قەندیل پرێس – ڕاپۆرتی هەواڵی
بەهۆی ناسەقامگیریی بارودۆخی ناوچەکە و ئەو گرژییە سەربازییانەی لە نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکادا هەن، باشوری کوردستان بڕیاری داوە شێوازی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز بگۆڕێت و بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، گردبوونەوە جەماوەرییەکان قەدەغە بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان: “چاڵاکی نەورۆز لە پایتەختی نەورۆز کە ئاکرێ یە ئەنجامنادرێت، ئەمەش بە هۆکاری ئەمنی یە کە سەلامەتی هاووڵاتییان لە پێشینەیە”.
لەم بارەیەوە، حەسەن فەتاح وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری لە دهۆک، بە قەندیل پرێسی ڕاگەیاند: “لەبەر بارودۆخی ئێستا و بۆ پابەندبوون بە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ کە کۆبوونەوەی تێدا قەدەغە کراوە، ئەمساڵ هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی جەماوەری بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بەڕێوە ناچێت.” ناوبراو لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە کە هاووڵاتییان دەتوانن لە ماڵەکانیاندا ئەم یادە بکەنەوە و وتی: “هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆی یان لەسەر بانەکەی ئاگرێکی بچووکی نەورۆز بکاتەوە.”
مەترسییە ئەمنییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکەدا، مەترسیی ئەمنی لەسەر شوێنە گشتییەکان و گردبوونەوە گەورەکان هەیە. بۆیە حکومەت بڕیاری داوە ڕێگری لە هەر گردبوونەوەیەک بکات کە ببێتە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر هاووڵاتییان لەم کاتە هەستیارەدا.
هاووڵاتییان بۆ قەندیل پرێس: بە هۆشیارییەوە پێشوازی لە نەورۆز دەکەین
گەنجێک بە ناوی ئاراس ئەحمەد، لە لێدوانێکدا بۆ قەندیل پرێس وتی: “خۆشی نەورۆز بە بێ سەلامەتی و تەندروستی گشتی تاموچێژی نییە. ئێمە وەک گەنجان ئاگاداری بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و مەترسیی شەڕین، بۆیە ئەمساڵ بە هۆشیارییەوە لە ماڵەکانماندا دەبین و لەسەر بانەکانمان ئاگر دەکەینەوە، بۆ ئەوەی هەم یادەکە بکەین و هەمیش خۆمان و کەسوکارمان بپارێزین.”
حاجی ڕەمەزان پێشمەرگەیەکی دێرین و بەتەمەنە بۆ قەندیل پرێس وتی: هیچ ڕێگرییەک ئاگری نەورۆز ناکوژێنێتەوە
لە لایەکی ترەوە، حاجی ڕەمەزان کە تەمەنی نزیکی 70 ساڵە، بۆ قەندیل پرێس باس لە مێژووی ئەم یادە دەکات و دەڵێت: “لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا کە ڕێگرییان دەکرد، ئێمە هەر ئاگرمان دەکردەوە؛ ئەگەر لە دەرەوە نەبووایە لەناو حەوشە و لەسەر بانەکان دەمانکرد.” حەسەن فەتاح، وتەبێژی ڕۆشنبیری دهۆکیش هاوڕای ئەم گوتەیەیە و دەڵێت: “لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا خەڵک هەر ئاگری نەورۆزیان دەکردەوە و ئەم یادەیان بە زیندوویی ڕادەگرت.”
حاجی ڕەمەزان دوپاتی دەکاتەوە: “ئەمساڵیش کە بۆ سەلامەتی خۆمان و لەبەر مەترسییەکانی شەڕە، هەر لەسەر بانەکان ئاگر دەکەینەوە، چونکە نەورۆز ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەیە و هەرگیز ناکوژێتەوە.”
قەندیل پرێس زانیویەتی چالاکی جەماوەری ڕێورەسمی جەژنی نەورۆز لە سلێمانی ئەنجام دەدرێت و هەروەها لە بناری چیای قەندیل بەسەرپەرشتی گروپە مەدەنیەکانی نێزیک لە پە,کە,کە ڕێورەسمی جەژنی نەورۆز بە گەرمی بەڕێوەدەچێت و خەڵکێکی زۆر بەشدار دەبن.
قەندیل پرێس