سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمریکا پشتیوانییەکی زۆرى هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەکات و دەشڵێت” بانگێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاى بۆ هەرێمى کوردستان کردووە”.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی باش و بەسوودى لەگەڵ روبیۆ کردووە.
راشیگەیاند، پشتیوانییەکی زۆر لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان و ئەو گرێبەستانەی کە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەرێمى کوردستان و عێراق دەبێت، هەیە.
مەسرور بارزانی، باسى لەوەشکرد، بانگێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاى بۆ سەردانى هەرێمى کوردستان کردووە.
لەبارەى راگەیەندراوەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق لەسەر گرێبەستەکانى گاز لەگەڵ دوو کۆمپانیاى ئەمریکى، مەسرور بارزانى گوتى”ئەو هەوڵ و کۆششەی ئەوان کردوویانە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە.”
هاوکات ئاژانسى ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردووەتەوە، روبیۆ و مەسرور بارزانى رێککەوتن لەسەر ئەوەی دەستبەجێ بۆریی عێراق-تورکیا بکرێتەوە، بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکانی رابردووی ئەمریکا و راکێشانی وەبەرهێنانی داهاتوو زۆر گرنگە، کە مەبەست لە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە.
مەسرور بارزانى لەگەڵ شاندێکى وەزاریی لە ئەمریکایە و پێشتریش چەند کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکى ئەنجامداوە و 19ـى ئەم مانگەش دوو گرێبەستى لەگەڵ کۆمپانیاکانى وێسترن زاگرۆس و ئێچ کەى ئێن ئینێرجى بە بەهاى 110 ملیار دۆلار لە سێ کێڵگەى گازیی هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە.
قەندیل پرێس