قەندیل پرێس، سوریا
حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەتەلەفزیۆنى فەرمى سوریاى ڕاگەیاند: ئیستا سوتیا لە قۆناغى ڕاگوزەردایە، لەمەو بەدوا ئەبو محەمەد جۆلانی (ئەحمەد شەرع) کاروباری سەرۆکایەتی کۆماری عەرەبی سوریا جێبەجێ دەکات و نوێنەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی سوریا لەگەڵ جیهان دەکات.
وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا کارکردنی بە دەستووری ساڵی 2012ـی سووریا راگرت وتى: دەسەڵات درایە ئەحمەد شەرع پەرلەمانێکی کاتی پێکبهێنێت.
وتەبێژی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، راشیگەیاند: گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی دەوڵەت رێکدەخرێن، و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی پێشوی بەعس لە سوریا، هەروەها دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) خۆی هەڵوەشاندەوە و حیزبی بەعس هەڵوەشێندرایەوە، بڕیاردرا بە پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نوێی ئەمنی بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان لە سوریا.
پێشتر قەندیل پرێس لە زاری ئاژانسی هەواڵی فەرەنسیی بڵاویکردبوو کە، هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) پێشنیازێکی سەرۆکی ئیدارەی نوێی سوریا ڕەتدهكاتهوه کە ئامانج لێی یەکلاییکردنەوەو کۆتاییهێنانە بەکێشەکانی نێوانیانو چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئەویش لەڕێگهی کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتو تێکەڵکردنی هێزەکانی کورد لەگەڵ سوپای نوێی سوریا، لەبەرامبەر پێدانی چەند مافێک بەکورد لەو وڵاتەدا کە بریتیە لەداننان بەمافە کولتوریەکانی کوردو دانپێدانانی بەشێوەیەکی فەرمیی لەدەستوری نوێی ئەو وڵاتە لەکاتی نوسینەوەیدا، بەمەرجێک هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتە فەرمییەکان بکەن، ئەمە جگە لەتێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لەسوپای سوریا بەشێوەیەکی یاساییو فەرمی.
بەگوێرەی ئاژانسە فەڕەنسییەکە، هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانی پەیوەست بەهەڕەشەکانی تورکیا، کە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان دژ بەڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەو دەستپێشخەرییەی ڕەتکردوهتەوە و داکۆکی لە لەپاراستنی بونی سەربازی سەربەخۆی خۆی هەسەدە لەچوارچێوەی هەیکەلی هێزە چەکدارەکانی داهاتوی سوریادا، هەروەک مانەوەیان لەو ناوچانەی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستانو باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە تێیدا جێگیربون، بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا.
قەندیل پرێس