قەیرانی دەسەڵات و ململانێی پشکەکان؛ هەرێمی کوردستان بەرەو دووئیدارەیی فەرمی هەنگاو دەنێت

قەندیل پرێس: ڕاپۆرتی شیکاری

تۆڕی عێراقی بۆ ڕۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری (نیریج) لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بڵاویکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بە شێوەیەکی نیمچە فەرمی بەرەو دۆخی دوو ئیدارەیی جیاواز دەخلیسکێت، ئەمەش لە سایەی بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی، پەککەوتنی پەرلەمان و نەبوونی دامەزراوە یەکگرتووەکاندا دێت، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەی بۆ بەرژەوەندیی هیچکام لە ڕکابەرەکان بەدەستەوە نەدا. لەم چوارچێوەیەدا، چاودێران و شیکەرەوانی دۆخەکە پێیان وایە کە بەردەوامیی ئەم بۆشاییە دەستووری و یاساییە ژینگەیەکی لەباری بۆ پەکخستنی تەواوەتیی دامەزراوە نیشتمانییەکان دروستکردووە و دەرگای بۆ قووڵبوونەوەی زیاتری ململانێ حزبییەکان کردووەتەوە.

​حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە ساڵی ٢٠٢٣وە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی دەستووریی خۆی وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر بەردەوامە لە کارەکانی، ئەمەش لە ئەنجامی شکستهێنانی ئەو پارتە کوردییانەی لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کورسییان بەدەستهێنا لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، بەتایبەتی هەردوو پارتی سەرەکی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. بەڵام ئەو حکومەتەی کە هەردوو پارتی سەرەکی و لە پاڵیاندا چەند پارتێکی بچووک تێیدا بەشدارن و بەهۆی کۆنترۆڵکردنی زۆربەی پۆستە باڵاکان تێیدا لەلایەن پارتی دیموکراتەوە سەرکردایەتی دەکرێت، چیتر بە بڕیارەکانی فەرمانڕەوایی هەموو ناوچەکانی هەرێم ناکات، لە ژێر تیشکی توندبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی، لەناوچوونی دامەزراوە کۆکەرەوەکان، و پەککەوتنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ڕاوەستانی لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسادانان و چاودێرییەکانی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.

لەگەڵ ئەم پێدراوانەدا و لە ئەنجامی دابەشبوونی گەورەی ناوخۆیی سیاسی و ئیداری، هەروەها بەهۆی بوونی دوو ناوچەی نفوزی حزبی، هەرێم بە شێوەیەکی کرداری کەوتووەتە ژێر سیستەمی ئیدارەی دووانەوە، بە جۆرێک ئیدارەی پارتی دیموکرات لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک چڕبووەتەوە، لە کاتێکدا یەکێتیی نیشتمانی ئیدارەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەی گرتووەتە دەست. ڕاپۆرتەکەی تۆڕی عێراقی بۆ ڕۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری (نیریج) ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ نەبوونی چەندین دامەزراوەی شەرعی و نەبوونی ڕێککەوتن لەسەر زۆرێک لە بڕیارە ئیدارییەکان، لەسەر ئەرزی واقیع نیمچە دوو حکومەت بە فەرمانگەی دارایی سەربەخۆ و دەزگای ئەمنیی جیاوازەوە سەریانهەڵداوە.

دۆخی چەقبەستوویی سیاسیی نێوان هەردوو پارتە سەرەکییە کوردییەکە دوای شکستهێنانی زنجیرەیەک دانوستان و گفتوگۆ دێت کە بۆ زیاتر لە ٣٠ خول درێژەی کێشا، کە تێیدا هەردوولا پێداگرییان لەسەر هەڵوێستی خۆیان کرد بۆ بەدەستهێنانی پشکێکی دیاریکراو لە پۆستە سیادی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمدا. لە کاتێکدا پارتی دیموکرات سوورە لەسەر هێشتنەوەی هەردوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران، جگە لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و سامانە سروشتییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و چەند پێگەیەکی گرنگی دیکە، لە بەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانی داوای سەرۆکایەتیی هەرێم یان سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەکات شانبەشانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەکانی تر، و ئامادەیی خۆیشی دەربڕیوە بۆ دەستبەرداربوون لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

