به‌په‌له

قەندیل پرێس هاوپەیمانیە شاراوەکانی هەڵبژاردنی ئێراق ئاشکەرا دەکات “پەکەکە دەنگ بە لیستی یەکێتی دەدات”

قەندیل پرێس – دۆسیەی تایبەت

قەندیل پرێس لە بەدواداچوونێکدا ئاشکەرا دەکات لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقدا چەندین هاوپەیمانی راستەوخۆ و شاراوە دروست بوونە، کە دیارترینیان رێککەوتنی “پەکەکە و یەکێتی” و “گۆڕان و هەڵوێست” و “بزوتنەوەی ئیسلامی و پارتی”یە.

پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” رێنمایی لایەنگرانی کردووە دەنگ بە لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەن.

قەندیل پرێس زانیویەتی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” لایەنگرانی راسپاردووە لە هەموو شار و شاروچکەکان دەنگ بە لیستەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەن، تەنانەت لە شنگال و پارێزگای نەینەواش لایەنگرانی ڕاسپاردووە دەنگ بە لیستی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا بدەن کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرپەشتی دەکات.

سەرچاوەیەکی باڵا لە هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) سەر پەکەکە بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ بەپێ رێنمایی سەروی خۆمان لایەنگرەکانمان ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا، دەنگ بە کاندیدەکانی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا بدەن کە لە یەکێتی نیشتمانی و ژمارەیەک کەسایەتی کورد، عەرەبی و مەسیحی پێکدێت.

پارێزگای نەینەوا خاوەنی 34 کورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، کە 3 لەو کورسییانە کۆتایە و بۆ : ئێزدی، مەسیحی و شەبەک.

یەکێتی لە دهۆک و پارتی لە کەرکوک دەنگ بە کاندیدە مەسیحیەکانی سەر بەخۆیان دەدەن.

یەکێتی و پارتی بە کاندیدکردنی کادرە مەسیحەکانی خۆیان بە ناوی سەربەخۆ دەیانەوێت کۆرسی کۆتاکان مسۆگەر بکەن، یەکێتی لە پارێزگای دهۆک بڕیاری داوە دەنگ بەکاندیدی سەربەخۆی مەسیحی بدات تا دەنگەکانی یەکێتی لەو پارێزگایە نەسوتێت، هەروەها پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە کەرکوک دەنگ بە کاندیدی مەسیحی دەدات.

بڕیار بوو دوای سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ موسڵ سەردانی دهۆک و خانەقین بکات و کەمپەین و کۆبونەوەی جەماوەری بۆ لیستی یەکێتی ساز بدرێت بەڵام بافڵ تاڵەبانی سەردانەکەی هەڵوەشاندەوەو دهۆک بووە تاکە پارێزگای هەرێم سەرۆکی یەکێتی کەمپەینی تێدا نەکات و دوای موسڵ چووە خانەقین و هۆکاری هەڵوەشانەوەکە بێهیوابوونی یەکێتی بووە لە زیاد کردنی دەنگەکانیان بۆ 40 هەزار دەنگ تا کورسیەک بەدەست بهێنن.

حەمە سۆر دووشوانی ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی دهۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ “ئەو پرۆپاگەندەو هێرشە میدیاییەی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەکاتە سەرمان هەمووی بێ بنەمایە، راستە کاندیدی مەسیحی سەر بە لیستی یەکێتی‌ نیە بەڵام کادری خۆمانە، هاوشێوەی ئێمە پارتیش کاندیدی خۆی بۆ کۆتاکانی مەسیحیەکان هەیە و هێزە ئەمنیەکانی خۆیان راسپاردووە دەنگی پێ بدەن، بەڵام ئەمە دەشارنەوە و دەیانەوێت بە چەواشەکاری و قسەی ناراست خەڵک هەڵخەلەتێنن“.

یەکێتی بڕیاری داوە دەنگ بەکاندیدی کۆتای کریستیان بدرێت لەبری دەنگدان بە لیستی یەکێتی لەبەرامبەردا ئیمان عەبدولڕەزاق سەرۆکی لیستی یەکێتی لەدهۆک ڕووبەڕووی بڕیاری حزبەکەی وەستایەوە بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ “من بەردەوام دەبم لە بانگەشە و سەرخستنی لیستی یەکێتی و دژی دەنگدانم بەکاندیدی کۆتا”.

پارتی لە کەرکوک دەنگ بە کاندیدی مەسیحەکان دەدات

پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە کەرکوک هاوشێوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە دهۆک، کادرێکی خۆیان بە ناوی سەربەخۆ لە کوتاکان کاندیدکردووە بە ناوی (عیماد یوخنا یاقو) و دەیانەوێت بە راسپاردنی هێزە ئەمنیەکانی لە دەنگدانی تایبەتدا کۆرسی کۆتای مەسیحیەکان لە کەرکوک بەدەست بێنن.

بزوتنەوەی ئیسلامی دەنگ بە لیستەکی پارتی دەدات

بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان کە سێیەم هێزی ئیسلامی هەرێمی کوردستانە لەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراقدا لیستی نەبوو سەرباری لە بەیاننامەیەکدا بایکۆتی پرۆسەکەی راگەیاند، بەڵام بەپێ زانیاریەکانی قەندیل پرێس سەرکردایەتی بزوتنەوەکە لە رێگای رێکخستنەکانی راسپاردووە دەنگ بە لیستی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بدەن، ئەمەش لەبەرامبەر پێدانی سێ پۆستی باڵا لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

گۆڕانی “گردەکە” دەنگ بە لیستی هەڵوێست دەدات و رێکەوتوون لە ئاییندەدا پرۆژەی هاوبەشیان هەبێت.

بزوتنەوەی گۆڕان “ئاراستەی مەکۆی کوردسات” لایەنگرانی راسپاردووە بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، لە کاتێکدا بزوتنەوەی گۆڕان “ئاراستەی گردی زەرگەتە” لایەنگرانیان راسپاردووە کە دەنگ بە لیستی هەڵوێستی عەلی حەمە ساڵح بدەن.

حسێن گولی ئەندامی جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە قەندیل پرێسی راگەیاند؛ بەپێ بڕیاری رێکخەری بزوتنەوەی گۆران و هەردوو جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران بۆ ئەم هەڵبژرادنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق گۆران هیچ لیستێکی نیە، و لایەنگرانی راسپاردووە بایکۆتی هەڵبژرادن بکەن“.

هاوکات لە بەدواداچوونێکی قەندیل پرێس دا؛ ئەوە ئاشکەرا بووە بزوتنەوەی گۆڕان “ئاراستەی گردی زەرگەتە” کە خودی چیا نەوشیروان مستەفا وەک کەسی یەکەمی دەردەکەوێت رێنەمایی میدیاکەی کردووە پشتگیری لیستی ڕەوتی هەڵوێستی عەلی حەمە ساڵح بکەن، و ئەندام جڤاتەکانی سەر بە گردی زەرگەتە پەیوەندییان بە ژمارەیەک کەسایەتی بزوتنەوەکە کردووە و داوای لێکردوون کە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ بە لیستی هەڵوێست بدەن، بەبێ ئەوەی دیاری بکرێت دەنگ بە چ کاندیدێکی دیاریکراوە دەدەن لەناو لیستەکەدا، هاوکات لەسەر ئەوە رێکەوتوونە لیستی هەڵوێست لە ئاییندەدا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەی هاوبەشیان هەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە “بزوتنەوەی گۆڕان ئاراستەی کوردسات” لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن و بەشداریی لە دەنگدان ناکەن.

ئەمرۆ 9ـی تشرینی دووەمی 2025 پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنیەکان بۆ هەڵبژرادنی خوڵی حەوتەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێراق بەڕێوەدەچێت، کە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 313 هەزار دەنگدەر، کە دابەشبوون بەسەر 809 بنکەی دەنگدان و 4 هەزار و 501 وێستگەی دەنگدان. ئەم ژمارەیە پێکهاتووە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان (سوپا، پۆلیس، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و هێزەکانی ناوخۆ)، ئاوارەکان، زیندانیان، و نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکان.

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021دا، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت نزیکەی 1.2 ملیۆن کەس بووە و ڕێژەی بەشدارییان 68% بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی 2018دا، ڕێژەی بەشداری 78% بووە، بەڵام ژمارەی دەنگدەران کەمتر بووە (نزیکەی 940 هەزار کەس). ئەمە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە، بەتایبەتی دوای یەکخستنی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکاندا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

بۆردوومانی باکووری شێخ مەقسوود کرا و دوو کەس برینداربوون

گرووپە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی کاتی سووریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچەی شەقیق لە باکووری شێخ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *