قەندیل پرێس – کۆبانێ
لە کاتێکدا ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێشتا لە کەشوهەوای جەژنی نەورۆزدا بوون، گوندەواری کۆبانێ و بەتایبەتی شارۆچکەی “جەلەبیێ” کەوتووەتە ناو لێواری گرژییەکی سەربازیی مەترسیدار. جووڵەی نائاسایی هێزە چەکدارەکان و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆیی و نەتەوەیی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.
ڕەگی کێشەکان و مێژووی سەرهەڵدان
ململانێی نێوان پێکهاتەکان لەم ناوچەیەدا بۆ ساڵانی دوای ٢٠١١ دەگەڕێتەوە، کاتێک دەستوەردانی دەرەکی و هاتنی گروپە توندڕەوەکان، هەوڵی تێکدانی پێکهاتەی دیمۆگرافی و دروستکردنی دووبەرەکییان لە نێوان کورد و عەرەب دا. پاش ئازادکردنی ناوچەکە، هەرچەندە پێکەوەژیانێکی ڕێژەیی هەبوو، بەڵام هەندێک لایەن بەردەوام کار لەسەر زیندووکردنەوەی ململانێ عەشایەرییەکان دەکەن بۆ لاوازکردنی پێگەی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچەکەدا.
دەنگی شەقام: “دەمانەوێت پێکەوە بژین”
قەندیل پرێس لە نزیکەوە گوێی بۆ نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی ناوچەکە گرتووە:
محەمەد عەبدوڵا (هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی گوندەواری کۆبانێ): “ئێمە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ برا عەرەبەکانمان لەم گوندانە پێکەوە دەژین، بەڵام دەستێکی ڕەش دەیەوێت بەناوی عەشیرەتگەرییەوە ئاژاوە بنێتەوە. تێکدانی هێما نیشتمانییەکان تەنها بۆ ئەوە بوو کە بمانکێشنە ناو شەڕێکی بێهودە.”
ئەبو ئەحمەد (پیاوێکی عەشایەری عەرەب لە ناوچەی جەلەبیێ): “دۆخەکە زۆر هەستیارە. جووڵە سەربازییەکان لە دەوروبەری گوندەکانمان هەڕەشەیە بۆ سەر هەمووان. ئێمە وەک عەشیرەتە عەرەبەکان داوا لە لایەنە ئەمنییەکان دەکەین ڕێگری لەو گروپانە بکەن کە دەیانەوێت فیتنە بچێنن.”
کاتی سەرهەڵدان و “شەڕی ئاڵاکان”
بەپێی زانیارییەکانی قەندیل پرێس، پڵیتەی ئەم گرژییانە لە ئێوارەی ٢١ی ئازار (ڕۆژی نەورۆز) کێشرا. سەرەتا گرژییەکان لە ناوەندی شارۆچکەی جەلەبیێ و گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ دەستی پێکرد، کاتێک چەند کەسێک ئاڵای کوردستان و هێمای نەتەوەیی کوردیان داگرت و سوتاندیان.
لە کاردانەوەی ئەم کارەدا و وەک پەرچەکردارێک، ژمارەیەک گەنجی کوردیش لە ناوچەکەدا دەستیان کرد بە داگرتن و سوتاندنی ئاڵای دەوڵەتی سووریا، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد و بووە هۆی ئەوەی هەستی نەتەوەیی لای هەردوولا بگاتە لوتکە. ئەم “شەڕی ئاڵایانە” بووە هۆی دروستبوونی پێکدادانی دەمەقاڵێ و جووڵەی سەربازی چەکدارەکان لە ناوچە عەرەبنشینەکانی هاوسنووری کۆبانێ.
هاوکات لیژنەی ئامادەکاری نەورۆزی کۆبانێ ڕایگەیاندووە کە سووتانی هەر جۆرە ئاڵا و هێمایەک لەم کاتەدا، تەنها خزمەت بە پلانە دارێژراوەکان دەکات بۆ گۆڕینی جەژن بۆ “ئاگری فیتنە”. لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان لەو شوێنانەی ئاڵاکانی تێدا سووتێنراوە بڵاوەیان پێکراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە تەقینەوەی گەورەتری نێوان عەشیرەتە عەرەبەکان و کورد.
قەندیل پرێس