لەگەڵ پاشەکشەی بایەخپێدان و پاڵپشتیی ڕۆژئاوا، و دەستپێنەکردنی ناوبژیوانی بۆ لێکنزیککردنەوەی هەردوو لایەنی ناکۆک وەک ئەوەی لە ڕابردوودا ڕووی دەدا، هەروەها بێکاریگەریی ناوبژیوانییە ناوخۆییەکان کە لەلایەن هێزە بچووکەکانەوە دەکران، هەرێمی کوردستان کەوتە ناو دۆخێکی ئیفلیجیی تەواوەتیی سیاسی و دەستەوەستانیی دارایی و ئابوورییەوە، لە بەرامبەریشدا هەر لایەنێک تەنها بەوەوە وەستایەوە کە لایەنەکەی تر بە بەرپرسیاری هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی لەسەر هەرێم و گەلەکەی بزانێت. دوایین هەوڵەکانی لێکنزیککردنەوەی نێوان هەردوو پارتەکەش کە لە مانگەکانی تەممووز و ئابی ڕابردوودا بەڕێوەچوون و لەلایەن سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکران شکستیانهێنا، کە ناوبراو هەوڵی دەدا لە ڕێگەی سازشی دوولایەنە لە مەرجە ڕاگەیەندراوەکان دەستکەوتێک لە گفتوگۆکاندا بەدەستبهێنێت بە شێوەیەک کە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەت.

​بارودۆخی سیاسی لە هەرێم ئاڵۆزتر بوو دوای پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسی لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، کە خاوەنی ٣٨ کورسین لە کۆی ١٠٠ کورسیی پەرلەمانی کوردستان، تا ببنە ئاڵنگاری بەرامبەر پارتی دیموکراتی کوردستان کە ٣٩ کورسی هەیە، و پڕۆژەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە زۆربەی جومگەکانی کۆنترۆڵ بکات پەکبخەن، بەتایبەت کە هێزە سیاسییەکانی دیکە بە ٢٣ کورسییەوە ڕەتیدەکەنەوە بچنە پاڵ هیچکام لەو دوو بەرەیە. یەکێتیی نیشتمانی لەگەڵ نەوەی نوێ پێداگری دەکەن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بەتایبەت پۆستە باڵاکان بە شێوەی پەنجا بە پەنجا لەگەڵ پارتی دیموکرات، کە ئەمەش داواکارییەکە پارتی بە تەواوی ڕەتیدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە شایستەی هەڵبژاردن هەردوو سەرۆکایەتیی حکومەت و هەرێمی پێکەوە پێدەبەخشێت.

وەک لە بەدواداچوونەکانی تۆڕی عێراقی بۆ ڕۆژنامەوانیی بنکۆڵکاری (نیریج)دا هاتووە، لە پێشهاتێکی نوێدا کە ڕەنگدانەوەی شکستهێنانی دوایین ناوبژیوانییەکانی چارەسەرە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە بەرەی یەکێتیی نیشتمانی و نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە کە هەردوولا بڕیاریانداوە هەوڵە تاکلایەنەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان چڕتر بکەنەوە بەدوور لە بڕیارەکانی ڕکابەرەکەیان کە پارتی دیموکراتە. بەپێی سەرچاوەکە، یەکێتیی نیشتمانی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە نوێنەرایەتیی بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانی ڕێککەوتوون لەسەر بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی لەژێر نفوزی یەکێتیدان وەک سلێمانی و هەڵەبجە و قەزا و ناحیەکانی سەر بەوان بەبێ گەڕانەوە بۆ هەولێر، هەروەها دەستپێکردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانە پەککەوتووەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە پشتپێبەستن بە داهاتە ناوخۆییە مانگانەکانی ئەو ناوچانە، لە پاڵ پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوانیان لە بەغدا. هاوکات یەکێتی بە هەماهەنگی لەگەڵ نەوەی نوێ بڕیاریداوە بە ڕادەیەک لە سەربەخۆیی سیاسی، ئەمنی و دارایی لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە کار بکات و باز بەسەر حکومەتی ئێستای هەرێمدا بدات، ئەمەش دوای شکستهێنان لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی، بەجۆرێک ئەم ڕێکخستنە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەڵبژاردنێکی نوێی پەرلەمان لە کوردستان ئەنجام دەدرێت، مەگەر یەکێتی و پارتی ناکۆکییەکانیان یەکلایی بکەنەوە و لەسەر کارکردنی پێکەوەیی ڕێکبکەون.

​لە نێوان ئەم هەڵوێستە نوێیانەدا و لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانی سیاسی و ئیداری و لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر واقیعی ئابووری و خزمەتگوزاری، هاووڵاتییان باجەکەی دەدەن، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی، زیادبوونی تێچووی کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، لە پاڵ کەمبوونەوەی دەرفەتی کار بەهۆی دابەزینی جووڵەی بازاڕ و بازرگانی و بەرزبوونەوەی باج و رسوومات. لەم ڕوانگەیەوە، چاودێران و شیکەرەوانی دۆخەکە پێیان وایە کە مانەوەی کوردستان وەک دەستبەسەری گێژاوی قەیرانە سیاسی، ئیداری، ئابووری و داراییەکان، دووئیدارەیی دەچەسپێنێت، کە ئەمەش پرۆسەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە تێپەڕبوونی کات قورستر دەکات، هەروەها هەڕەشەیە لەسەر پاشەکشەی پێگەی کورد لە بەغدا تا دەگاتە لاوازکردنی قەوارەی کوردی کە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە دامەزراوە و هەڕەشەکردن لە دەستکەوتەکانی.

​هەر لەم بارەیەوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس سامان نووح لە شیکارییەکەیدا بۆ تۆڕەکە دەڵێت کە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێم قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکو دەرەنجامی کەڵەکەبوونی پێکهاتەیی و ململانێیەکی قووڵی حزبییە لەسەر بەرژەوەندییە تایبەتەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەدوور لە بەرژەوەندیی گشتی، لە سایەی بێبەشکردنی دامەزراوەکان، چوارچێوەدارکردنی ڕێڕەوی دیموکراسی، شکستهێنان لە پەسەندکردنی دەستوورێک بۆ هەرێم، پەکخستنی پەرلەمان و لاوازکردنی ڕۆڵەکەی لە ڕێگەی کاندیدکردنی کەسایەتیی حزبیی پلە سێ کە خاوەنی ئەزموون و لێهاتوویی سەرکردایەتیکردن نین. ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە قەیرانەکە لە سیاسەتەوە بۆ ئیدارە و پاشان بۆ ئابووری پەل دەهاوێژێت بەهۆی بەردەوامیی دابەشبوونی ئیداری و ئەمنیی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار، کە تێیدا فەرمانگەکان، سەرچاوەکان و دەروازەکان بە لۆژیکێکی تەواو حزبی بەڕێوەدەبرێن و دوو ئیدارەی کرداریی بێ دیدگایەکی سیاسیی یەکگرتوو یان پێکهاتەیەکی سەرکردایەتیی ڕوونیان دروستکردووە. هەروەها ڕوونی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ خاوەنی ئیدارەیەکی یەکگرتوو نییە بە دیدگایەکی گشتی کە خزمەتی هاووڵاتیی کوردستانی بکات لە هەر کوێیەک بێت، و بەهۆی نەبوونی مەرجەعێکی دەستووریی ڕێکخەرەوە بێبەشە لە مۆدێلێکی سیاسی و ئیداریی ڕوون، ئەمەش دۆخی پشێوی دەچەسپێنێت، بەتایبەت لە سایەی پاشەکشەی ڕۆڵی کۆمەڵی مەدەنی و میدیای سەربەخۆ لە بەرامبەر سەرهەڵدانی میدیای حزبیی ئاراستەکراودا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا گەییشتە کۆبانێ

بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی و بەدواداچوون بۆ ڕووداوە خوێناوییەکەی ناو زیندان، مەزڵوم عەبدی گەیشتووەتە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *