە داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەکە دەکەن.

لە ناو ئەم کەشەدا، فشارەکان بۆ سەر ترەمپ زیاد دەکەن لەلایەن ئەو بەرەیەی کە پێیان وایە دانوستان کات بەفیڕۆدانە. جەنەڕاڵ جاک کین داوای لە ترەمپ کردووە ڕێڕەوی دیپلۆماسی ڕابگرێت و دەست بکاتەوە بە بۆردومان، چونکە پێیوایە سەرکردایەتی ئێران گوێ بە ئازاری گەلەکەی نادات و تەنیا هێز دەتوانێت هەڵوێستیان بگۆڕێت. بەڵام ئەم بژاردەیە مەترسیدارە؛ لێدانی ژێرخانی وزەی ئێران ڕەنگە تەنگژەکە بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان و نرخی نەوت بەرز بکاتەوە، ئەمەش فشارێکی سیاسی گەورە لە ناوخۆی ئەمریکا پێش هەڵبژاردنەکان دروست دەکات.

کۆتایی دیمەنەکە: گەمارۆی ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە گواستنەوەی فشارەکان لە ئاسمانەوە بۆ دەریا، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەم پرسیارە نەدراوەتەوە: ئایا دەکرێت ڕژێمێک کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە گرەنتی مانەوەی دەزانێت، تەنیا لە ڕێگەی خنکاندنی ئابوورییەوە ناچار بە پاشەکشە بکرێت؟ قاسمی نەژاد پێیوایە شکاندنی ئەم چەقبەستووییە ڕەنگە پێویستی بە کردەوەی سەربازی یەکلاکەرەوەتر بێت لە کەناراوەکانی باشووری ئێران.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

تولای حاتەم: حکومەت بە ترسنۆکییەوە مامەڵە دەکات و پڕۆسەی ئاشتی دوادەخات

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) ڕایگەیاند کە حکومەت سەبارەت بە ئاشتی لە هەڵوێستێکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *